په‌نابه‌ره‌ عه‌ره‌به‌كانی عەفرین، باسی زوڵم و ستەمی دەوڵەتی تورکیا دەکەن

ئەو هاوڵاتییە عه‌ره‌بانه‌ی کە بەهۆی هێرشی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی لە ئیدلب كۆچیان كردووه‌ و پەنایان بۆ ناوچه‌ی جندرێس-ی عەفرین هێناوه‌، له‌ عه‌فرینیش‌ ڕووبه‌ڕووی زوڵم و سته‌می ده‌وڵه‌تی توركیا و گرووپه‌ جیهادییه‌كان بوونه‌ته‌وه‌.

هێرشی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی داعش و نووسرە لە دژی عەفرین، لە بەرامبەریشدا قارەمانی و به‌رخۆدانی هاوچەرخی شەڕڤانان و گەلی عەفرین لە نۆزده‌مین ڕۆژیدا بەردەوامە.

سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ ئەوەی ڕەوایەتی بدات بە هێرشەکانی، دەڵێت؛ «ئێمە کۆچبەرانی سووریا دەبەین و لەوێ نیشتەجێیان دەکەین.» به‌ڵام بە پێچەوانەی وتەکانی ئەردۆغان، هەر لە سەرەتای ئاڵۆزییەکانی سووریاوە، عەفرین میوانداری لە سەدان هەزار کۆچبەری سووریا کردووه.

بە سەدان هەزار کۆچبەری سووریا و تەنانەت عێراق-یش، به‌هۆی دڕندەیی داعش، ڕوویان کردۆتە هه‌رێمی عەفرین. سەرەڕای ئەو هەموو هێرشەش ئێستا بە سەدان هەزار کۆچبەری ناوچە جیاجیاکانی سووریا لە عەفرین ده‌ژین. بەپێی داتاکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کانتۆنی عەفرین، وێڕای دەیان هەزار کۆچبەری کەمپەکانی ڕووبار و شەهبا، زیاتر لە ٣٥٠ هەزار کۆچبەر لە کانتۆنی عەفرین دەژین.

زۆرێک لەو کۆچبەرانەی بەهۆی زوڵمی چەتەکانی تورکیا (تەحریر ئەلشام، ئەحرار ئەلشام، نورەدین زەنکی و هتد...)، لە شاری ئیدلب-ه‌وه‌ ڕوویان کردبووە ناوچەی جندرێس-ی عەفرین، لە دوای هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی ئەردۆغان، جارێکی دیکە ناچاربوون بەرەو ناوەندی شاری عەفرین کۆچ بکەن.

چەند كه‌سێك له‌و كۆچبه‌رانه‌ی سووریا کە په‌نایان بۆ عەفرین بردووه‌ بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات قسەیان کرد.

نادیە حامید، باسی لەوە کرد کە بەهۆی زەختی چەتەکانی تورکیا لە ئیدلب، لەگەڵ ١٥کەس لە ئەندامانی خێزانەکەی بە ناچاری هاتوونەتە ناوچەی جندرێس. نادیە دەڵێت: ئێمە لێرە جۆرێک لە بووژانەوەمان بە خۆمانەوە بینی، بەڵام بەهۆی هێرشه‌كانی توركیاوه‌ جارێکی دیکە ژیانمان شێواوەتەوە. نادیە کە لەگەڵ بنەماڵەکەی لە ژێرزەمینی بینایەکدا دەژین، وتی: ئێمە شانسمان هه‌بوو کە ڕزگارمان بوو، لە جندرێس، بە تۆپ لەنێو ماڵەکەی ئێمەیان دا و خانووەکەیان لێ خرا کردین. لە ترسان و بە ناچاری هاتووینەتە نێو شاری عەفرین.

«لەدوای ئەوەی کە هاتینە جندرێس، بە یارمەتی خەڵکی ئەوێ سەرلەنوێ ژیانێکمان بۆخۆمان پێکهێنا. ماڵیان ئاوەدان بێت. لێره‌ لە کۆمۆنەکانەوە پێخەو، قاپ و قاچاخ، خواردن و کەلوپەلی دیکەی ژیانیان پێداین. ئێمە بە یارمەتی ئەوان دەژیاین. بەلام ئێستا ٦ ڕۆژە لێرەین. هەروەک چۆن لە ئیدلب هەڵاتین، دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی لە جندرێس-یش ناچاری کۆچكردنیان کردین.»

له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا، نادیه‌ باس ژیانی خۆیان له‌ عه‌فرین ده‌كات و ده‌ڵێت؛ عه‌فرین بۆ ئێمه‌ ئارامترین شوێنه‌ و ژیان له‌گه‌ڵ كوردان زۆر ئه‌من و ئارامه‌.

«ئێمە دەمانەوێ ئەو شەڕە کۆتایی پێبێت و منداڵەکانمان لە ئارامیدا گەورە بکەین. ئێمە جیا لە ئارامی هیچی دیکەمان ناوێ. گەلی عەفرین زۆر یارمەتی ئێمە دەدەن. لەو ڕۆژەوەی هاتووین یارمەتیمان دەدەن تا بتوانین بژین. ئێمە کە لە ئیدلب-ه‌وه‌ هاتین نەمانتوانی بچووکترین پێداویستییەک لەگەڵ خۆمان بێنین. لە جندرێس، لەنێو باخی زەیتووندا کاریان پێدابووین. بەڕاستی ژیان لە نێو کورداندا ئەمن و ئارامە. ئێمە لە سەرەتای شەڕدا نەماندەویست ماڵ و حاڵی خۆمان بە جێهێڵین، عەفرین بۆ ئێمە ئارامترین شوێنە. خاک لێرە شەڕەف و نامووسە. ئایا دەکرێ مرۆڤ دەست لە شەڕەف و نامووسی خۆی بەردات؟ ئەگەر ئەوان بێ شەڕەف و نامووسن، ئێمە خاوەن هەردووکیانین و دەست لە خاک و نیشتیمانی خۆمان بەرنادەین.

عومەر عوسمان، یەکێکی دیکە لەو کۆچبەرانەیە کە پێشتر له‌ شاره‌كانی دیكه‌ی سووریا كۆچی كردووه‌ بۆ ناوچه‌ی جندرێس-ی عه‌فرین، به‌ڵام بەهۆی پەلامارە دڕندانەکانی سوپای تورکیا و چەتەکانی ئەردۆغان له‌سه‌ر جندرێس، جارێكی دیكه‌ كۆچبه‌ر بووه‌ و ئێستا ڕووی له‌ ناوه‌ندی شاری عەفرین کردووە. ئەویش لەگەڵ ٥ لە منداڵەکانی لە ژێرزەمینی خانوویەکدا دەژیت. 

«ئەوە ١٥ ڕۆژە ئێمە هاتووینەتە ئێرە. خانووەکەی ئێمەیان بۆردومان کرد، ئیدی لەوێ نەماندەتوانی بژین، هەر بۆیە ڕوومان لێرە کرد. ئەردۆغان لە کوشتنی ژن و منداڵیش سڵ ناکاتەوە و هیچ پێوانەیەکی ئەخلاقی نییە. مرۆڤ بۆ کەسێک کە بۆمب بەسەر ژنان و منداڵاندا دەبارێنێ، ده‌توانێ چ پێناسەیەک بدۆزێتەوە؟»

ش. م