پەدەکەسە: کورد بە چاوی ئەمریکا سەیری بابەتەکان ناکات

گێلۆ عیسا ئەندامى کۆمیتەى ناوەندیى پارتی دیموکراتیکى کورد لە سوریا (پەدەکەسە – PDKS) ناڕەزایەتیى لە دژی بڕیارەکەى ئەمریکا لە دژی کادێری پێشەنگی پەکەکە خستەڕوو و رایگەیاند، کورد بە چاوی ئەمریکا سەیری بابەتەکان ناکات.

گێلۆ عیسا ئەندامى کۆمیتەى ناوەندیى پارتی دیموکراتیکى کورد لە سوریا (پەدەکەسە – PDKS) لەبارەى هەڕەشە و هێرشەکانى تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا، بڕیاری ئەمریکا لە دژی شۆڕشگێڕانى ئازادی جەمیل بایک، موردا قەرەیلان و دوران کاڵکان بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد.

 

گێلۆ عیسا رایگەیاند، لە هیچ سەردەمێکدا کورد بە ناوی تیرۆرەوە نەناسراوە، چونکە کورد هەموو کات لە دژی تیرۆر تێکۆشاوە و ئەمریکا ئەوەش بە باشی دەزانێت.

گێلۆ عیسا وتى "رەنگە ئەمریکا خواستبێتى بەو بڕیارە پەیامی 'دۆخی پەکەکە جیاوازە و دۆخی رۆژئاوا جیاوازە' بە دەوڵەتى تورک بدات، بەڵام ئەمریکا باش دەزانێت کورد هیچ پەیوەندییەکى بە تیرۆرەوە نییە، چونکە کورد بۆ خۆی لە دژی تیرۆر تێدەکۆشێت و هەموو کات داواى ئاشتیى کردووە. هەر کات کورد دەستى بۆ چەک بردووە ئەوە تەنها بۆ پاراستنى خۆی بووە و بۆ تێکشکاندنی هەڕەشەکان بووە".

پەکەکە پێشەنگی دۆزی کوردانە

ئەو ئەندامەى کۆمیتەى ناوەندیى پەدەکەسە رایگەیاند، پەکەکە لە باکووری کوردستان هەموو کات هەوڵی داوە بۆ دۆزینەوەى رێگا چارەی سیاسی و لەو چوارچێوەیەدا بزووتنەوەیەکە، کە کورد بە چاوی پێشەنگ سەیری دەکات.

راشیگەیاند "پەکەکە زۆر جار ئاگربەستى راگەیاندووە. هەوڵی داوە رێگا بۆ چارەسەری سیاسی بکاتەوە، بەڵام دەوڵەتى تورک ئەوەى قبوڵ نەکردووە و دەستبەرداری نکۆڵیکردن و سڕینەوە و پاکتاوکاری نەبووە. کورد وەک ئەمریکا بە چاوی دەوڵەتى تورک سەیری پێشەنگەکانى خۆی ناکات. ئێمە پارتی کرێکارانى کوردستان بە پێشەنگایەتیى ئەو هەڤاڵانە بە حیزبی پێشەنگی دۆزی کورد دەزانین. ئەو حیزبە هاوکات بۆ ئازادی و یەکسانیى گەلان تێدەکۆشێت، بەڵام هەرگیز ئەوە قبوڵ ناکات کە سەر دابنەوێنێت. کورد بەو چاوە سەیری پەکەکە و کادێرەکانى دەکەن. کێ چۆن و بە چ شێوەیەک سەیری بابەتەکە دەکات ئەوە کێشەى خۆیانە".

بۆ دڵخۆشیى دەوڵەتى تورکە

گێلۆ عیسا باسی ئەوەیکرد "سەیرکردنى پەکەکە و پێشەنگەکانی بەو چاوە بە مانای تیرۆریزەکردنی هەموو کوردانە. ئێمە دەبینین، کە ئەو بڕیارە بۆ ئەوەیە دڵی دەوڵەتى تورک خۆش بکەن. ئێمە جارێکیتر دەیڵێینەوە، ئەوانە پێشەنگی ئێمەن و هەمیشەش هەر پێشەنگمان دەبن".

دەوڵەتى تورک دوژمنی کوردانە

باسی ئەوەشیکرد "دەوڵەتى تورک هەرگیز دەستبەرداری دوژمنایەتیکردنى کوردان نەبووە. گەلی کوردیش ناچار بووە بەرگری لە خۆی بکات. ئێمە لە قەیرانى سوریادا ئەو دوژمنایەتیى دەوڵەتى تورک زۆر بە روونی و بە ئاشکرا دەبینین. هەماهەنگ لەگەڵ داعش و بەرەی نوسرە و گروپەکانى بە ناو 'ئۆپۆزسیۆنى سوریا' دەجوڵێتەوە و هەوڵی سەرخستنى ئەوانى دا، بەڵام لەبەر ئەوەى سەرنەکەوت خۆی راستەوخۆی دەستیکرد بە هێرش و داگیرکەری. ئێستاش بە هەڕەشەکانی باس لە هێرشکردنە سەر رۆژهەڵاتى فورات دەکات".

 ئێمە ئەو سیاسەتانە قبوڵ ناکەین

گێلۆ عیسا ئەندامى کۆمیتەى ناوەندیى پەدەکەسە ئەوەشى خستەڕوو "لەو رۆژەوە کە قەیرانى سوریا دروستبووە گەلی کورد لەگەڵ گەلانى تری ناوچەکەدا باج و قوربانیی گەورە بۆ ئازادی دەدەن. دەوڵەتی تورکیش هەڕەشە لە دژی هەموو گەلان و پێکهاتە جۆراوجۆر و جیاوازەکانى ناوچەکە دەکات. هێرش دەکاتە سەر سیستمەکەمان و نایەوێت ئێمە گفتوگۆ لەبارەى مافەکان لە سوریای داهاتودا بکەین. ئێمە ئەوە هەرگیز قبوڵ ناکەین. ئێمە باج و قوربانیمان داوە و قوربانیى تریش ددەین، بەڵام ئەوە قبوڵ ناکەین. ئێمە هەرگیز ئەو سیاسەتانەى دەوڵەتی تورک قبوڵ ناکەین".

دەیەوێت جارێکیتر چەتەکانى بەربداتەوە هەرێمەکە

گێلۆ عیسا ئەوەشى وت "هەڕەشەکانى دەوڵەتى تورک بە مانای ئەوەیە، کە دەیەوێت سەرلەنوێ داعش و بەرەی نوسرە زیندووبکاتەوە. دەیەوێت لەو رێگەیەشەوە چەتەکانی بە هەرێمەکدا بڵاوبکاتەوە".

وتیشی "ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى بە پێشەنگایەتیى ئەمریکا لە تێکۆشانداین. ئێمە داعش و چەتەکانى ترمان لە منبج، تەبقا، رەقا و دێرەزۆر کردە دەرەوە، بەڵام ئەو چەتانە کە ئێمە لە هەرێمەکە دەرمان پەڕاندن دەوڵەتى تورک لە ئیدلب کۆی کردنەوە. ئێستاش دەیەویت بە ناوی ترەوە بەریان بداتەوە هەرێمەکە. باشە ئێمە چۆن دەتوانین ئەوانە قبوڵ بکەین؟. پێویستە ئەمریکا چاو بە سیاسەتەکانیدا بخشێنێتەوە. هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى ناچارە لەو بابەتەدا زۆر بە هەستیارییەوە بجوڵێتەوە".

ر.م