ڕێكخراوێكی سووریا: چه‌ته‌كانی توركیا به‌ ئامبولانس بازرگانیی تلیاك ده‌كه‌ن

ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ لە سووریا ڕایگه‌یاند، له‌و هه‌رێمانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركه‌وه‌ داگیركراون، بازرگانیی ماده‌ی تلیاك زیادی كردووه‌. ئاشكراشی كرد، به‌ ئامبولانسی ڕێكخراوی مانگی سووری سووریا بازرگانیی تلیاك ده‌كرێت.

ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ لە سووریا (SOHR) ڕایگه‌یاند، كارمه‌ندانی ته‌ندرووستی له‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی كه‌ چه‌ته‌كانی به‌ ناو «قه‌ڵغانی فورات» داگیریان كردووه‌، بواری ته‌ندرووستی بۆ بازرگانیی ماده‌ی تلیاك به‌كاردێنن.

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوی ڕێكخراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌، ئامبولانسه‌كانی مانگی سووری سووریا كه‌ له‌ قه‌ڵای مه‌دیق-ه‌وه‌ ده‌ربازی ئیدلب بوون، به‌ر له‌ ٣ هه‌فته‌ دوای چوونیان بۆ ناوچه‌كانی ئیدلب و عه‌زاز، چوونه‌ته‌ ناوچه‌ی باب. له‌ ٩ ئامبولانس كه‌ ده‌ربازی ئه‌و ناوچانه‌ بوون،‌ ته‌نیا ٧ ئامبولانس كۆنتڕۆڵ كراون.

سه‌رچاوه‌یه‌ك به‌ ڕێكخراوه‌كه‌ی ڕاگه‌یاندووه‌، كارمه‌ندێك له‌و ٢ ئامبولانسه‌دا كه‌ كۆنتڕۆڵ نه‌كراون، ماده‌ی تلیاكی دۆزیوه‌ته‌وه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی نه‌خۆشخانه‌ی ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌. نه‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئامبولانسه‌كه‌ له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ دووركه‌وتوونه‌ته‌وه‌، نه‌یانتوانیوه‌ ده‌ستێوه‌ردان بكه‌ن.

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ لە سووریا باس له‌وه‌ كراوه‌، چه‌ته‌كانی هه‌مزه‌ له‌ ڕێی به‌رتیله‌وه‌ ئه‌و ئامبولانسانه‌ به‌رده‌ده‌ن كه‌ ماده‌ی تلیاك ده‌گوازنه‌وه‌.

 s.m