یەپەژە؛ تۆڵەی هاوڵاتی و هەڤاڵانی خۆمان دەکەینەوە

زۆزان کۆبانی، فەرمانداری یەکینەکانی پاراستنی ژن لە عەفرین، ((بەرخۆدانی سەردەم))ی هەڵسەنگاند و ڕایگەیاند کە ئەو شکستەی بە داعشمان دا لە کۆبانی، هەمان شتیش لە عەفرین بە ئەردۆغان دەکەین و بەڵێن دەدەین ''تۆڵەی هەر هاوڵاتیی و هەڤاڵێکی خۆمان دەکەینەوە".

 

زۆزان کۆبانی، لە وتووێژیکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات، وەها دەستی کرد بە قسەکانی و وتی: هەوڵدانی داگیرکردنی عەفرین لەلایەن سوپای تورکیا، چەتەکانی ئەردۆغان کە لە پاشماوەکانی داعش وبەرەی نوسرە پێکهاتوون و لە بەرانبەریشدا، بەرخۆدانی شەڕڤانانی یەپەگە/ یەپەژە، لە ٢٢یەمین ڕۆژ دایە. سوپای تورکیا کە بەهۆی خۆراگری شەڕڤانانەوە توانای بەرەوپێشچوونی نییە، هاوڵاتیی مەدەنی دەکوژێ.

زۆزان کۆبانی، وتی: هەوڵدانی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا و چەتەکان قەد سەرناگرێ. لە ٢١ ڕۆژی ڕابردوودا، شەڕی زۆر قورس ڕوویدا. سوپای داگیرکەری تورکیا، چەتەکانی ئەلقاعیدە، نوسرە، سوڵتان موراد و بە دەیان گروووپی چەتەی دیکەی سەر بە تورکیا، لەدژی گەلی عەفرین و گەلی کورد هێرشێکی بەرفراوانیان کرد. سوپای تورکیا بەو هێزانە شەڕی کورد دەکات، ئەوەش بەشێکە لە سیاسەتی حکوومەتی ئاکەپە.

"بە کوشتنی هاوڵاتیان، بەدوای وەرگرتنی ئەنجامەوەن"

کۆبانی، وتیشی: دەوڵەتی تورکیا سەرەڕای تاقیکردنەوەی هەموو جۆرە چەکێکی پێشکەوتوو، نەیتوانی بەرخۆدانی عەفرین بشکێنن و ئەنجامێکیان  بەدەست نەهێناوە ، ئێستا بە کوشتنی هاوڵاتیان دەیەوێ ئەنجام وەرگرێت. سوپای تورکیا لە عەفرین چەکی زۆر قورس بەکار دێنێت و چەتەکان وەپێش خۆی دەدا، بەڵکوو بتوانێ پێشڕەوی بکات، بەڵام شکستی هێناوە.

زۆزان کۆبانی، هەروەها ڕایگەیاند کە : گەلی عەفرین داگیرکاری قەبووڵ ناکات و بە بەرخۆدانی ٢١ ڕۆژەی خۆی ئەوەی پێشان داوە. دەوڵەتی تورکیا بە وتنی ئەوەی "عەفرین، تیرۆریستی لێیە"، بەدوای ڕەوایەتی دانە بەو داگیرکارییە. بەڵام گەلی عەفرین، یەپەگە / یەپەژە، هێزی پاراستنی جەوهەری و هێزی جڤاکی لە عەفرینن و لەدژی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا مافی بەرگری ڕەوا بەکار دێنن و خۆیان دەپارێزن.

 گەلی قارەمانی ئێمە، ژنان شانبەشانی شەڕڤانانی یەپەژە/ یەپەگە لە سەنگەرەکانی بەرگرییدا، جێ دەگرن. گەلی عەفرین و شەڕڤانەکانی، پەیامێک دەدەنە جیهان کە ''ئێمە کوردین و ئیرەش عەفرینە. دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی وا بە ئاسانی ناتوانن بێنە ئێرە. دەوڵەتی تورکیا هەرچەند هەوڵ بدات گەلی عەفرین لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان کۆچبەر بکات، بەڵام ئەو گەلە دەڵێ ئێمە لێرەین و هەر ئێمەش خاوەنی ئەو خاکەین".

 "ئێمە دەوڵەتی تورکیا لەبەر یەک هەڵدەوەشێنین"

زۆزان کۆبانی، فەرمانداری یەپەژە لە عەفرین، وتیشی: لە ٢١ ڕۆژی ڕابردوودا شەڕڤانانی ئێمە گورزی زۆر قورسیان لە دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی داوە. دەوڵەتی فاشیستیی تورکیا، هەژماری کوژراو و بریندارەکانی خۆی دەشارێتەوە. لە ڕاگەیاندنەکانییەوە، شەڕێکی زۆر پیس بەڕێوە دەبات و ڕاستییەکان بە پێچەوانەوە بڵاو دەکاتەوە. بەڵام ئێمە دیسانیش هەر گورزی قورسیان لیدەدەین. ئێمە وەک یەپەژە، چۆن لە کۆبانی بە خوێنی ئارینەکان، بەرگریمان کرد و شکستمان به داعش هێنا، لە عەفرینیش به گیانی ئاڤێستا خابوور و بارینەکان، بەرگری دەکەین و دەوڵەتی تورکیا لەبەر یەک هەڵدەوەشێنین".

کۆبانی، لە کۆتایی وتووێژەکەیداوتی : ئێمە جارێکی دیکە لە پێش گەلی خۆمان سوێند دەخۆین تۆڵەی هەر هاوڵاتییەکی کە خوێنی ڕژێنراوە، هەر تەرمی شەڕڤانێکی کە بێ‌ڕێزی پێکراوە، لە دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی دەکەینەوە. دەبێ دەوڵەتی تورکیا بزانێ کە هەر یەک لە ئێمە دەبێتە ئاڤێستا خابوور و بارین و تۆڵەی لیدەکاتەوە''. کۆبانی لە دوایین وتەی دا دەڵێ ''ئێمە بەرگری دەکەین و سەریش دەکەوین".