لە هێرشی سەر عەفرین، ١٩ خوێندکار گیانیان لەدەست داوە

کەپەجە-دە، ڕایگەیاند کە لە پەلامارەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر عەفرین، بۆتە هۆی کوژرانی ١٩ خوێندکاروبرینداربوونی ٢٧ خوێندکاری دیکە. خوێندن لە ٣١٨ ناوەندی خوێندن ڕاوەستاوە و ٥٠هەزار خوێندکار لە خوێندن بێ‌بەش کراون.

کۆمیتەی پەروەردەی جڤاکی دێموکراتیی، بە لێدوانێکی چاپەمەنی کە بە بەشداربوونی دەیان مامۆستا، لەبەردەم قوتابخانەی شەهید نشەت-ی ناوەندی شارێ عەفرین کە لەلایەن حەمۆ شێرو و ئەمیرە حەمۆ، ئەندامانی کوردیناسیۆنی کەپەجە-دە، وە خوێندرایەوە، سەرەڕای شەرمەزار کردنی هێرشی دەوڵەتی تورکیا ڕایانگەیاند: "لەسەر نێوی مامۆستایانی کۆمیتەی پەروەردەی جڤاکی دێموکراتیی، ئیدانەی ئەو هێرش و پەلامارەی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەردەکەین بۆسەر عەفرین.

هەروەک دەزانین لەو پەلامارەدا هاوڵاتی سیڤیل، ڕێکخراوەکانی نێوشار و بە تایبەتی قوتابخانەکانی کانتۆن، ناوچە و دێهاتەکان کراونەتە ئامانج و هەتا ئێستاش هەر بەردەوامە.

ئەو هێرشە، ترسی داگیرکەران لە هێزی منداڵ و خوێندکارانی داهاتوو کە لەسەر ڕێچکەیەکی ڕاست و بەپێی بنەمای کولتوور و زمان و بنیاتنانی تاک و کەسایەتیی وڵاتپارێز و خۆڕاگر پەروەردە دەکرێن، پێشان دەدات.

لەدرێژەی بەیان نامەکەدا هاتووە:

مەبەستی ئەردۆغان لەو پەلاماردانە، ئاستەنگ کردنی پڕۆژەی سووریای دێموکراتیکە. هەر بۆیە به فڕۆکە، تانک و تۆپ هێرش دێنێت. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا، زانکۆ، پەیمانگە و به گشتی ٣١٨ ناوەندی خوێندن، خوێندنیان تێدا ڕاگیراوە و ٥٠هەزار خوێندکاریش لە فیربوون بێ‌بەش کراون. هەروەها ١٩ خوێندکار شەهید  و ٢٧ خوێندکاری دیکەش بریندار بوون.

لە هێرشەکاندا تەنیا خەلکی مەدەنی و خوێندکاران بە ئامانج نەگیراون، بەڵکوو قوتابخانەوە و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ڕاهێنان و بارهێنان-یش، تۆپباران کراون و بەو هۆیەشەوە ١١ قوتابخانە خەساریان بەر کەوتووە.

کەپەجە-دە، ڕەخنەی لە هەڵوێستی نێودەوڵەتی گرت و ڕایگەیاند؛ لەدژی ئەو کردەوانەی سوپای تورکیا  کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ، هەلوێستێکی بەرچاویان نەبووە هەتا مافی خوێندنی مندالان پارێزراو بێت.

لە کۆتاییدا، مامۆستایانی هەرێمەکە، بەڵێن دەدەن کە دەست لە خاک و نیشتیمانەکەی خۆیان لە عەفرین هەڵناگرن و لە هەر بارودۆخێکدا پارێزگاری لە خاک و وڵاتی خۆیان دەکەن و بەردەوام دەبن لە فێرکردن و بارهێنانی منداڵان".