هه‌زاران كه‌س له‌ قامیشلۆ دژی هێرشه‌كانی توركیا خۆپیشاندانیان كرد

له‌ شارۆچكه‌ی تربه‌سپیی سه‌ر به‌ كانتۆنی قامیشلۆ به‌بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانیی كۆبانێ خۆپیشاندانێكی گه‌وره‌ ساز كرا و هه‌زاران كه‌س هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیای داگیركه‌ریان ئیدانه‌ كرد.

خۆپیشاندانه‌كه‌ به‌ درووشمی «به‌ ڕۆحی ئاڤێستا، بارین و شیلانه‌كان، ڕۆژی جیهانیی كۆبانێ پیرۆز ده‌كه‌ین» به‌ڕێوه‌چوو. هاوڵاتییان له‌ به‌رده‌م بینای كۆنگره‌ی ستار كۆبوونه‌وه‌ و به‌ ئاماده‌بوونی هه‌موو پێكهاته‌كان ده‌ستیان به‌ ڕێپێوان كرد.

ئاسیا عه‌بدوڵا یه‌كێك له‌ به‌رپرسانی كۆنگره‌ی ستار وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر به‌رخۆدانی كۆبانێ و گوتی، به‌رخۆدانی كۆبانێ مرۆڤانه‌ بوو و شه‌ڕڤانانی یه‌په‌ژه‌ و یه‌په‌گه‌ له‌ دژی چه‌ته‌كانی داعش خۆڕاگرییه‌كی بێ وێنه‌یان پیشان دا.

ئاسیا عه‌بدوڵا هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد، به‌رخۆدانی كۆبانێ له‌ سایه‌ی قاره‌مانه‌كانی وه‌ك ئارین میركان و یه‌كگرتنی پێكهاته‌كان سه‌ركه‌وت. گوتیشی، به‌رخۆدانی هاوچه‌رخی كۆبانێ به‌ جیهانی سه‌لماند كه‌ گه‌لی باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا سه‌ر بۆ كۆیلایه‌تی دانانه‌وێنێت و هه‌تا كۆتایی له‌پێناو ئازادیی خۆی شه‌ڕ ده‌كات. 

ئه‌و به‌رپرسه‌ی كۆنگره‌ی ستار باسی له‌ هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك بۆ سه‌ر كۆبانێ و گرێسپی كرد و ڕایگه‌یاند، ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر دوای ژێركه‌وتنی داعش له‌ كۆبانێ، ڕه‌قا و دێره‌زۆر هێرشی ناوچه‌ ئارامه‌كانی باكووری سووریا ده‌كات، ده‌یه‌وێت فشاری سه‌ر چه‌ته‌كانی داعش له‌ ناوچه‌كانی دێره‌زۆر كه‌م بكاته‌وه‌. ئاسیا عه‌بدوڵا گوتیشی، ده‌وڵه‌تی توركیا ده‌یه‌وێت پێكه‌وه‌ژیانی گه‌لان و هه‌موو پێكهاته‌كانی باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا تێكبدات.

هه‌ر له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ هاوسه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی كانتۆنی قامیشلۆ ئافرام ئیسحاق به‌خێرهاتنی گه‌لی كرد و گوتی: «هه‌موو پێكهاته‌كانی قامیشلۆ ئه‌مڕۆ به‌ یه‌كده‌نگی سڵاو له‌ به‌رخۆدانی كۆبانێ ده‌كه‌ن كه‌ به‌ ئیراده‌ی ئازاد به‌سه‌ر چه‌ته‌كاندا سه‌ركه‌وت. هه‌روه‌ها به‌ جیهانی ڕاگه‌یاند كه‌ هه‌موو پێكهاته‌كان به‌رده‌وام ده‌بن له‌ یه‌كێتیی خۆیان تا به‌دیهێنانی ئازادیی هه‌موو گه‌لانی هه‌رێمه‌كه‌.»

خۆپیشاندانه‌كه‌ به‌ درووشمه‌كانی ئیدانه‌كردنی هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك كۆتایی هات. هاوكات له‌ شاره‌كانی دربێسی و ته‌بقا به‌بۆنه‌ی ڕۆژی جیهانیی كۆبانێ خۆپیشاندان ساز كران و هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك بۆ سه‌ر ڕۆژاڤا ئیدانه‌ كران.

s.m