یه‌په‌ژه‌: به‌ هێزی خۆمان شۆڕشی مرۆڤایه‌تی مسۆگه‌ر ده‌كه‌ین

یه‌په‌ژه‌ به‌بۆنه‌ی ١ی نۆڤه‌مبه‌ر ڕۆژی جیهانیی كۆبانێ ڕایگه‌یاند، به‌ هێزی خۆسه‌ری خۆمان شۆڕشی ڕۆژاڤا و مرۆڤایه‌تی مسۆگه‌ر ده‌كه‌ین.

فه‌رمانداره‌تیی گشتیی یه‌كینه‌كانی پاراستنی ژن (یه‌په‌ژه‌) به‌بۆنه‌ی ١ی نۆڤه‌مبه‌ر (١ی تشرینی دووه‌م\١٠ی گه‌ڵاڕێزان) ڕۆژی جیهانیی كۆبانێ په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌.

ده‌قی په‌یامی یه‌په‌ژه‌:

«پیرۆزبایی ١ی نۆڤه‌مبه‌ر ڕۆژی جیهانیی كۆبانێ له‌ مرۆڤایه‌تی، گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین، گه‌لانی باكووری سووریا و ته‌واوی كوردستانیان ده‌كه‌ین، ئه‌وانه‌ی بوونه‌ به‌شێك له‌ به‌رخۆدانی كۆبانێ. به‌ ڕێزداری و منه‌تدارییه‌وه‌ سه‌ره‌تا یادی شه‌هیدانی ئینته‌رناسیۆنال كه‌ له‌پێناو ڕزگاركردنی كۆبانێ گیانی خۆیان فیدا كرد ده‌كه‌ینه‌وه‌. هه‌روه‌ها له‌ كه‌سایه‌تیی شه‌هید ئارین میركان، ڕێڤان كۆبانی، ئیڤانا هۆفمان، سیبه‌ل بوولووت و رفات هۆرۆز-دا یادی هه‌موو شه‌هیدانی كۆبانێ و شۆڕشی باكووری سووریا ده‌كه‌ینه‌وه‌.

به‌رخۆدانی كۆبانێ گه‌ردوونی بوو

ڕۆژی ١ی نۆڤه‌مبه‌ر كه‌ هه‌موو جیهان له‌ بابه‌تی كۆبانێدا یه‌كی گرته‌وه‌، مۆری خۆی له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تی دا. له‌ هیندستان تا ژاپۆن، پاكستان، ئیكوادۆر، پێرۆ، ئه‌رجه‌نتین تا ئیتاڵیا و ئیسپانیا هه‌موو جیهان به‌ گوتنی سیاسه‌تێكی دیكه‌ مومكینه‌، به‌ هێرشه‌ دڕندانه‌كانی داعشیان گوت ئیدی به‌سه‌. بزووتنه‌وه‌ دیموكرات و ئاشتیخوازه‌كان باوه‌ڕیان كرد كه‌ به‌رخۆدانی كۆبانێ ده‌ستپێكردنی ئاشتیی جیهانه‌، بۆیه‌ به‌ درووشمی [له‌پێناو ئاشتی كۆبانێ بپارێزه‌] ڕژانه‌ مه‌یدانه‌كان. به‌م شێوه‌یه‌ كۆبانێ به‌ پێشه‌نگایه‌تیی به‌رخۆدانی ژنانه‌وه‌ به‌گه‌ردوونی بوو. هه‌موو مرۆڤایه‌تی هێرشه‌ دڕندانه‌كانی داعشیان وه‌ك مه‌ترسییه‌ك بینی و خاوه‌نداره‌تییان له‌ به‌رخۆدانی به‌هاداری كۆبانێ كرد.

ئه‌م به‌رخۆدانه‌ به‌ پێشه‌نگیی ژنی كورد ده‌ستی پێكرد

ئه‌م به‌رخۆدانه‌ به‌ پێشه‌نگایه‌تیی ژنی كورد ده‌ستی پێكرد، به‌ڵام ڕۆژ به‌ ڕۆژ بوو به‌ به‌رخۆدانی هه‌موو ژنانی جیهان و بۆ سه‌رانسه‌ری جیهان درێژ بوویه‌وه‌. به‌رخۆدانی شه‌ڕڤانانی یه‌په‌ژه‌ هه‌موو جیهانی هه‌ژاند و وه‌های كرد كه‌ هه‌موو جیهان له‌ ده‌وری شۆڕشی ڕۆژاڤا كۆببێته‌وه‌. له‌گه‌ڵ به‌رخۆدانی كۆبانێ، شۆڕشی ڕۆژاڤا ناسنامه‌ی گه‌ردوونی به‌ده‌ستهێنا. ئیدی شۆڕشی باكووری سووریا به‌م ناسنامه‌یه‌ خۆی بونیاد نا و ده‌ستكه‌وتی زۆر گه‌وره‌ی ئافراند. سه‌دان شه‌ڕڤانی ئینته‌رناسیۆنال به‌شدارییان كرد له‌ ڕیزه‌كانی یه‌په‌ژه‌ و یه‌په‌گه‌. سه‌ره‌تا له‌ كۆبانێ و عه‌فرین، به‌گشتی له‌ هه‌موو به‌ره‌كانی شه‌ڕدا جێی خۆیان گرت، ڕابه‌رایه‌تیی قاره‌مانه‌تیی و فیداكارییه‌كی گه‌وره‌یان كرد و گه‌یاندیانه‌ ئاستی شه‌هیدبوون. ئه‌وان له‌ژێر ناوی پاراستنی به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌كان، ڕوویان له‌ شۆڕشی باكووری سووریا كرد.

داعش له به‌رده‌م له‌ناوچوونه‌

ئێستاش به‌ قۆناغی كۆتایی هه‌ڵمه‌تی گه‌رده‌لوولی جزیر، چه‌ته‌كانی داعش له‌ به‌رده‌م له‌ناوچوونن. ئیدی هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو چه‌په‌ڵیی ئه‌وان له‌سه‌ر خاكی سووریا پاك ده‌كرێته‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت هه‌ر هه‌ڵمه‌تێك شاهیدی بۆ قاره‌مانه‌تیی و فیداكاریی گه‌وره‌ ده‌دات. ئه‌م هه‌نگاوانه‌ به‌ئاسانی نانرێن، به‌ڵام ده‌بینین كه‌ به‌تایبه‌تی توركیا، ته‌واوی هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان جارێكی دیكه‌ به‌ هێرشه‌كانیان پشتگیری له‌ هێزی ئه‌و چه‌تانه‌ ده‌كه‌ن. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ژێر ناوی ئارامیی سووریادا ڕێككه‌وتنی چه‌په‌ڵ ده‌كه‌ن و له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ هاوكاری داعش ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ ده‌ریده‌خات كه‌ ئه‌و هێزانه‌ ده‌یانه‌وێت ڕۆژاڤا و سووریایه‌كی به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان دامه‌زرێنن و ئیراده‌ی گه‌لی هه‌رێمه‌كه‌ له‌به‌رچاو نه‌گرن. هێرشی ده‌وڵه‌تی تورك له‌سه‌ر گونده‌كانی كۆبانێ ئاشكراترین نموونه‌ی ئه‌مه‌یه‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ڕای گشتی ئاگاداره‌ له‌ به‌رانبه‌ر هێرشه‌كان، كاردانه‌وه‌ی پێویستی نییه‌. بێگومان ئه‌مه‌ بۆ كه‌سانی ئازادیخواز جێی لێپرسینه‌. یه‌په‌ژه‌ ئه‌مڕۆش به‌ هه‌مان پێداگرییه‌وه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ تێده‌كۆشێت. باوه‌ڕمان وایه‌ كه‌ هه‌ر كه‌سێكی ئازادیخواز جارێكی دیكه‌ به‌ ئه‌ركی ئه‌م قۆناغه‌ی خۆی هه‌ستێت و پشتگیری له‌ تێكۆشانی یه‌په‌ژه‌ و یه‌په‌گه‌ بكه‌ن. هه‌ر وه‌ك چۆن له‌ كۆبانێ مرۆڤایه‌تی بێده‌نگ نه‌بوو و به‌ ڕاپه‌ڕینی خۆیان بوونه‌ به‌شێك له‌م به‌رخۆدانه‌، پێمان وایه‌ ئه‌مڕۆش بۆ پاراستنی به‌هاكانی هه‌موو مرۆڤایه‌تی له‌ ده‌وری شۆرشی ڕۆژاڤا و ته‌واوی سووریا كۆده‌بنه‌وه‌.

ئێمه‌ وه‌ك هێزه‌كانی یه‌په‌ژه‌، به‌م بیروباوه‌ڕه‌وه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك هێرشه‌كان تێكده‌شكێنین، به‌ هێزی خۆمان و گه‌له‌كه‌مان شۆڕشی ڕۆژاڤا و ته‌واوی مرۆڤایه‌تی مسۆگه‌ر ده‌كه‌ین. به‌م بانگه‌شه‌ و بڕیاردارییه‌وه‌ جارێكی دیكه‌ به‌ ڕێزداری یادی هه‌موو شه‌هیدانی به‌رخۆدانی كۆبانێ، شه‌هیدانی به‌رخۆدانی سه‌رده‌م و ته‌واوی شه‌هیدانی باكووری سووریا ده‌كه‌ینه‌وه‌ و به‌ڵێنی سه‌ركه‌وتن دووباره‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌.»

s.m