قه‌سه‌ده‌: له‌ ماوه‌ی ١٥ ڕۆژدا ٧٩ چه‌ته‌ كوژران

ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتیك (قه‌سه‌ده‌) ئاماری شه‌ڕی ١٥ ڕۆژی ڕابردووی هه‌ڵمه‌تی گه‌رده‌لوولی جزیری ڕاگه‌یاند كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی «شه‌ڕی نه‌هێشتنی تێرۆر»دا له‌ دێره‌زۆر به‌ڕێوه‌ده‌چێت. 

ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی قه‌سه‌ده‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ئاشكرای كرد، له‌ ماوه‌ی ١٥ ڕۆژی ڕابردوودا ٧٩ چه‌ته‌ی داعش كوژراون. قه‌سه‌ده‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، داعش سوودی له‌ ڕه‌شه‌با وه‌رگرتووه‌ و به‌ چه‌كی قورس هێرشی كردووه‌ته‌وه‌ سه‌ر هێزه‌كانی قه‌سه‌ده‌، به‌ڵام شه‌ڕڤانان هێرشه‌كانیان تێكشكاندووه‌.

ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌:

ڕێكخراوی تێرۆریستی له‌ ماوه‌ی ١٥ ڕۆژی ڕابردوودا سوودی له‌ ڕه‌شه‌با و تۆز وه‌رگرت‌ كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ هه‌ڵی كردووه‌، له‌ناكاو له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ هێرشی كرده‌ سه‌ر شه‌ڕڤانانی قه‌سه‌ده‌. تێرۆریستان له‌ هێرشه‌كه‌یاندا چه‌كی جۆراوجۆری قورس و سووكیان به‌كارهێنا. هه‌روه‌ها ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراویان به‌كارهێنا و هێرشی خۆكوژییان ئه‌نجام دا. تێرۆریستان توانیبوویان چه‌ند خاڵێك به‌ده‌ستبێنن. له‌ شارۆچكه‌ی سووسه‌ شه‌رێكی سه‌خت ڕوویدا و چه‌ته‌كان ده‌ربازی چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی شارۆچكه‌كه‌ بوون و شه‌ڕ به‌شێوه‌یه‌كی دژوار درێژه‌ی كێشا. تێرۆریستان نه‌یانتوانی باڵاده‌ستی خۆیان به‌سه‌ر شارۆچكه‌كه‌دا بسه‌پێنن. سه‌ره‌ڕای سه‌ختبوونی شه‌ڕ، شه‌ڕڤانانی ئێمه‌ تێرۆریستانیان ناچار كرد پاشه‌كشه‌ بكه‌ن و زیانی گه‌وره‌شیان لێ دان.

له‌ لای به‌ره‌ی باغۆز، ڕێكخراوی تێرۆریستی له‌ ٣ قۆڵه‌وه‌ به‌یانیی ئه‌مڕۆ هێرشیان كرد و شه‌ڕێكی سه‌خت تا نیوه‌ڕۆ له‌نێوان شه‌ڕڤانان و تێرۆریستاندا ڕوویدا. تێرۆریستان هه‌وڵیان دا ٤ ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو له‌نێو شه‌ڕڤاناندا بته‌قێننه‌وه‌، به‌ڵام شه‌ڕڤانان ڕێوشوێنی خۆیان به‌باشی گرته‌به‌ر و به‌ر له‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌كان بگه‌نه‌ ئامانجی خۆیان، ته‌قێنرانه‌وه‌. له‌ شه‌ڕدا زیاتر له‌ ٣٦ تێرۆریست كوژران و ته‌رمه‌كانیشیان له‌ مه‌یدانی شه‌ڕدا ماونه‌ته‌وه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، شه‌ڕڤانانی ئێمه‌ ٢ ئۆتۆمبێلی دۆشكه‌له‌سه‌ر و ٢ ئۆتۆمبێلی هه‌مه‌ر كه‌ چه‌كی ئاڕ بی جی-یان له‌سه‌ر بوو، ته‌قانده‌وه‌. له‌م شه‌ڕه‌دا ٤٣ تێرۆریست كوژران و ته‌رمی ٢٠ تێرۆریستیش كه‌وتنه‌ ده‌ستی شه‌ڕڤانان.

به‌یانیی ئه‌مڕۆ، ڕێكخراوی تێرۆریستی داعش ویستی به‌ ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو تۆڵه‌ی خۆی بكاته‌وه‌ و هه‌وڵی دا هێڵه‌كانی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕڤانان بشكێنێت. شه‌ڕڤانان ئۆتۆمبێله‌كه‌یان ته‌قانده‌وه‌ به‌ر له‌وه‌ی بگاته‌ ئامانج.

گرووپێكی دیكه‌ی تێرۆریستان ویستیان شه‌ڕڤانان گه‌مارۆ بده‌ن، به‌ڵام به‌ئاگایی شه‌ڕڤانان هێرشی تێرۆریستانی تێكشكاند. شه‌ڕێكی سه‌خت ڕوویدا و چه‌ندین تێرۆریست كوژران، ئه‌وانی دیكه‌ش ناچار بوون هه‌ڵبێن.

ئامار

- ژماره‌ی كوژراوه‌كانی تێرۆریستان: ٧٩ تێرۆریست

- ژماره‌ی هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی هاوپه‌یمانه‌تیی نێونه‌ته‌وه‌یی: ١٨ هێرشی ئاسمانی

- ژماره‌ی ئه‌و مووشه‌كانه‌ی له‌ دژی بنكه‌كانی تێرۆریستان هاویشتران: ٨ مووشه‌ك

- زیانه‌كانی تێرۆریستان: ٥ ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو، ٢ ئۆتۆمبێلی هه‌مه‌ر و ٣ ئۆتۆمبێلی دۆشكه‌له‌سه‌ر ته‌قێنرانه‌وه‌. ١٨ خانوو ڕووخێنران كه‌ تێرۆریستان خۆیان تیایاندا ده‌پاراست.

- ژماره‌ی شه‌ڕڤانه‌ شه‌هیده‌كانی ئێمه‌: ٢١ شه‌هید، چه‌ند شه‌ڕڤانێكی دیكه‌ش بریندار بوون.

s.m