یه‌په‌گه‌: سوپای تورك هه‌وڵی تێكدانی ئارامی ناوچه‌كه‌ ده‌دات

یه‌په‌گه‌ ده‌رباره‌ی هێرشی ده‌وڵه‌تی تورك دژی گونده‌كانی كۆبانێ ڕایگه‌یاند، سوپای تورك هه‌وڵی تێكدانی ئارامی ناوچه‌كه‌ ده‌دات.

ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه‌) ده‌رباره‌ی هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر بۆ سه‌ر گونده‌كانی سنووری كانتۆنی كۆبانێ به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند، ده‌وڵه‌تی تورك به‌ گێره‌شێوێنی هه‌وڵی تێكدانی ئارامیی ناوچه‌كه‌ ده‌دات.

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ی یه‌په‌گه‌:

«سوپای توركی داگیركه‌ر كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ هێرش و پێشێلكارییه‌كانی له‌ به‌رانبه‌ر هه‌رێمی باكووری سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان زیاد كردووه‌، هه‌وڵ ده‌دات به‌ گێره‌شێوێنی دۆخی ئارام و ئاسایشی هه‌رێمه‌كه‌ تێكبدات، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ تا ئێستا سه‌دان نموونه‌ی وه‌ها ڕوویانداوه‌، سوپای توركی داگیركه‌ر له‌ ٢٨ی تشرینی یه‌كه‌م\٦ی گه‌ڵاڕێزان (ئه‌مڕۆ) گونده‌كانی زۆرمخار، چارخلی، سفته‌ك و ئاشمێ-ی ڕۆژئاوای كۆبانێی به‌ هاوه‌ن و چه‌كی قورس تۆپباران كرد. هێزه‌كانمان ده‌موده‌ست وه‌ڵامی ئه‌و هێرشانه‌یان دایه‌وه‌. له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌كان شه‌ڕڤانێكی ئه‌ركی خۆپاراستن بریندار بوو و دواتریش شه‌هید بوو. ئه‌م هێرشانه‌ به‌بێ هۆ كران و ئامانجیان دروستكردنی ئاڵۆزییه‌كی نوێیه‌ له‌ هه‌رێمه‌كه‌.

له‌م كاته‌دا كه‌ ئێمه‌ به‌ هه‌موو هێزی خۆمان هه‌وڵ ده‌ده‌ین تێرۆری داعش له‌ هه‌رێمه‌كانی خۆمان ده‌رخه‌ین و به‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕدا تێده‌كۆشین، ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر به‌م هێرشه‌ بێ هۆیانه‌ی هاوكارییه‌كی ناڕاسته‌وخۆی داعش ده‌كات. ئێمه‌ جارێكی دیكه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نین كه‌ له‌ ناوچه‌كانی ئێمه‌وه‌ له‌ دژی سنووره‌كانی ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر هیچ هێرشێك نه‌كراوه‌ و ئامانجی ئه‌م هێرشانه‌ ته‌نیا ئاژاوه‌گێڕی و زیندووكردنه‌وه‌ی داعشه‌. ئێمه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نین كه‌ هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك هێرش بكات، له‌ به‌رانبه‌ر هیچ هێرشێكی ناڕه‌وای به‌رانبه‌ر خاكی باكووری سووریا بێ وه‌ڵام نابین و مافی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ كه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌كی پێویست خۆمان له‌ به‌رانبه‌ر هێرشه‌كان بپارێزین.»

s.m