قه‌سه‌ده‌: ٥١ چه‌ته‌ی داعش كوژران

ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتیك (قه‌سه‌ده‌) ئاماری شه‌ڕی ٢٤ كاتژمێری ڕابردووی هه‌ڵمه‌تی گه‌رده‌لوولی جزیری ڕاگه‌یاند كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی «شه‌ڕی نه‌هێشتنی تێرۆر»دا له‌ دێره‌زۆر به‌ڕێوه‌ده‌چێت. 

قه‌سه‌ده‌ ڕایگه‌یاند، له‌ ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا لایه‌نی كه‌م ٥١ چه‌ته‌ی داعش له‌ ده‌ڤه‌ری دێره‌زۆر كوژراون.

ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوی قه‌سه‌ده‌:

به‌ره‌ی باغۆز

به‌یانیی ئه‌مڕۆ له‌ ناوچه‌كه‌ چه‌ته‌كان ده‌ستیان به‌ جموجۆڵ كرد. شه‌ڕڤانانی ئێمه‌ چه‌ته‌كانیان كرده‌ ئامانج و له‌ ٦ شوێن شه‌ڕی سه‌خت ڕوویدا. تێرۆریستان چه‌كی سوك و قورسیان به‌كارهێنا و هه‌وڵیان دا به‌ ئۆتۆمبێل هه‌ڵبێن، به‌ڵام شه‌ڕڤانان چه‌ته‌كانی نێو ئۆتۆمبێله‌كه‌یان كرده‌ ئامانج و كوشتنیان. هه‌روه‌ها چه‌ته‌یه‌ك كه‌ چه‌كی بی كه‌ی سی هه‌ڵگرتبوو، كوژرا. له‌ هه‌مان كاتدا شه‌ڕڤانانی ئێمه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تێرۆریستانیان به‌ هاوه‌ن كرده‌ ئامانج و جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ ٣ تێرۆریست كوژراون.

هه‌روه‌ها تۆپهاوێژه‌كانی هاوپه‌یمانه‌تیی نێونه‌ته‌وه‌یی چه‌ندین بنكه‌ی تێرۆریستانیان كرده‌‌ ئامانج، به‌ڵام ئه‌نجام ڕوون نه‌بوویه‌وه‌. فڕۆكه‌كان بنكه‌ و ناوه‌نده‌كانی تێرۆریستانیان بۆمباران كرد.

ئێواره‌ش چه‌ته‌كان هه‌وڵیان دا له‌ ٢ قۆڵه‌وه‌ هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر خاڵه‌كانی شه‌ڕڤانانمان له‌ ناوه‌ندی شارۆچكه‌ی سووسه‌، له‌ ئه‌نجامدا شه‌ڕێكی سه‌خت ڕوویدا. ئه‌ندامانی ڕێكخراوی تێرۆریستی هه‌وڵیان دا هێڵه‌كانی به‌رگریی هێزه‌كانمان بشكێنن، به‌ڵام شه‌ڕڤانه‌كانمان وه‌ڵامیان دانه‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا ژماره‌یه‌كی زۆری تێرۆریستان كوژران و ئه‌وانه‌ی مابوونه‌وه‌ هه‌ڵاتن.

هه‌روه‌ها ڕێكخراوی تێرۆریستی داعش جارێكی دیكه‌ هه‌وڵی دا خۆی كۆبكاته‌وه‌ و هێرشێكی دیكه‌ی له‌ دژی خاڵه‌كانی شه‌ڕڤانانی ئێمه‌ ئه‌نجام بدات، به‌ڵام شه‌ڕڤانان وه‌ڵامیان دانه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ تێرۆریسته‌ هێرشكاره‌كان كه‌وتنه‌ نێو شه‌ڕێكی سه‌خت. له‌ هه‌مان كاتدا، فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانان بۆمبارانی بنكه‌ و ناوه‌نده‌كانی تێرۆریستانیان كرد. له‌ ئه‌نجامدا هێرشه‌كه‌ تێكشكێنرا و ژماره‌یه‌كی زۆری تێرۆریست كوژران و ته‌رمی ١٠ تێرۆریست كه‌وته‌‌ ده‌ستی شه‌ڕڤانانی ئێمه‌.

جارێكی دیكه‌ تێرۆریستان له‌ ڕێی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و پانزێری سه‌ربازییه‌وه‌ هاتنه‌ نێو هێزه‌كانی ئێمه‌. به‌ڵام شه‌ڕڤانان ئۆتۆمبێلێكی ئه‌وانیان ته‌قانده‌وه‌ و ئه‌وانی دیكه‌ش له‌ مه‌یدانی شه‌ڕ هه‌ڵاتن. هه‌روه‌ها شه‌ڕڤانانمان دوو تێرۆریستیان كرده‌ ئامانج كه‌ پشتوێنی بۆمبڕێژكراویان به‌ستبوو و نه‌یانهێشت بگه‌نه‌ خاڵه‌كانی شه‌ڕڤانان. شه‌ڕڤانان ده‌ستیان به‌سه‌ر چه‌ك و پشتوێنه‌ بۆمبڕێژكراوه‌كاندا گرت.

به‌ره‌ی هه‌جین

له‌م به‌ره‌یه‌ جار جار شه‌ڕ هه‌یه‌، هه‌روه‌ها جار جار به‌ هاوه‌ن تۆپبارانی ناوچه‌كه‌ ده‌كرێت. ڕێكخراوی تێرۆریستی هه‌وڵ ده‌دات هێرش بكاته‌ سه‌ر خاڵی شه‌ڕڤانانی ئێمه، به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵه‌كانیان شكستی هێنا. چونكه‌ شه‌ڕڤانانی ئێمه‌ به‌ئاگان و چاودێری هه‌موو جموجۆڵێكی تێرۆریستان ده‌كه‌ن.

ئامار

- ٥١ تێرۆریست كوژران، ته‌رمی ١٠ له‌و تێرۆریستانه‌ كه‌وتنه‌ ده‌ستی شه‌ڕڤانانی ئێمه‌.

- ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو و ئۆتۆمبێلێكی سه‌ربازی ته‌قێنرانه‌وه‌.

- چه‌كێكی بی كه‌ی سی، ٢ پشتوێنی بۆمبڕێژكراو و چه‌ند چه‌كێكی كڵاشینكۆف له‌ لایه‌ن شه‌ڕڤانانه‌وه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیرا.

- فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانان ١٨ جار هێرشیان ئه‌نجام دا.

- ٧ مووشه‌كی جۆری هایمه‌رز هاویشترانه‌ بنكه‌كانی تێرۆریستان.

s.m