وتەبێژی یەپەژە: ئه‌وه‌ی هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر عه‌فرین «ناتۆ»یه‌

نەسرین عەبدوڵا، وتەبێژی یه‌په‌ژه‌ ڕایگه‌یاند؛ ئەوانەی لە کۆبانێ وانەیان وه‌رگرت، لە عەفرین وانەکانیان بەباشی فێر دەبن. ڕاشیگه‌یاند؛ توركیا له‌ هێرشی سه‌ر عه‌فرین به‌ ته‌نیا نییه‌، به‌ڵكو هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش به‌شدارن.

نەسرین عه‌بدوڵا، وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی ژن - یه‌په‌ژه‌ لە شاری جنێف-ی سوییسرا له‌ لێدوانێكدا بۆ ANF، دوایین پێشهاتەکانی شەڕی عه‌فرین-ی هەڵسەنگاند.

وتەبێژی یەپەژە، ڕایگەیاند: هێرشی سەر عەفرین، هەم هێرشێکی سەربازی و هەم سیاسییە. ئەوانەی دەیانەوێ خاکی سووریا دابەش بکەن، ئێستا لەسەر عەفرین شەڕ دەکەن. دەتوانین بڵێین هێرشی سەر عەفرین گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتییە. ئەو هێرشە تەنیا بڕیاری تورکیا نییە و هەرکەس دەستی لەو هێرشەدا هەیە.

ناوبراو وتیشی؛ هێرشی سەر عەفرین، هێمای تێکچوونی تورکیایە لە سووریا. لە جنێف، ئاستانا و سۆچی، هیچ حیسابێک بۆ گەلانی سووریا نەکراوە. هێرشی سەر عەفرین، تەنیا هێرشێک نییه‌ له‌سەر کوردان، بەڵکوو نیشانەی ئەوەیە کە هەتا ئێستا بڕیاری چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریایان نەداوە و تورکیا بە دوای ئاڵۆز کردنی زیاتری باروودۆخەکەوەیە.

نه‌سرین عه‌بدوڵا، وته‌بێژی یه‌په‌ژه‌ له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا دەربارەی هەلوێستی هێزە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند؛ سووریا-یان کردووەتە زەلکاو. ئیدی ئەو هێزانەی لەسەر سووریا سیاسەت دەکەن، هەموویان کەوتوونەتە زەلکاوەوە. لە سووریا، نەک تەنیا تورکیا، بەڵکوو ڕووسیا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش شكستیان هێنا. ئەو هێزانە دەیانگوت ئێمە بەیەکەوە كێشه‌كانی سووریا چارەسەر دەکەین، بەڵام سەرنەکەوتن. تەنیا کارێک کە ئەو هێزانە کردوویانە کوشتنی گەلانی سووریا و تاڵانکردنی سووریا بووە. 

«ڕاستە بۆ شەڕ دژی تیرۆر، هاوکاری لەنێوان ئێمە و ئه‌مه‌ریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا هەیە، بەڵام چاوپۆشی له‌ بێدەنگیی ئەوان لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر عەفرین ناکرێت. ئەگەر دەڵێن ئێمە لە سووریا شەڕی تیرۆر دەکەین و ده‌مانه‌وێ بۆ کێشەکانی سووریا چارەسەرییەک ببینینه‌وه‌، کەواتە پێویستە پێداویستییەکانیش جێبەجێ بکەن. ئەگەر ئه‌مڕۆ لەسەر هێرشەکانی تورکیا چاوی خۆیان بگرن، سبەی لەسەر هێرشی داعش-یش بێ ده‌نگ دەبن. لەبەرئەوەی کە هێرشی دەوڵەتی تورکیا لەسەر عەفرین، لە هەمان کاتدا هێرشی ئەلقاعیدە، داعش، نووسرە و ئەحرار ئەلشام-یشە. له‌وانه‌یه‌ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەپێشدا بەڵێنی پاراستنی عەفرین-یان نەدابێ، بەڵام ئەوەی ئه‌مڕۆ هێرش دەکاتە سەر عەفرین ئەندامێکی ناتۆیە. هەر بۆیە ئێمە دەڵێین ئەوەی کە هێرش دەکاتە سەر عەفرین، تەنیا تورکیا نییە، بەڵکوو ناتۆیە کە هێرش دەکات.»

وتەبێژی یەپەگە ڕاشیگه‌یاند؛ بێده‌نگیی ئەوان، بە دڵنیاییەوە بە واتای قەبووڵ کردنە. هاوپەیمانان دەڵێن با تورکیا بە هەستیارییەوه‌ بجووڵێتەوە و شوێنە سیڤیله‌كان بە ئامانج نەگرێت. ئەوە بە ئاشکرا بەو مانایەیە کە سیڤیل مه‌كوژن بەڵام دەتوانن لە یەپەگە، یەپەژە و هەسەدە بکوژن. دەوڵەتی تورکیا بە ئێمە دەڵێ تیرۆریست و ئەو هێزانەش بە بێده‌نگیی خۆیان ئەو وتانە پەسەند دەکەن. ئێمەش دەڵێین ئەگەر ئێمە تیرۆریستین، بۆچی لەگەڵ ئێمە کار دەکەن؟ بۆچی ئەوە ٣ساڵە شانبەشانی ئێمه‌ لە دژی تیرۆر لە باکووری سووریا شەڕ دەکەن؟ ئەوە سیاسەتێکی دوو ڕوویانەیە. ناچارن کە لە ماوەیەکی کەمدا هەڵوێستی خۆیان روون بکەنەوە. با هەر کەس بزانێ کە ئێمە وەک یەپەگە/ یەپەژە/ هەسەدە، بۆ ئەوەی بتوانین گەلی خۆمان بپارێزین، خۆمان رێكخستووه‌. ئەگەر ئه‌مڕۆ عەفرین بکەوێتە مەترسییەوە، ئێمە بە هەموو هێزی خۆمان دەیپارێزین. ئەوەش کاریگەری لەسەر شەڕی داعش دەکات بە تایبەتی لە دێرەزۆر.

«ئەو هەڵوێستە، دوو شت دەخاتە پێش ئێمە. دەیانەوێ پێمان بڵێن کە تەنیا دوو ڕێگەتان لە پێشە. یان ئەوەی تەسلیمی ڕژێم دەبن یانیش تەسلیمی دەوڵەتی تورکیا بن. ئەگەر ئێمە تەسلیمی ڕژێم ببین، به‌و واتایە دێت کە ڕژێم مافداره‌. ئەوە بەو مانایەیە کە ئێمه‌ ببینە هاوبەشی تاوانەکانی ڕژێم کە لە دژی گەلی ئێمە و گەلانی دیکەی هەرێمەکە کردوویەتی. بەو واتایەیە کە ئێمە دیکتاتۆری قەبووڵ دەکەین. ئه‌گه‌ریش تەسلیمی دەوڵەتی تورکیا ببین، ئەوەش بەو مانایەیە کە ئێمه‌ خاکەکەی خۆمانی ڕادەست دەکەین و داگیرکەری قەبووڵ دەکەین. با لێرەوە پێیان بڵێم کە هەتا تەنیا یەک شەڕڤان بمێنێ، ئێمە تەسلیمی هیچ لایەکیان نابین.»

نەسرین عه‌بدوڵا رایگه‌یاند؛ لە سووریا گەلەکۆمەیەک بەڕێوەیە. ئەو ئامانجه‌ی کە به‌هۆیه‌وه‌ هێرشی سەر عەفرین دەکەن، هەم لە قازانجی ڕووسیایە و هەمیش لە قازانجی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی. هەروەها لە قازانجی ڕژێم و دەوڵەتی تورکیاشە. ئەگەر هێرش لەسەر عەفرین خزمەتی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكای نەکردبا، هەڵوێستێکی ڕوونی پیشان ده‌دا. دەبێ باش تێبگەین کە چ سەودا و مامەڵەیەکیان له‌سه‌ر عه‌فرین کردووە. بەڵام یەک ڕاستی هەیە کە حیسابیان بۆ نەکردووە، ئەویش به‌رخۆدانی ئێمە و داهاتووی گەلانی سووریایە.

«ئەردۆغان لە کۆبانێ وانەی وەرنەگرتووە. بۆ کەوتنی کۆبانێ، کەوتبووه‌ نێو خەون و خەیاڵه‌وه‌. هەموو خەونەکانی لە ناکاو تێکچوون. بەرخۆدانی كۆبانێ هەموو خەون و خەیاڵ و ئارەزووی ئەردۆغانی لەناوبرد. وا دیارە لەوێ وانەی وەرنەگرتووە کە هێرشی کردۆتە سەر عەفرین. ئێمە لە عەفرین، ئه‌و وانەیەی پێ ده‌ده‌ینه‌وه‌. بارودۆخی عەفرین لەگەڵ هی کۆبانێ جیاوازە. هێرشی سەر کۆبانێ بۆ ئێمە هه‌ندێك چاوەڕوان نەکراوبوو. ئەو کات ئامادەکاری ئێمەش باش نەبوو، بەڵام عەفرین جیاوازە، هەم لە ڕووی جوگرافیاوه‌، هەمیش له‌ ڕووی ئامادەکارییەوە زۆر جیاوازە. هەم هێزەکانی ئێمە و هەمیش گەل لە عەفرین، بۆ هەر ئەگەرێک ئامادەین. دەوڵەتی تورکیا حیسابی ئەوەی نەکردبوو و پێی وابوو هەر یەکەم شەوی هێرشەکە ئەنجام به‌ده‌ست دێنێت. لە ماوەی کاتژمێرێکدا زیاتر لە ٧٠ فڕۆکەی جه‌نگی بۆ بۆردومان کردنی عەفرین نارد. بەڵام ئەوەی دەیانویست وا دەرنەچوو. ئەوە ١٧ ڕۆژە به‌رخۆدانێكی گەورە لە ئارادایە. ئەو خۆڕاگرییە هەموویانی تووشی سەرسوڕمان کرد. ئەردۆغان بە هەموو هێزی سوپاکەیەوە هێرشی کرد، بەڵام ئەوە بەس نەبوو، بە چەتەکانی خۆشیه‌وه‌ هێرش دەکات بەڵام ناتوانێ پێشڕەوی بکات.»

نه‌سرین عه‌بدوڵا له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا ڕاشیگه‌یاند؛ هێرشی سەر عەفرین بەو چەتانە تەنیا قازانجێکی بۆ دەوڵەتی تورکیا تێدابوو، ئەویش ئەوەیە کە هاوکاری یەکتری دەکەن بۆ گواستنەوەی ته‌رمه‌كانیان. بەڵام لە زۆر جێگەش نەیانتوانی ته‌رمه‌كانیش هەڵگرنەوە. بە کورتی حیسابەکانی ئەردۆغان هەڵە دەرچوون. گەلی ئێمە ئه‌مڕۆ لەهەموو جێیەک پشتیوانی لە ئێمە دەکات. گەلی ڕۆژئاوا هەستاوەتە سەرپێ و ڕووی لە عەفرین کردووە. بەڕای من ئێمە لە ئێستاوە سەرکەوتووین. 

نەسرین عەبدوڵلا، سەرنجی خسته‌ سه‌ر ئەو چالاکییانەی بۆ خاوەندارێتی کردن لە عه‌فرین بەڕێوەدەچن و وتی؛ من لە دڵەوە سڵاوی خۆم ئاراستەی ئەو میلیۆنان کەسە دەکەم کە پشتیوانی لە خۆڕاگری عەفرین دەکەن. ئەو هەڵوێستەی گەلی ئێمە، زۆر دڵگه‌رمتری كردووین و ڕۆحی بەرخۆدانی ئێمەش بەهێزتر دەکات. دەبێ گەل بە جۆشه‌وه‌ بەشداری چالاکییەکان بن. ئەوانەی کە پێیان وایە ئێمە تەنیاین، با چاوی خۆیان بکەنەوە و ببینن کە ئێمە لە هەموو جێگه‌یه‌ك هەین و به میلیۆنانین.

وته‌بێژی یه‌په‌ژه‌ داوای لە هەموو ئەو وه‌ڵاتانە كرد کە خۆیان به‌ وه‌ڵاتی دێمۆكراتی داده‌نێن، هاوکاری تێکۆشانی ڕۆژئاوا بكه‌ن و لەسەر هێرشەکان بێدەنگ نه‌بن. کۆمەڵکوژی و سیاسه‌تی به تورككردن به‌سه‌ر گەلانی سووریادا ده‌سه‌پێنرێت. پێویستە ڕێی لێ بگرین.

نه‌سرین عه‌بدوڵا له‌ كۆتایی لێدوانه‌كه‌یدا وتی؛ بانگ له‌ گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و ئەورووپا ده‌كه‌م كه‌ ڕۆژ، ڕۆژی یەکێتی نەتەوەییە. هێرشی سەر عەفرین، هێرشە لەسەر هەموو کوردێک. لایه‌نه‌كانی وەک پەدەکە و ئەنەکەسە، خیانەت لە گەله‌كه‌مان دەکەن و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر گەلەکەمان به‌ ڕه‌وا داده‌نێن. دەبێ گەلی ئێمە ئەو هێڵی خیانەتە ببینن و پشتگیری خۆیان بۆ عەفرین بەرفرەوانتر بکەن.

 

ش. م