کۆبانێ بووەتە سیمبولێک کە هەموو کەس دەیەوێت سەردانى بکات

ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا ٤ ساڵ لەوە پێش وتبوی "کۆبانێ دەکەوێت"، بەڵام کۆبانێ نەکەوت و بووە سیمبولی بەرخودان بۆ سەرتاسەری جیهان. ئێستاش هەموو کەس تامەزرۆییە سەردانى ئەو شارە بکات و بیبینێت.

ساڵی ٢٠١٤ لەم شارەدا کچان و کوڕانى ئەم وڵاتە بڕیاریاندا بەرخودان بکەن و رێگا نەدەن شارەکەیان بکەوێتە دەستى دڕندەکانى ئەم سەدەیە. سوپاى وڵاتەکان نەیادەتوانى خۆیان لە بەرامبەر داعش دا رابگرن، بەڵام سەدان کچ و کوڕی وەک ئارین، هێرش، گەلهات و رێڤانا لەو رۆژگارەدا جەستەى خۆیان کردە قەڵغان و رێگایان نەدا شارەکەیان بکەوێت.

 ئەو رووداوە بە بەرچاوى جیهانیانەوە روویدا. لە میدیا جیهانییەکاندا دەنگی دایەوە. بەرخودانى ئەمشارە بووە رۆژەڤی رۆژنامەکان و تەلەفزیۆنەکان. لەوکاتەدا هەموان بۆ کۆبانێ رژانە سەر شەقامەکان و خاوەندارییان لە بەرخودانەکەى کرد. ئەو بەرخودانە کاریگەریى لەسەر زۆر کەس دروستکرد و لە هەر چوار لاى جیهانەوە زۆر کەس هاتن و بەشداری ئەو بەرخودانە بوون.

کەنداڵ چیا گەنجێکى سویسرییە. لەو کاتەدا ناوی کۆبانێ و بەرخودانەکەى بیست و رووی لە رۆژئاوا کرد. تاوەکو ئێستا لە رۆژئاوایە. لەوبارەیەوە دەڵێت "من تەنها ناوی کۆبانێ و شۆڕشم بیستبوو، بەڵام پێشتر لە دوورەوە بە بەردەوامى ناو شۆڕشەکەم بەر گوێ دەکەوت، بەڵام  کاتێک هاتم بۆ کۆبانێ من بە چاوی خۆم شۆڕشەکە و بەرخودانەکە و کۆبانێم بینی".

کەنداڵ چیا لە کۆبانێ دەمێنێتەوە و دەشڵێت "شۆڕشەکەمان کۆتایى پێنەهاتووە، دواى چوار ساڵ و سەرباری ئەوەى زۆر شت گۆڕاوە، بەڵام هێشتا رێگایەکى درێژمان لە بەردەمدایە".

ئەوەى کە چەتەکانى داعش لەوکاتەدا نەیانتوانى ئەنجامى بدەن ئێستا دەوڵەتى تورکیا دەیەوێت ئەنجامى بدات. هەڕەشە دەکات و هێرش دەکاتە سەر رۆژئاواى کوردستان.

ئاڤاشین هەردەم، کچێکى ئەڵمانییە. بەرخودانى ژنانى کورد کاریگەریی لەسەر هەردەم دروستکردووە. هەردەم لەبارەى ئەو کاتەوە دەڵێت "لە وڵاتەکەى مندا هەندێک ژن کار بۆ دۆزی ئازادى دەکەن. گروپ گروپی لێیە، کە کار بۆ ئازادی دەکەن، بەڵام لێرە هەموو کەس بۆ ئازادی تێدەکۆشێت. وزەیەکى زۆر گەورە و بەهێزە لێرەیە".

ئاڤاشین هەردەم ئاماژەی بە تێکۆشانی چەکداریى ژنانى کورد کرد و وتى، ژنان سەلماندیان کە چۆن دەتوانن مافەکانى خۆیان بەدەست بهێنن و کۆمەڵگە بەڕێوەببەن.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا ٤ ساڵ لەوە پێش وتبوی "کۆبانێ دەکەوێت" نەک کۆبانێ نەکەوت، بەڵکو بووە سیمبولی بەرخودان لە سەرتاسەری جیهاندا. ئێستاش هەموو کەسێک تامەزرۆیە سەردانى کۆبانێ بکات و کۆبانێ ببینێت.

ر.م