شاندی ئه‌مه‌ریكا: پێویسته‌ مه‌سه‌ده‌ به‌شدار بێت له‌ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری نوێ

ده‌ركه‌وت كه‌ هاوپه‌یمانان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی ڕۆژاڤا و ئه‌نجومه‌نی سووریای دیموكراتیك (مه‌سه‌ده‌) به‌شداری بكه‌ن له‌ دیداره‌كانی جنێڤ ده‌رباره‌ی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری نوێ بۆ سووریا.

شاندێكی باڵای ئه‌مه‌ریكا به‌ سه‌رۆكایه‌تی جه‌یمس جیفری به‌ مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌رباره‌ی بارودۆخ و ئارامیی ناوچه‌كه‌، هه‌روه‌ها گفتوگۆكردن ده‌رباره‌ی شێوازی به‌شداربوونی فیدراسیۆنی باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا و مه‌سه‌ده‌ له‌ گفتوگۆكانی جنێڤ بۆ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری نوێی سووریا، سه‌ردانی ناوچه‌كانی باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریای كرد.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ كۆبوونه‌وه‌كان كه‌ له‌ شاره‌كانی منبج، عه‌ین عیسا و ڕه‌قا ساز كراون، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ شانده‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا نامه‌یه‌كی پێشكه‌شی فیدراسیۆنی باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا، ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێیه‌كان و ئه‌نجومه‌نی سووریای دیموكراتیك (مه‌سه‌ده‌) كردووه‌ له‌ چوارچێوه‌ی درێژه‌دان به‌ پشتیوانی لۆجستی و مه‌عنه‌وی.

سه‌رچاوه‌كه‌ ڕاشیگه‌یاند، شانده‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ دیداره‌كانیاندا جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هاوپه‌یمانه‌تیی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پشتگیری بۆ هاوكاره‌كانی خۆی له‌ ڕووی سیاسی و سه‌ربازییه‌وه‌. گوتیشی، جیفری جه‌ختی له‌سه‌ر به‌شداری كردنی فیدراسیۆنه‌كه‌ و ئه‌نجومه‌نی سووریای دیموكراتیك (مه‌سه‌ده‌) له‌ كاره‌كانی ئاماده‌كردنی ده‌ستوورێكی نوێ بۆ سووریا كردووه‌ته‌وه‌.

هه‌مان سه‌رچاوه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ شانده‌كه‌ ڕایانگه‌یاندووه‌، هاوپه‌یمانان هه‌رێمه‌كه‌ له‌ هه‌موو هێرشه‌كان ده‌پارێزن. هه‌روه‌ها جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی جدی له‌ داموده‌زگه‌كانی باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا ده‌نواڕن كه‌ دامه‌زراون. به‌ گوێره‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ هه‌ر وه‌ك چۆن هاوپه‌یمانان پشتیوانیی سه‌ربازییان پێشكه‌شی قه‌سه‌ده‌ (هێزه‌كانی سووریای دیموكراتیك) كردووه‌، له‌مه‌ودواش هه‌نگاوی سیاسی ده‌نێن.

ئه‌و سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌ ڕاشیگه‌یاند، نامه‌كه‌ی جه‌یمس جیفری ڕوون بوو، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ كاركردنه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌پێناو به‌شداری كردنی فیدراسیۆنی باكووری سووریا له‌ داڕشتنی ده‌ستووری نوێ، ده‌ركردنی هێزه‌كانی دیكه‌ له‌ سووریا و پێشخستنی چاره‌سه‌ریی سیاسی. هه‌روه‌ها جیفری له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ڕایگه‌یاندووه‌، تا ئه‌و كاته‌ی كێشه‌كانی سووریا چاره‌سه‌ر ده‌بن، له‌ سووریا ده‌مێننه‌وه‌ و ناهێڵن هیچ لایه‌نێك ده‌ست له‌و هه‌رێمانه‌ وه‌ربدات، به‌ تایبه‌ت ئه‌و هه‌رێمانه‌ی كه‌ قه‌سه‌ده‌ به‌ هاوكاریی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان ڕزگاریان كردوون.

s.m