له‌ دێره‌زۆر ده‌یان چه‌ته‌ی داعش كوژران

له‌نێوان شه‌ڕڤانانی قه‌سه‌ده‌ و چه‌ته‌كانی داعش له‌ دێره‌زۆر شه‌ڕ ڕوویدا، له‌ ئه‌نجامدا ده‌یان چه‌ته‌ كوژران و ٢ ئۆتۆمبێلیش تێكشكێنران.

هه‌ر وه‌ك چۆن سوپای توركیای داگیركه‌ر هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر دانیشتوانی گونده‌كانی كۆبانێ و گرێسپی، چه‌ته‌كانی داعشیش ٢ ڕۆژه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتیك (قه‌سه‌ده‌) له‌ شارۆچكه‌ی هه‌جین-ی سه‌ر به‌ دێره‌زۆر.

دواهه‌مین قۆناغی هه‌ڵمه‌تی گه‌رده‌لوولی جزیر دژ به‌ چه‌ته‌كانی داعش له‌ ١٠ی ئه‌یلوولی ٢٠١٨ ده‌ستی پێكرد، به‌ڵام به‌هۆی هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك دژ به‌ كۆبانێ و گرێسپی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ ڕۆژی ٣١ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٨\٩ی گه‌ڵاڕێزان وه‌ستێنرا.

چه‌ته‌كانی داعش شه‌وی شه‌ممه‌ به‌ چه‌كی قورس هێرشیان كرده‌ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی قه‌سه‌ده‌ له‌ باكوور و باكووری ڕۆژئاوای شارۆچكه‌ی هه‌جین. شه‌ڕڤانان وه‌ڵامی هێرشه‌كه‌یان دایه‌وه‌ و له‌ چه‌ندین لاوه‌ هێرشی چه‌ته‌كانیان تێكشكاند. له‌ ئه‌نجامدا ده‌یان چه‌ته‌ كوژران و ده‌یانی دیكه‌ش بریندار بوون. هه‌روه‌ها ٢ ئۆتۆمبێلی چه‌ته‌كان تێكشكێنران كه‌ یه‌كێكیان بۆمبڕێژكراو بوو. هه‌روه‌ها ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ له‌نێوان چه‌ته‌كانی داعش و شه‌ڕڤانانی قه‌سه‌ده‌ شه‌ڕ هاته‌ ئاراوه‌.

s.m