گه‌رده‌لوولی جزیر: ٦ چه‌ته‌ی داعش كوژران

ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتیك (قه‌سه‌ده‌) ئاماری شه‌ڕی ٢٤ كاتژمێری ڕابردووی هه‌ڵمه‌تی گه‌رده‌لوولی جزیری ڕاگه‌یاند كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی «شه‌ڕی نه‌هێشتنی تێرۆر»دا له‌ دێره‌زۆر به‌ڕێوه‌ده‌چێت. 

ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی قه‌سه‌ده‌ ئاشكرای كرد، له‌ ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ٦ چه‌ته‌ی داعش كوژراون و ده‌ستیش به‌سه‌ر بڕێك چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی چه‌ته‌كاندا گیراوه‌.

ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوی قه‌سه‌ده‌:

به‌ره‌ی باغۆز

«شه‌ڕڤانانی ئێمه‌ له‌ دژی خاڵه‌كانی چه‌ته‌كان چالاكییه‌كیان ئه‌نجام دا و چه‌ندین چه‌ته‌ كوژران، هه‌روه‌ها زیانێكی زۆری مادیشیان پێگه‌یشت. چه‌ته‌كان سوودیان له‌ سرووشتی ناوچه‌كه‌ وه‌رگرت كه‌ دره‌ختی زۆری لێیه‌ و هێرشێكیان ئه‌نجام دا. ویستیان له‌نێو دره‌خته‌كانه‌وه‌ هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر شه‌ڕڤانانی ئێمه‌. كاتێك گه‌یشتنه‌ نزیك خاڵه‌كانمان، هێزه‌كانمان هێرشه‌كه‌یان تێكشكاند. دواتر له‌نێوان هێزه‌كانمان و چه‌ته‌كاندا شه‌ڕێكی سه‌خت هاته‌ ئاراوه‌ و چه‌ندین چه‌ته‌ كوژران. به‌هۆی مینڕێژكراوی و سرووشتی ناوچه‌كه‌، نه‌مانتوانی ژماره‌ی كوژراوه‌كان ڕوون بكه‌ینه‌وه‌.

فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانان تونێلێكیان ڕووخاند كه‌ چه‌ته‌كان به‌كاریان ده‌هێنا، به‌ڵام نه‌زانرا چه‌ته‌كان‌ له‌نێو تونێله‌كه‌دا هه‌بوون یان نا.

شه‌وی ڕابردوو به‌ ژماره‌یه‌كی زۆری كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی له‌ ده‌وروبه‌ری گوندی مورشید جموجۆڵی تێرۆریستان هه‌بوو. به‌و هۆیه‌وه‌ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌یان تۆپباران كرد. له‌ خه‌باتی پاككردنه‌وه‌ی گوندی مورشید-دا، شه‌ڕڤانانی ئێمه‌ بڕێك چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییان دۆزیه‌وه‌.

به‌ره‌ی هه‌جین

له‌م به‌ره‌یه‌دا شه‌ڕی قورس له‌نێوان شه‌ڕڤانانی ئێمه‌ و چه‌ته‌كان ڕوویدا. شه‌ڕڤانانمان پێشڕه‌وییان كرد. له‌ شه‌ڕی ئه‌م به‌ره‌یه‌دا هه‌ژمارێك چه‌ته‌ كوژران و زیانی مادیشیان پێگه‌یشت.

ئامار

- ٦ چه‌ته‌ كوژران

- فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانان ٤ هێرشیان ئه‌نجام دا كه‌ ٣ جاریان به‌ مووشه‌كی هایمه‌رز بوو.

- تونێلێك و بنكه‌یه‌كی تێرۆرستان ڕووخێنران

- تۆپێكی هاوه‌ن و هه‌ژمارێك پێداویستییه‌كانی له‌گه‌ڵ تۆپێكی مووشه‌كی گه‌رمی كه‌وتنه‌ ده‌ستی شه‌ڕڤانان»

s.m