لە هێرشەکانى دەوڵەتى تورکیا بۆ سەر رۆژئاواى کوردستان ٢ پەیامنێر بریندار بوون - نوێکرایەوە

لە هێرشەکانى سوپاتى تورکیاى داگیرکەر بۆ سەر گرێ سپی لە رۆژئاواى کوردستان ٢ پەیامنێری ئاژانسى هەواڵی هاوار بریندار بوون.

ئاژانسى هەواڵی هاوار (ئانها - ANHA) بڵاویکردەوە، پەیامنێرانیان گولیستان محەمەد و ئیبراهیم ئەحمەد لە کاتى رووماڵکردنی هێرشەکانى دەوڵەتى تورکیا بۆ سەر گرێ سپی لەلایەن سوپاى تورکیاوە کراونەتە ئامانج و بریندار کراون.

ئەو ٢ پەیامنێرە بریندارە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەى وەتەن لە ژێر چاودێریى پزیشکدان.

ئاماژە بەوەشکراوە، گولیستان محەمەد لە سەریەوە بریندار بووە و برینەکەى قورسە و بەهۆی قورسیى برینەکەیەوە نەشتەرگەریى بۆ دەکرێت.

ئیبراهیم ئەحمەدیش دەستى بریندار بووە و دەوترێت تەندروستیى جێگیرە.

لە هێرشى دوێنێ سوپاى تورکیا بۆ سەر گوندی تل فەندەر کچێکى منداڵی تەمەن ١٢ ساڵ بە ناوی سارا رەفعەت شەهید کرابوو.

سوپاى تورکیا لە رۆژی ٢٨ی تشرینى یەکەم و لە دواى دانیشتنى چوارقۆڵیى نێوان رووسیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و تورکیا لە ئیستەنبول هێرشەکانى بۆ سەر رۆژئاواى کوردستان دەستپێکردووە.

ر.م