له‌ عه‌فرین سه‌رچه‌ته‌یه‌ك كوژرا

ژووری چالاكییه‌كانی تووڕه‌یی زه‌یتوون ڕایگه‌یاند، له‌ ئه‌نجامی چالاكییه‌كی هێزه‌كانیان له‌ ناوچه‌ی ڕاجۆی عه‌فرین سه‌رچه‌ته‌یه‌كی سوپای توركیای داگیركه‌ر كوژراوه‌.

ژووری چالاكییه‌كانی تووڕه‌یی زه‌یتوون ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ئاشكرای كرد هێزه‌كانیان له‌ ناوچه‌ی ڕاجۆی عه‌فرین چالاكییه‌كیان كردووه‌ و عه‌لی ئه‌حمه‌د سه‌رچه‌ته‌ی فیرقه‌ی هه‌مزه‌یان كوشتووه‌.

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه‌: «چالاكیی كاریگه‌ری شه‌ڕڤانانمان له‌ به‌رانبه‌ر چه‌ته‌ داگیركه‌ره‌كانی توركیا له‌ هه‌رێمی عه‌فرین و باكووری سووریا به‌رده‌وامه‌. چالاكییه‌كانی ئێمه‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌می شه‌ڕی ڕزگاركردنی عه‌فرینه‌. شه‌ڕڤانانی ئێمه‌ له‌ ناوچه‌ی ڕاجۆ سه‌رچه‌ته‌یه‌كی فیرقه‌ی هه‌مزه‌ به‌ ناوی عه‌لی ئه‌حمه‌دیان ده‌ستگیر كرد. دوای لێپرسینه‌وه‌ ئه‌و سه‌رچه‌ته‌یه‌ دانی به‌وه‌دانا كه‌ له‌ شاری حه‌ما هاتووه‌ و فه‌رمانه‌كانی توركیا ده‌رباره‌ی شه‌ڕی دژ به‌ گه‌لی عه‌فرین جێبه‌جێ ده‌كات. له‌سه‌ر ئه‌مه‌ هێزه‌كانمان سزای كوشتنیان بۆ بڕیه‌وه‌. چالاكییه‌كه‌ بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی شه‌هیدانی عه‌فرین ڕۆژی ٣١ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٨\٩ی گه‌ڵاڕێزان له‌ ناوچه‌ی ڕاجۆی عه‌فرین ئه‌نجام درا. هێزه‌كانمان له‌ هه‌موو ده‌ڤه‌رێكی عه‌فرینن و چالاكییه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بن. به‌ڵێن به‌ گه‌لی عه‌فرین ده‌ده‌ین كه‌ عه‌فرین له‌ داگیركاریی تورك و چه‌ته‌كانی ڕزگار بكه‌ین.»

s.m