داگیرکەری لە سەرێکانی: ئەو کەسانەی ئاوارەکران

لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا شاری سەرێکانی لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانی داگرکرا. لەو قۆناغەدا نزیکەی ١٥٠ هەزار کەس ناچارکران کۆچ بکەن، رەجا عەبدۆ مستەفا و کچەکەی خانم حسێن دوو لەو کەسانەبوون.

دوای ئەوەی لە ١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠١٠ لە تونسەوە خۆپیشاندانەکانی ناسراو بە بەهاری عەرەبی دەستیپێکرد و وڵاتانی جەزایر، لوبنان، یوردن، سودان، یەمەن، میسری گرتەوە، لە ١٥ی ئاداری ٢٠١١دا خۆپیشاندانە ناڕەزایەتیەکان لە دەرعای سوریاش دەستیان پێکرا و بەم جۆرە سەرتاسەری ئەو وڵاتەی تەنیەوە. کورد لەو قۆناغەدا نە لەگەڵ رژێمی ئەسەد و نە لەگەڵ گروپە چەکدارە بەرهەڵستکارەکان نەبوون. کورد بە پێشەنگایەتی پەیەدە رێگەی سێهەمی گرتەبەر و خۆپیشاندانەکانی وەک بەهاری گەلان پێناسەکرد. گەلانی سوریا بە پێشەنگایەتی کورد ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییان سازکرد و ئەنجومەن و کانتۆنەکانیان سازکرد. بەڵام بەردەوام رووبەڕووی هێرش و پەلامار بوونەوە. لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی هێرشیان کردە سەر سەرێکانی و داگیریان کرد و لە ئەنجامدا ١٥٠ هەزار دانیشتووی شارەکە ناچاربوون کۆچ بکەن. لەگەڵ رەجا عەبدۆی تەمەن ٤٧ ساڵ و کچەکەی بە ناوی خانم حسێن کە لە سەرێکانییەوە کۆجبەر بوو لەبارەی ژیان لە سەرێکانی و قۆناغی ئاوارەییەوە قسەمان کرد.

رەجا عەبدۆ مستەفا خەڵکی سەرێکانییە و هەر ٨ منداڵەکەی لەو شارەدا لەدایکبوون و گەورەبوون. لەبارەی ژیان لە سەرێکانی وتی، "ماڵ و زەویمان لەوێ هەبوو. بەدەستی خۆمان ماڵمان دروست کردبوو. ژیانێکی خۆش، ئارام و بەختەوەرانەمان هەبوو. منداڵەکامان شارەکەیان خۆش دەویست، لە خوێندنیشدا سەرکەوتوو بوون. بەڵام کاتێک بە هۆی داگیرکەرییەوە کۆچبەربووین، زۆرترین کاریگەری لەسەر منداڵەکان داندرا و تووشی دۆخی دژوار بوو و دوای ئاوارەبوون تەنانەت نەیانویست درێژە بە خوێندنیش بدەن.

'ئێمە تەنیا خاک و گەلەکەمان پاراست'

رەجا عەبدۆ مستەفا ئاماژەی بە رۆژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکان کرد و وتی، "ئێمە ٩ی تشرینی یەکەم کاتژمێر نزیکەی ١٦:٠٠ لە ماڵەوە بووین. سفرەمان داخستبوو. کتوپڕ هێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکان دەستیپێکرد. هەموومان شۆک بووین. پێشتر قسە و باسی شەڕ هەبوو؛ گەل لەو بارەوە ئاگادار دەکرایەوە و رێکدەخران، بەڵام من بیرم نەدەکردەوە کە شەڕێکی بەو ئاستە روودەدا. ژیان بەردەوام بوو، لەلایەکەوە رێگە دروست دەکرا، پڕۆژەکانی ئاو و وێستگەی کارەبا کە خراپببوون چاکدەکرانەوە، لەلایەکی دیکەشەوە کەشی شەڕ هەبوو. بەڵام هەرگیز بە خەیاڵمدا نەدەهات کە رۆژێک بێت وسەرێکانی داگیربکرێت. چونکە زیانمان بۆ کەس نەبوو. تەنیا خاک و گەلەکەمان دەپاراست.

'حەوت بنەماڵە لە ماڵێکدا دەژیان'

لەسەرەتای دەستپکردنی هێرشەکەدا سفرەکەمان داخستبوو نەمانتوانی نانەکەمان تەواوبکەین و ناچاربووین ماڵەکەمان جێبهێڵین. چووینە گوندی تلنەسری تلتەمر. یەکەم رۆژ لە سەرشەام ماینەوە. دواتر لە ماڵێکی بێدەرگا و پەنجەرەدا ماینەوە. ٧ رۆژ و ٧ شەوو بە بێ بەتانی، بە بێ نەوت و راخەر ٧ ماڵ لەو ماڵەدا ماینەوە، دوای هەفتەیەک هەڤاڵان پێداویستی سەرەکییان بۆمان دابینکرد. دواتر ١٠ مانگ لە ناوچەی هۆلی حەسەکە و پاشانیش لە کەمپی نەورۆز نیشتەجێکراین".

رەجا عەبدۆ مستەفا سەبارەت بە ژیانیان لە کەمپی نەورۆز وتی، ژیانی لەوێ زۆر دژوار بووە، بە هاوین کێشەی جیا و بە زستانیش کێشەی جیایە. بە هاوین دابینکردنی ئاو و بە زستانیش خۆپاراستنمان لە ئاو وبران، دژوارە. هیچ شوێنێک نابێتە ماڵ و باغ و خاکی مرۆڤ.

'ئەوەی من کێشام لە تەمەنی خۆم زیاتر بوو'

خانم حسێن کە لەکاتی هێرشەکەدا تەمەنی ١٢ ساڵ بوو، بە چاوی خۆی دڕندەیی دەوڵەتی تورکی بینی. لەو کاتەدا خوێندکاری قۆناغی سەرەتایی بوو. خانم دەڵێت، ماڵەکەیان لە سەرێکانی زۆر خۆش بووە، لەوێ لەدایکبووە و لەوێ گەورەبووە، زۆر ماڵ و شارەکەی خۆش ویستووە. دوورکەوتنەوە لە هاوڕێکانی کۆڵان و خوێندنگەی زۆر ناخۆش بووە. لەو کاتەدا منداڵ بووە تێنەگەیشتووە چی روویداوە. رۆژێک وەک هەموو رۆژەکانی تر بووە، بەڵام دوای کاتژمێر ٤ هەموو شتێک گۆڕدرا. بە جارێک دەنگی تەقینەوە هات و ئەوان ناچاربوون ماڵەکەیان جێبهێڵن. 'ئەو ئازارەی چەشتمان لە سەرووی تەمەنی خۆمانەوە بوو. بووینە شایەتی کۆمەڵکوژی، کۆچبەربووین. لەو رۆژەوە ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ ماڵەکەمان'.

بەهۆی دۆخی کۆجبەرییەوە خانم ناچاربووە واز لە خوێندن بهێنێت، بەڵام سەرباری ئەوەش لەپێناو بەرێکخستن کردنی گەلەکەی بەشداری لە خەباتی پەروەردەیی کەمپی نەورۆزدا کردووە و بووەتە کچێکی گەنجی تێکۆشەر.

'بە دڵنیاییەوە رۆژێک دەگەڕێینەوە'

خانم حسێن هەرگیز هیوابڕاو نەبووە لە گەڕانەوە بۆ سەرێکانی و بەم جۆرە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "ئێمە لە رێگەی بەرێکخستنکردنی کۆمەڵگەوە بەهێزتر دەبین. ئەگەر بەرێکخستن بین دوژمن شکست دەهێنێت. بە دڵنیاییەوە رۆژێک دەگەڕێینەوە بۆ سەرێکانی و تائێستاش وەک یەکەم رۆژ هیوای گەڕانەوەمان هەیە".