جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبریی کەجەکە، کە لە بەرنامەی تایبەتی ستێرک تیڤی بەشداربوو، هەڵسەنگاندنی بۆ پەیامە ڤیدیۆییەکەی ڕێبەر ئاپۆ، مەراسیمی سوتاندنی چەکی گەریلا و دوایین پێشهاتەکانی سووریا کرد.
بایک باسی لەوە کرد کە دوای بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ، هێشتا گۆشەگیریی ئیمراڵی هەڵنەگیراوە و ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک هەوڵدەدات وا نیشانی بدات کە گۆشەگیری لابراوە، بەڵام ئەوە ڕاست نییە. بایک بە جەختکردنەوە لەوەی کە ڕێبەر ئاپۆ لە بارودۆخێکی دژواردا هەنگاوی یەکلایەنەی ناوە، وتی: "ڕێبەر ئاپۆ دەستپێشخەرانە زۆر هەنگاوی مێژوویی نا. ئەو داوای کۆتایی هێنان بە هەموو تێکۆشانێکی چەکداریی لەژێر ناوی پەکەکە و کۆتایی هێنان بە تێکۆشانی چەکداریی کرد؛ تەڤگەرمان وەڵامی ئەم داوایەی دایەوە و داواکارییەکانی ڕێبەرێتی بەجێهێنا. دوای ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ جووڵەیەکی یەکلایەنەی ئەنجامدا، لە لای خۆیەوە ئەرکەکانی بەجێهێنا. تەڤگەریش بەرپرسیارێتییەکانی ئەنجامدا. لە ئێستادا پێویستە بارودۆخی ڕێبەر ئاپۆ بگۆڕێت. پێویستە شوێنەکەی بگۆڕێت، پێویستە لەگەڵ خەڵک، بزوتنەوە، ڕۆشنبیران، سیاسەتمەداران و ئەکادیمییەکاندا پەیوەندی هەبێت. قەدەغەکان لاببرێن. ڕێبەر ئاپۆ ئەوەی توانی ئەنجامیدا. ئێستا نۆرەی دەوڵەتە هەنگاو بنێت."
بایک باسی لەوە کرد، تێکۆشانی چەند ساڵەی تەڤگەری ئازادیخوازی کورد و گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەوڵەتی تورکیای خستە تەنگانەوە، بەو هۆیەوە حکومەتی ئاکەپە هێشتا هەوڵدەدات لەڕێی فشار و دەستگیرکردنەکانەوە ئۆپۆزسیۆنەکان سەرکوت بکات. بایک بە جەختکردنەوە لەوەی ئەم دەوڵەتە لەڕێی فشار و دەستگیرکردنەکانەوە ناتوانێت لەم قۆناغە ناهەموارە ڕزگاری ببێت، وتی: "بۆ نموونە، لە ئەستەنبوڵ پۆلیس هێرش دەکاتە سەر ئەو کەسانەی گوێ لە موزیکی کوردی دەگرن و دوای توندوتیژی ژنێک ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکات. ئایا بەم شێوەیە کێشەکان چارەسەر دەکات؟ ئایا بەم شێوەیە گەل لەخۆی ڕازیدەکات؟ ئایا بەم شێوەیە حکومەت خۆی بەهێز دەکات؟ ئەمە ڕێی تێ ناچێت."
هەڵسەنگاندنەکانی جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بەم شێوەیەیە:
لەسەرەتادا دەمەوێت سەبارەت بە دیمەنە ڤیدۆییەکی ڕێبەر ئاپۆ پرسیار بکەم. دوای ٢٧ ساڵ پەیامێکی ڤیدیۆیی ڕێبەر ئاپۆ بڵاوبووەوە. چ پەیامێک بوو؟ چونکە تۆ وەکو هاوڕێیەک، لە ڕۆژی یەکەمەوە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بوویت. دوای ٢٧ ساڵ بینینی ڕێبەر ئاپۆ چی هەستێکی پێت بەخشی؟
لە سەرەتادا ڕێزی خۆم بۆ ڕێبەر ئاپۆ دەردەبڕم.
ڕێبەر ئاپۆ نەک تەنها بۆ ئێمە، بۆ تەڤگەرەکەمان، بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ مرۆڤایەتی ڕۆڵێکی مێژوویی دەگێڕێت. هەربۆیە بانگەوازەکەی بانگەوازێکی مێژووییە. ڕێبەر ئاپۆ بە بەرپرسیارێتییەوە کاردەکات.
هەر وەکو ئاماژەم پێدا، ئەو ئەم بەرپرسیارێتییە نەک تەنها بۆ تەڤگەر و گەلەکەمان، بەڵکو بۆ هەموو مرۆڤایەتی لەئەستۆ دەگرێت. دیمەنە بڵاوکراوەکان کاریگەری لەسەر هەموو هاوڕێیان هەبووە، بەڵام لە بنەڕەتدا کاریگەریی گەورەی لەسەر گەل و مرۆڤایەتی دانا.
کاریگەری زۆر باشی لەسەر گەلەکەمان هەبوو، چونکە ساڵانێکی زۆر بوو گۆشەگیری بەسەر ڕێبەر ئاپۆدا سەپێنرابوو. ئەم گۆشەگیرییە گۆشەگیرییەکی ئاسایی نەبوو. ڕەنگە هیچ کەسێک لە جیهاندا ئەزموونی گۆشەگیرییەکی لەو شێوەیەی نەکردبێت و ئەم گۆشەگیرییە ساڵانێک بەردەوام بوو. ئامانجەکەیش دابڕانی تەواوەتی پەیوەندی ڕێبەرێتی بوو بە تەڤگەر و گەل و مرۆڤایەتی. ئەوان بە بەردەوامیدان بە گۆشەگیری بەم شێوەیە، وایان دانابوو کە کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ڕێبەر ئاپۆ دروستبکەن و لەڕووی فکرییەوە لاوازی بکەن.
بەڵام دواتر بینیان کە ئەو گۆشەگیری و فشارانەی جێبەجێیان کرد، هیچ ئەنجامێکی نەبوو. بەپێچەوانەوە ڕێبەر ئاپۆ لەم بارودۆخی گۆشەگیرییەدا لەڕووی فەلسەفی و فکرییەوە قووڵتر بووەوە. لە مێژووشدا هەندێک نموونەی گۆشەگیری هەن؛ ئەو کەسانەی ئەزموونی ئەم گۆشەگیرییە دەکەن، دەچنە قوڵایی بیرکردنەوە.
بەڵام ئەم گۆشەگیرییەی کە ئەوان ئەزموونییان کردووە، هاوشێوەی گۆشەگیریی ڕێبەر ئاپۆ نییە. ڕێبەر ئاپۆ ساڵانێکە ئەزموونی ئەمە دەکات. ئەوەی مرۆڤێک ساڵانێکی زۆر لە جیهان، تەڤگەر جیابێتەوە و تەنها بمێنێتەوە، بارودۆخێکی دژوارە. ژیان بەو شێوەیە و تەنانەت برەودان بە بیرۆکەی نوێ دژوارە، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ حەقیقەتێکی هەیە؛ ڕێبەر ئاپۆ لە هەر بارودۆخێکدا بژیت، هەمیشە سەرنجی لەسەر ئامانجەکانیەتی و لەسەر ئەو بنەمایە بەردەوام دەبێت. هەر بەم هۆیەوە، گۆشەگیری دژی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامی پێچەوانەی هەبوو.
ئەگەر بە باشی هەڵسەنگاندن بۆ پەیامە ڤیدیۆییەکەی ڕێبەر ئاپۆ بکەین، دەتوانین بە باشی ببینین کە بۆ پێویستییەکانی گەلی کورد، گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەلانی تورکیا و بۆ مرۆڤایەتی چی پێویستە و ئەو دەیەوێت چی ئەنجامبدات.
ڕێبەر ئاپۆ لە بنەماڵەیەکی پەرتەوازەدا گەورەبووە. واتا ئەو لە بنەماڵەیەکی بێ ئومێد و پەرتەوازەدا دەژیا. ئەو لە کۆمەڵگەی کوردیدا پەروەردە بوو کە پەرتەوازە و ئومێد لە دەستچوو بوو. ڕێبەر ئاپۆ چی کردە بنەما؟ چۆنچۆنی دەتوانێت ئەم پەرەتەوازییە لەناوببات، کۆیان بکاتەوە، زیندوویان بکاتەوە، بیانخاتە سەر پێ؛ ئەمەی کردە بنەما. لێرەشدا کارێکی مێژوویی ئەنجامدا. ئەو دەستی وەردایە کۆمەڵگەیەک کە پەرتەوازە، نائومێد و لەژێر هێرشی هەمووان بوو؛ کۆمەڵگەی لە دۆخی هەنووکەیی ڕزگارکرد، خستییە سەر پێ و تەنانەت کردنیە نموونەیەک بۆ مرۆڤایەتی. ئەمە کارێکی ئاسان نییە. هیچ کەس لە جیهاندا بە ئاسانی ناتوانێت ئەم کارانە ئەنجامبدات. ڕێبەر ئاپۆ ئەمەی ئەنجامدا.
هەروەک چۆن ڕێبەر ئاپۆ کۆمەڵگەیەکی داڕماو، پەرتەوازە و نائومێد و ژنانی ئەم کۆمەڵگەیەی زیندووکردەوە، خستنە سەرپێ و زیندووکردنەوەی تەڤگەرگەلی سۆسیالیستی کە بە سۆسیالیزمی بونیادنراو پەرتەوازە ببوون و وەریچەرخاندە سەر ئومێد و هیوای مرۆڤایەتی کردە بنەما.
تا ئەو کاتەی پرسی کورد لە دەرەوەی چوارچێوەی شەڕ وەرنەگیرێت، ئەو تێکۆشانەی ئەنجامدراوە نەک تەنها دەرئەنجامێکی وای نابێت، بەڵکو زۆرێک لە گرووپەکان لەڕێی ئەو شەڕەوە لە کوردستاندا، بەردەوامی بە مانەوەی خۆیان دەدەن. گەلی کورد بۆ هەمیشە ڕووبەڕووی شەڕ و کوشتن دەبێتەوە.
تەواوی ئەو هەنگاوانەی ڕێبەر ئاپۆ ناوێتی و ئەو تێکۆشانەی کە برەوی پێداوە، لەسەر بنەمای ئەوە بووە کە چۆن بتوانێت ئەم گەلە لە پەرشوبڵاوی ڕزگار بکات و بیگەیەنێتە ئازادی و دیموکراسی. ئەو لەپێناو ئەمەدا تێکۆشانی کرد و تێکۆشانەکەی دەرئەنجامی هەبوو. کۆتای بە سیاسەتی نکۆڵیکردن بە کورد هێنا و هیوای بۆ کوردستان گێڕایەوە. لەبەرئەوەی ئەو ئەم گەلەی دووبارە زیندوو کردەوە و کردنی بە ئومێد و هێزێکی گەورە بۆ هەمووان. سەلماندی چیتر کەس ناتوانێت کورد لەناوببات. ڕێبەر ئاپۆ ئەمەی هێنایە بوون.
ئەو بەو هەنگاوانەی ناوێتی، دەیەوێت پرسی کورد لەسەر بنەمای دیموکراسی و ئازادی چارەسەر بکات، دەیەوێت کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک پەرە پێبدات. بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ لەسەر ئەو بنەمایەیە.
دەبینین هەلومەرجەکانی ئیمراڵی نەگۆڕاون. باسی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیان کرد و بانگەوازی باخچەلیش هەبوو، بەڵام هێشتا پارێزەر، بنەماڵە و شاندەکەی دەم پارتی ناتوانن بە ئاسایی بچنە ئیمراڵی. بە ڕای ئێوە گۆڕانێک هەیە یاخود هێشتا گۆشەگیری بەردەوامە؟
لە چەند مانگی ڕابردوودا گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ بەشێوەیەک گۆڕان و نەرمبوونی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام گۆشەگیری لانەبراوە. دەوڵەتی تورک هەوڵدەدات وای نیشان بدات گۆشەگیری لابراوە، بەڵام ئەمە ڕاست نییە. دەوڵەتی تورک بۆچی ئەمە بە پێویست دەبینێت؟ لەبەرئەوەی ئەنجوومەنی ئەورووپا تاوەکو مانگی ئەیلوول دەرفەتی داوە بە دەوڵەتی تورک بۆئەوەی گۆڕانکاریی لە هەلومەرجی ڕێبەر ئاپۆدا بکات. ئەو کاتە نزیکە. دەوڵەتی تورک لەم خاڵەدا تەنگەتاو دەبێت. لەلایەکی ترەوە، ڕێبەر ئاپۆ بە دەستپێشخەرییەکەی گەلێک هەنگاوی مێژوویی نا. داوای کۆتایی هێنان بە هەموو تێکۆشانێکی چەکداریی لەژێر ناوی پەکەکە و کۆتایی هێنان بە تێکۆشانی چەکداری کرد، تەڤگەرەکەشمان وەڵامی ئەمەی دایەوە و داواکارییەکانی ڕێبەرێتی بەجێهێنا. دوای ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ هەنگاوی یەکلایەنەی پێشخست، لە لایەنی خۆیەوە ئەوەی دەکەوێتە ئەستۆی بەجێی هێنا. تەڤگەرەکەمان ئاگربەستی ڕاگەیاند و بەشێوەیەکی ئەرێنی وەڵامی داواکارییەکەی ڕێبەر ئاپۆی بۆ دانانی چەک دایەوە. ئەمانە هەمووی یەکلایەنە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە پێشخران و تەڤگەر ئەو هەنگاوانەی کە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە پێشخرابوون بەهێزکرد و تەواوی کرد. هەندێک باوەڕیان وابوو کە ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ ئەو هەنگاوانە بنێت، کێشە و دابەشبوون لەنێو و تەڤگەر و خەڵکدا دەردەکەوێت و ئەو کات ئەنجامێکی ئاسانتر بەدەستدەهێنن. بەڵام بینیان کە لەنێوان ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەردا، لەنێوان ڕێبەر ئاپۆ و خەڵکدا پەیوەندییەکی بەهێز هەیە. هەمووان ئەمەیان بینی. بینیان کە مەحاڵە لەنێوان تەڤگەر و خەڵکدا دابەشبوون و کێشە دەرکەوێت.
بینیان کە ڕێبەر ئاپۆ لاواز نییە و زۆر بەهێزە. بینیان کە هەم لەلای تەڤگەر و هەم لەلای گەلیش ڕۆژ بە ڕۆژ گەورە دەبێت و لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییشدا پێشدەکەوێت. لەبەرئەوە تەنگەتاو بوون و وا نیشانیاندا کە گۆشەگیری لابراوە. ویستیان بە هێنانەکایەی ئەم تێگەیشتنە خۆیان لەم بارودۆخە ڕزگار بکەن. ویستیان بەم شێوەیە هەمووان بخەڵەتێنن، بەڵام هەمووان بینیان کە هەلومەرجی ڕێبەر ئاپۆیان نەگۆڕیوە. هەندێک نەرمبوون دروستبوون، تەنها شاندەکە جارجار دەچێت. نە لە شوێنی ڕێبەر ئاپۆدا گۆڕانکاری ڕوویداوە، نە سەردانی سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەوانان هەیە. دەوڵەتی تورک هێشتا ڕێگە بەوە نادات. ڕێبەر ئاپۆ هێشتا لەژێر گۆشەگیریدا بەردەوامی بە کارەکانی دەدات. هەمووان ئەوە دەبینن. ڕێبەر ئاپۆ، دوای ئەوەی هەنگاوی یەکلایەنەی نا، ئەرکی خۆی بەجێهێنا. تەڤگەریش ئەرکی خۆی بەجێهێنا. ئێستا، پێویستە هەلومەرجەکانی ڕێبەر ئاپۆ بگۆڕێن. پێویستە شوێنەکە بگۆڕێت؛ پێویستە لەگەڵ گەل، تەڤگەر، ڕۆشنبیر، سیاسەتمەدار و ئەکادیمیسیەنەکان پەیوەندی دابنێت.
پێویستە چیتر قەدەغەکان لاببرێن. ئەوانەی دەیانەوێت لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دیدار بکەن، چاوپێکەوتن بکەن پێویستە بتوانن بچنە ئیمراڵی. پێویستە دەوڵەتی تورک لەم ڕووەوە ئاستەنگ دروستنەکات. سیستەمی ئیمراڵی سیستەمی گۆشەگیرییە. پێویستە ئەم سیستەمە لاببرێت. داواکاری ئێمە لەسەر ئەو بنەمایەیە. ئەم داواکارییە تەنها هی ئێمە نییە، داواکاریی گەل و ئەوانەیە کە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا چاودێری پرۆسەکە دەکەن.
دەڵێن لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا ڕێبەر ئاپۆ هەنگاوی ناوە، لەبەرامبەر ئەوەدا پێویستە دەوڵەتی تورکیش هەنگاو بنێت و دەڵێن لەنێو هەلو مەرجی لەو شێوەیەدا مەحاڵە ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. ئەمە ڕاستە. ئەگەر دەوڵەتی تورک بەڕاستی دەیەوێت کێشەکان چارەسەر بکات، ڕێگەی ئەمە خودی ڕێبەرێتییە. ئەگەر ڕێبەرێتی بەشێوەیەکی ئازاد کاربکات، ئامانجەکان دەتوانن بەدیبێن. ئەگەر دەیانەوێت ڕێبەر ئاپۆ لەنێو هەلومەرجی گۆشەگیریدا کێشەکان چارەسەر بکات، ئەمە مەحاڵە.
ئەوان خۆشیان وتیان؛ مرۆڤ ناتوانێت بەدەستێک چەپڵە لێبدات. ڕیبەرێتییان خستووەتە حەوزێکەوە، کەچی ئاوی تێدا نییە و دەڵێن 'مەلە بکە'. ئەمە مەحاڵە. هەمووان ئەمە دەبینن. ڕێبەر ئاپۆ ئەوەی لە دەستی هات کردی. چیتر کەس ناتوانێت داوای هیچی لێ بکات.
لە ئێستادا پرۆسەکە بەشێوەیەکی یەکلایەنە بەڕێوەدەبرێت، پەکەکە دوای ٤١ ساڵ بڕیاری گرنگی وەرگرت، هەندێک لایەن پەکەکە وەک گەرەنتی ئاسایش دەبینین. لە دۆخێکدا ئەم پرۆسەیە نەگات بە ئەنجام، ئەوا چ پێگەیەک دەگیرێت؟
پێویستە هەمووان باش لەمە تێبگەن؛ فەلەسەفە، ئایدۆلۆژیا، شێوازە ژیان و تێکۆشانێکمان هەیە. وەک چۆن لەسەر ئەم بنەمایە لە ئەنقەرەوە دەستمان پێکرد، ئەوا وەک ئێستا لە داهاتوویشدا لەسەر ئەم بنەمایە درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین. لەمەدا هیچ گۆڕانکارییەک ڕوونادات. بوون بە پارتمان لەسەر ئەم بنەمایە بووە و لەسەر ئەمە هەنگاوی بنەڕەتییمان هەڵگرت. لەسەر ئەم بنەمایە هەموو ئەو هەنگاوانەی لە رابردوو و ئێستایشدا ناومانە لەسەر ئەم بنەمایە بووە و بە خواستی بەشداربوونە لە سیاسەتی دیموکراتیک. نامانەوێت شەڕێکی دیکەی چەکدای لە نێوان ئێمە و دەوڵەتی تورکدا درووست بێت. ئەمەمان نیشانی هەموو کەسێک دا. لەسەر بنەمای بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ گرووپێکی ٣٠ گەریلامان چەکەکانیان سووتاند. نامانەوێت خۆمان چەکدار بکەینەوە و جارێکی دیکە شەڕ دەستپێبکەینەوە. بەبێ کەموکوڕی ئەمەمان نیشان دا.
شتەکە گەیشتووە بەو دەرنجامەی پرسی کورد لەسەر بنەمای سیاسی و دیموکراتیکی چارەسەر بکرێت. بەم هۆیە پێویستە یاساکان بگۆڕدرێت. بەڕوونی ئەمەمان گوتووە و بەبڕیارین. ئیدی شتەکە کەوتووەتە ئەستۆی دەوڵەتی تورک.
گەر دەوڵەتی تورک خواستی چارەسەری هەبێت ئەوا پێویستە هەنگاوی کۆنکرێتی بنێت. دەبێت هەلومەرج، سیاسەت، یاساکانی پەیوەست بە ڕێبەر ئاپۆوە بگۆڕدرێت. تەنها لەو دۆخەکە پرسەکان بەرەو چارەسەری دەڕۆن.
بەڵام گەر دەوڵەتی تورک دەیەوێت فریومان بدات، بێ چەکمان بکات، نێگەرانمان بکات و ئامانجەکانی لە دژی گەلی کورد جێبەجێ بکات؛ ئەوا هیچ ئیمکانێکی ئەمەیان نابێت. پێویستە زۆر بەڕوونی هەموو کەسێک لەمە تێبگات.
تەڤگەرمان ئامانجێکی هەیە و ئەویش ئازادی، دیموکراسی و سۆسیالیزمە. لەسەرەتاوە لەسەر ئەم بنەمایە دامەزراوە و لەسەر ئەم بنەمایەش دەبێت. ئەوەی کراوە لەسەر ئەم بنەمایە بووە و بەم شێوەیش بەردەوام دەبێت. پێویستە گەل و هەموو کەسێک بزانێت لەسەر ئامانجەکەمان بەردەوام دەبین. ئەوانی تر چی دەڵێن گرنگ نییە بەلامانەوە.
ئایە دەوڵەتی تورک دەیەوێت زیهنیەتێکی فریوودەر بئافرێنێت، یان ئەوەی هەندێک نەتەوەپەرست هێرش دەکەن؟ ئایە هەندێک گرووپ کە بنەمای سۆسیالیزمی پیکهاتەیی دەگرنەبەر ڕەخنەی لێ دەگرن و هێرشی دەکەنە سەر؛ زۆر ئەمانە بەبنەما ناگرین.
شتەکە نوێ نییە بۆمان؛ ئێمە لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنمانەوە لەم ڕاستیانەدا دەژین. لەوانەیە ئێمە گرنگیمان بەو قسانەی ئەوان دابێت، بەڵام هەرگیز بە جددی وەرمان نەگرت و هەرگیز کارمان لەسەریان نەکرد. ئامانج و هێڵ و ئاراستەیەکمان هەیە. ئێمە شێوازێکی ژیانمان هەیە، کۆدی ئەخلاقیمان هەیە و لەسەر ئەم بنەمایە دەڕۆین. دەبێت هەموو کەسێک ئەمە بزانێت. ئەم بزووتنەوەیە هەرگیز تەسلیم نابێت.
ئەگەر کەسێک بڵێ "تەسلیمیان دەکەین"، خۆیان فریو دەدەن. ئەگەر گومانێک هەبێت کە دەوڵەتی تورک دەستوەردان بکات یان تەڤگەرەکە خۆی تەسلیم بکات؛ پێویستە بزانن کە ئەم تەڤگەرە هەرگیز تەسلیمی نەبووە، و هەمیشە بەرخۆدان و ئامانجەکانی خۆی پاراستووە، تەنانەت لە ڕۆژانی زۆر سەختدایشدا خاوەنداری لێ کردووە.
ئەمڕۆ بارودۆخی تەڤگەرەکە وەک جاران نییە. لەم هەلومەرجەدا کەس ناتوانێت ئەم تەڤگەرە فریو بدات، واتە تەسلیمی بکات. ناتوانن نە ڕێبەر ئاپۆ و نە تەڤگەر فریو بدەن. ڕێبەر ئاپۆ و ئەم تەڤگەرە تەڤگەرێک نین کە بتوانن فریو بدرێن. مەبەست لە سەرهەڵدان و تێکۆشانیان بۆ ڕێگریکردنە لە فریودانی گەلی کورد و گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی، بۆ ئەوەی بە لاڕێدا نەبرێن و لە شەڕ دوور بخرێنەوە. مەبەست لێی پەرەپێدانی ژیانێکە لەسەر بنەمای ڕەگ و ئامانج و ئارەزووەکانیان. تەڤگەر لەسەر ئەم بنەمایە سەریهەڵدا و درێژە بە خەبات دەدات. ئەگەر بیربکەنەوە و بڵێن دەتوانن ئەو جۆرە حیساباتانە لە ڕێکوپێکی دەربچن، لێکتێگەیشتن دروست بکەن، ڕەفتار بکەن وەک ئەوەی کێشەکە چارەسەر دەکەن، هەندێک هەنگاو دژی پارتی پەکەکە بنێن، چەکیان لێبکەن و بەم شێوەیە لەناویان ببەن، ئەمە مومکین نییە.
ئەم تەڤگەرە بە ئامانجەکانیەوە بەستراوەتەوە. چەکدار بێت یان بێ چەک، بەپێی ئامانجەکانی بەردەوامە. خەبات تەنیا پەیوەست نییە بە چەکەوە؛ ئەمە تەنها جۆرێکە لە تێکۆشان. ڕێگا و ئامرازی تێکۆشان زۆرن. تەڤگەری ئاپۆیی لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە تا ئەمڕۆ لە بوارە جیاجیاکاندا خەباتی کردووە. ئەم خەباتە بەردەوام دەبێت. هەرچی بۆ گەلی کورد و گەلی کوردستان و گەلی تورکیا و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی پێویست بێت، ئەم بزووتنەوەیە وەک بنەمای خۆی وەریدەگرێت و بەردەوامیش دەبێت. پێویستە هەمووان بەم شێوەیە لە ڕێبەر ئاپۆ و بزووتنەوە تێبگەن.
دوای وەڵامە ئەرێنییەکەی کەجەکە لەسەر بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ، گرووپێک گەریلا مەراسیمێکیان بۆ سووتاندنی چەکەکانیان ئەنجامدا. ڕووداوێکی مەزن و شکۆداربوو، هەموو جیهان چاوی لێ دەکرد، ساتێکی مێژوویی بوو. لەم چوارچێوەیەدا هەمووکەسێک مەراقی ئەوە دەکەن؛ ئەرکی ئێستای ئەو گرووپە چیە، لە کوێن، بۆ کوێ دەچن، ئایا دەتوانن بچنە تورکیا؟ باس لەوەش دەکرێت کە هەندێک گرووپی دیکەی گەریلاش بەم شێوەیە چەکەکانیان دادەنێن. ئەمە تا چەند ڕاستە؟
لەسەر بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ مەراسیمێکی بەمجۆرە ئەنجام درا. چونکە ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئێمە بنەمایە. تەنها ئەگەر بانگەوازێک لە ڕێبەر ئاپۆوە بکرێت، گەریلا، تەڤگەر و ئەندامانی تەڤگەر دەتوانن ئەمە ئەنجام بدەن. جگە لە ڕێبەر ئاپۆ گوێ لە قسەی دیکە ناگرن. پێویستە هەمووکەسێک ئەمە بزانێت. چونکە ئەوانەی بەشداری ئەم تەڤگەرە دەبن، بەشداری ڕێبەر ئاپۆ دەبن. ئەمڕۆ ئەوانەی لەم تەڤگەرەدا خەبات دەکەن سوێند دەخۆن لەسەر بنەمای ئامانج، هێڵ و ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ چەک بەکاربێنن. لەسەر ئەم بنەمایە تێدەکۆشن. هەربۆیە جگە لە ڕێبەر ئاپۆ کەس ناتوانێت داوای دانانی چەکیان لێبکات. ئەگەر کەسێکیش دەیەوێت بەکاریبێنێت، قبوڵیان نەدەکرد. ئێمەش گوتمان ناهێڵین دابنرێت.
چونکە هەموو ئەوکەسانەی بەشداری تەڤگەر دەبن، لەسەر بنەمای ڕاستی ڕێبەر ئاپۆ چەک بەکاردەهێنن. گەریلا لەسەر بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ ئەو هەنگاوەی ناوە. ئەو هەنگاوەی نراوە هەنگاوێکی مێژوویی بوو. ئەم هەنگاوە لە شوێنێکی مێژووییدا نرا.
لەو قسانەی پێشکەش کرا لەسەر بنەمای بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بوو. ئەو هاوڕێیانەش باسیان کرد. واتە شرۆڤەیان کرد بۆچی چەک دادەنێن و ئامانجیان چییە و دەیانەوێت چی بکەن. هەروەها چەک سووتێنرا. بۆچی ئەم چەکانە سووتێنران؟ چونکە ئەمڕۆ ناتۆ خەریکی پەرەپێدانی چەک لە جیهاندایە. بە واتایەکی دیکە خەریکە چەکەکانی ئێستا زیاتر زیاد دەکات. خەریکە جیهان دەکێشێتە ناو شەڕی چەکەکانەوە.
هەروەها شەڕێکی مەزن لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەردەوامە. گۆڕان و گۆڕانکاری گرنگ هەیە. سووتاندنی چەکەکان وەڵامێکە بۆ ئەمە. مانایەکی تری ئەوەیە نامانەوێت جارێکی تر شەڕ بکەین یان چەک بەکاربهێنین. هەربۆیە پێویستە دەوڵەتی تورک چوارچێوەیەکی یاسایی پەرەپێبدات. ئەگەر ئەمە پەرەپێبدات، لە ئێستاوە نامانەوێت جارێکی دیکە چەک بەکاربهێنین.
لە مێژووی کورددا کەلتوورێک هەیە، ڕووناکی ئاگر گوزارشت لە نوێبوونەوە و هەنگاوی نوێ دەکات. یەکێکە لە هۆکارەکانی سوتاندنی چەکەکان ئەمەیە. ئەو هاوڕێیانەی ڕاگەیاندراوییاندا بە ڕوونی گوتوویانە، 'لەسەر داوای ڕێبەر ئاپۆ هەنگاوێکی سیمبولیک دەنێین. دەبێت دەوڵەتی تورک، ڕای گشتی تورکیا و تەنانەت جیهانیش ئەمە ببینن. دەمانەوێت پرسەکە لەسەر بنەمای سیاسی و یاسایی چارەسەر بکەین. نامانەوێت شەڕ بکەین. هەربۆیە چەکەکانمان دەسوتێنین و دەگەڕێینەوە شوێنی خۆمان.' بۆچی؟ چونکە لە تورکیا هەلومەرجی یاسایی بۆ ئەمە ئامادە نییە. ئەگەر بچن دەستگیر دەکرێن و ڕووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە. دەکرێت سزای قورسیش بدرێن، چونکە بەپێی یاساکانیان ئەوانەی چەک هەڵدەگرن دوژمنی ئەوانە. سزای ئەمەش زۆر قورسە.
تاوەکو یاساکان نەگۆڕدرێن و زەمینیەکی یاسایی ئامادە نەکرێت، چۆن هەڤاڵان بجنە تورکیا؟ لەبەر ئەمە نەچوون. هیچ گرەنتییەکی ئەمە نییە. هەربۆیە دووبارە گەڕانەوە بۆ شوێنی خۆیان. ئەو کەسەی ساڵانێکە بە چەکەوە لە چیادا دەژی و چۆن دەتوانێت چەکەی دانێت و بەم شێوەیە بمێنێتەوە؟ لە تورکیا هیچ شوێنێک نییە بچن، زەمینە نییە، تەنانەت ناتوانن لەوێ بژین. ناچارن جارێکی دیکە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان. هەربۆیە جارێکی تر گەڕانەوە بۆ شوێنی خۆیان.
ئەگەر تورکیا گۆڕانکاری لە هەلومەرجی ڕێبەر ئاپۆ بکات، گۆشەگیری لاببات، ڕێبەر ئاپۆ بە شێوەیەکی ئازاد خەبات بکات، بتوانێت پەیوەندی لەگەڵ هەمووکەسێک دانێت، یاساکانی ئازادی و ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک بەرەوپێش ببات، ئەوا بنەمایەک دروست دەبێت و دەتوانین چەک دانێین. تاوەکو ئەمە ڕوونەدات کەس ناتوانێت داوامان لێبکات چەکەکانمان دابنێین.
لە میدیاکاندا هەندێک گفتوگۆ هەیە؛ دەڵێن 'لە دهۆک چەک دادەنێن' یان 'لە هەولێر چەک دادەنێن'. ئەمانە قسەی پوچن. کەس ناتوانێت بەم شێوەیە فشارمان لێ بکات، نە دەشتوانێت دەرفەتێکی بەمجۆرە درووست بکات. ڕەنگە هەندێک بیانەوێت وامان لێبکەن هەنگاوی لەو شێوەیە بنێین، بەڵام تاوەکو ئەو مەرجانەی باسم کرد بە دی نەیەن، ناتوانین گروپێکی نوێ بنێرین. ئەمە مەحاڵە.
هێندەی تێدەگەین پڕۆسەیەکی نوێ دەستیپێکردوە و هیچ شتێک کۆتایی نەهاتووە. لە تورکیاش باسی دامەزراندنی کۆمیسیۆن دەکرێت. دەربارەی ئەم کۆمیسیۆنە زانیارییەکانتان لە چ ئاستێکدان؟ ئەو کۆمیسیۆنەی دادەمەزرێت چی دەکات، پێشنیارەکانی ئێوە لەم بابەتەدا چیە و ئایا هیچ هاوبەشکردنێکی بۆچوونەکان هەبووە؟
ڕێبەر ئاپۆ چەندین جار داوای دامەزراندنی کۆمیسیۆنێکی لە پەرلەمانی تورکیا کردووە. دەڵێت دەبێت ئەم کۆمیسیۆنە بە شێوەیەکی یاسایی دابمەزرێنن. چەندین جار ڕامانگەیاندووە دەبێت کۆمیسیۆن بە شێوەیەکی فەرمی و یاسایی دامەزرێت. چونکە تاوەکو لە بواری یاساییدا بونیات نەنرێت، هەرکاتێک بیانەوێت دەتوانن ئەو کۆمیسیۆنە لەناوبەرن.
هەروەها لە ڕابردوودا کۆمیسیۆنەکان دامەزران. ئەو کۆمیسیۆنانە نەیانتوانی هیچ بەدەست بهێنن. کۆمسیۆنەکان زانیارییان کۆکردەوە و بە ڕەجەب تەیب ئەردۆگانیان دەدا. ئەوکات سەرۆک وەزیران بووە؛ ئەوان زانیارییان پێدەدا. ئەو کۆمیسیۆنە پرسەکەی چارەسەر نەکرد. ئەگەر ئەو کۆمیسیۆنەی ئێستا دادەمەزرێت بەم شێوەیەش بێت، ناتوانێت پرسەکان چارەسەر بکات.
ئەوەندەی تێبگەین، ئەو کۆمیسیۆنەی دەیانەوێت دایبمەزرێنن، تەنها بۆ ئەوەی پەکەکە چەک دابنێت دامەزراوە. ئەوانەی ساڵانێکە لە چیادان چییان کردووە و بە پێی ئەمە سزایان چییە؟ دەیانەوێت ئەمە دیاری بکەن و بەو پێیە هەنگاو بنێن. ئامانجی ئەم کۆمیسیۆنە تەنها چەکدانانە.
پرسەکە تەنها پەیوەندی بە چەکدانانەوە نییە. بێ چەکبوون بەشێکە لە پرسەکە نەک هەمووی، بەڵام دەوڵەتی تورک دەیەوێت پرسەکە تەنها لەسەر بنەمای بێ چەکبوون پەرە پێبدات. ئەگەر ئەمە بێتەدی، بە پێی ئەوان هەموو پرسەکان چارەسەر دەبن، بەڵام وا نییە.
پرسی کورد تەنانەت پێش تێکۆشانی چەکداریش هەبووە...
ئەگەر تێکۆشانی چەکداری پەرەی سەندبێت، هۆکاری هەیە. کورد قبوڵ نەدەکرا، نکۆڵی لێ دەکرا و دەیانویست کورد لەناوببەن. دەیانویست هەموو ئەو شتانە لە ناوبەرن باسی کورد و کوردستان دەکەن. کوردیش دەیویست بە ئیرادە، شوناس، بەها و کەلتووری ئازادی خۆی بژی. هیچ دەرفەتێک بۆ ئەمە نەبوو. هەربۆیە تێکۆشانی چەکداری پەرەی سەند، بۆ ئەوەی تەڤگەر بتوانێت خۆی و گەلەکەی بپارێزێت. تەڤگەرێکی پاراستنییە. ئامانجی تەڤگەر ئەمە بوو. هەربۆیە ژێرخانی سەرهەڵدانی تێکۆشانی چەکداری هەیە. ئەگەر ئەم ژێرخانە نەهێڵن، ڕەنگە پەکەکە چەک دابنێت، بەڵام سبەی کەسێکی دیکە چەک هەڵدەگرێت.
ئەگەر پەکەکە خۆی چەکدار کردبێت، ئەوە لەبەر ئەوە نییە کە ویستویەتی چەک بەکاربهێنێت، بەڵکو لەبەر سیاسەت و پراکتیکەکانی دەوڵەتی تورکیایە کە فشاری لەسەر دروستکردووە. هەربۆیە تەڤگەرێکی چەکداری پەرەی سەند. ئەگەر نایانەوێت تەڤگەرێکی چەکداری هەبێت، پێویستە سیاسەتەکانیان بگۆڕن. تەنها ئەوکاتە پرسەکە چارەسەر دەبێت. پرسەکە تەنها بە چەک چارەسەر نابێت.
پرسی کورد جیاوازە. دەبێت پرسی کورد چارەسەر بکرێت؛ بۆ ئەمەش دەبێت لە یاساکان، سیاسەت و ئەقڵیەتیاندا گۆڕانکاری ئەنجام بدەن. تاوەکو ئێستا دەبینین هیچ گۆڕانکارییەک لە زیهنیەتی ئەواندا درووستنەبووە. هەرلەبەر ئەمەش هیچ گۆڕانکارییەک لە یاساکانیاندا ناکەن. هێشتا یاساکانی 'تیرۆر' جێبەجێ دەکەن. ئەگەر کۆمیسیۆن ئەمانە نەگۆڕێت، چارەسەری پرسی کورد بە بنەما نەگرێت، یاسای ئازادی دەرنەکات و یاسای ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک دەرنەکات، پرسەکە چارەسەر نابێت. هەربۆیە دەبێت کۆمسیۆن لەسەر ئەو بنەمایە خەبات بکات.
ئەو کۆمیسیۆنەی دەبێت دایبمەزرینن، متمانەی زۆر نابەخشێت. بۆچی؟ چونکە پێویستە هەموو سیاسەتی تورکیا لەو کۆمیسیۆنەکەدا گوزارشتی لێ بکرێت.
لەلایەک دەڵێن 'کۆمیسیۆن دادەمەزرێنین'، لە لایەکی دیکەوە ئۆپەراسیۆن لە دژی جەهەپە ئەنجام دەدەن و دەیانخەنە زیندانەوە. هەرلەبەر ئەمەش جەهەپە-ئۆزگور ئۆزەل گوتی، 'لە ئێستادا بەشداربوون لە کۆمیسیۆنەدا ڕادەگرین'.
ئەگەر جەهەپە بوەستێت یان بەشداری نەکات، کۆمیسیۆن چۆن پرسەکان چارەسەر دەکات؟ کام پرس چارەسەر دەکات؟ ئەگەر بەڕاستی کۆمیسیۆنێک بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و پرسی دیموکراسی دابمەزرێت، ئەوا دەبێت هەموو تەڤگەرێکی سیاسی بەشداری ئەم کۆمیسیۆنە ببێت. ئەوکات بە پشتگیری کۆمەڵگە پرسەکە چارەسەر دەبێت، بەڵام بەشێکی زۆری لە دەرەوە بە جێدەهێڵیت. نەک هەر لە دەرەوە بەجێیان دەهێڵیت، بەڵکو دەیانخەیتە زیندانەوە. لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا کێ پێی وایە ئەم کۆمیسیۆنە پرسەکانی تورکیا چارەسەر دەکات؟ ئەم دۆخە نیگەرانی درووست دەکات.
ئێوە دەڵێن بە دامەزراندنی کۆمیسیۆن پرسەکە چارەسەر دەکەن، بەڵام دیاری ناکەن ئەم کۆمسیۆنە چۆن پرسی کورد چارەسەر دەکات. لە بابەتی پرسی چارەسەری کورددا، هێشتا پرسی قسەکردن بە زمانی کوردی هیچ بایەخێکی پێنەدراوە.
چی دەڵێن؟ باس لە 'تورکیایەکی بێ تیرۆر' دەکەن. ئەمە مانای چییە؟ 'ئێمە وا لە پەکەکە دەکەین چەک دابنێت'. ئەمە دەهێننە ئاراوە. ناوی ناهێنن، بەڵام ناوی ڕاستەقینەی پرسی کوردە و لەسەر چارەسەری پرسی کوردە. ئەمە خاڵی یەکەمە.
خاڵی دووەم ئەمەیە؛ دەڵێن 'پرسەکە چارەسەر دەکەین'، بەڵام لە لایەکی ترەوە هەنگاو دەنێن بۆ ئەوەی پرسەکە چارەسەر نەکرێت. دەستگیرکردنی سەرۆک شارەوانییەکان، فشارەکانی سەر جەهەپە و ئەو قسانەی کراوە ڕێک لەو کاتەدا ڕوودەدەن کۆمیسیۆنەکە پێکدەهێنرێت. کەسێک ئامانجی چارەسەرکردنی پرسەکەیە چۆن دەتوانێت هەنگاوی لەو شێوەیە بنێت؟ گرتنەبەری ئەم هەنگاوانە چارەسەرنەکردنی پرسەکە نیشان دەدات. ئەمەش نیگەرانییەکان زیاتر دەکات.
بەڕێز بایک، دوای مەراسیمەکەی گەریلا، ئەردۆگان قسەی کرد. هەمووان چاوەڕێی کارێک بوون. هەندێک ڕەخنەیان لەوە گرت، هەندێکیش بە ئەرێنی پێشوازییان لێ کرد. ئێوە ئەو قسانەتان چۆن بینی؟
دوای هەنگاوە مێژووییەکەی گرووپەکەمان، ئەردۆغان قسەی کرد. ڕاستە، هەندێک دەڵێن قسەکان ئەرێنی بوو، هەدێکیش ئاماژەیان بەوە کرد کە زۆر شت لە ناوەڕۆکەکەیدا نییە. ئەردۆغان ساڵی ٢٠٠٩ قسەیەکی کردبوو کە لە هەمان چوارچێوەدابوو. لەوانەیە ئێستا هەندێک ڕوونتر گوزارشتی لێ کردبێت، بەڵام لە بنەڕەتدا لە هەمان چوارچێوەدا بوو. زۆر جیاواز نییە.
بۆ نموونە، وتەبێژانی ئاکەپە بەر لەو قسانە هەندێک لێدوانیان دا، چاوەڕوانیان دروستکرد و وتیان 'ڕەجەب تەیب ئەردۆغان قسەیەکی مێژوویی دەکات'. بە واتایەکی تر، چاوەڕوانییەکیان دروستکرد کە ڕاگەیاندنێکی نوێ، مێژووییتر، گرنگتر بکات. ئەو لێدوانەی دراوە باشە، بەڵام زۆر کەمە.
لە قسەکانیدا نەیوت، 'پرسی کورد چارەسەر دەکەین، بەو مەبەستە کۆمیسیۆنێک دادەمەزرێنین'. وتی 'وەکو ئاکەپە-مەهەپە-دەم پارتی کێشەکان چارەسەر دەکەین' و هەموو لایەنەکانی تری لە دەرەوە دانا. باسی ڕێکەوتنی کورد، عەرەب و تورکی کرد؛ تەواو، ئەم کۆمەڵگانە کاریگەرییان هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێگەیەکی گرنگیان هەیە، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆمەڵگەی تریش هەن. هەندێکیان بێنیت و هەندێکیان لە دەرەوە دابنێیت، دوودڵی دروستدەکات. لەبەرئەوە مشتومڕی زۆر دەکرێت. هەروەها ڕەخنەی زۆریش گیران.
باشە، لەوانەیە بەشێکی قسەکان باش ببینن. هەمووان چاوەڕێی ئەوەیان دەکرد، بەڵام ناڵێین ئەنجامە خوازراوەکان هاتنەدی. بەڵام دەبوایە قسەکان بەهێزتر بووایە. دەبوایە بیگوتایە 'ئێمە دەمانەوێت پرسی کورد چارەسەر بکەین؛ ئێمە ئەوە لەگەڵ هەمووان بەدی دەهێنین.' دەبوایە بیگوتایە ئەمە 'تەنها بەرپرسیارێتی ئێمە نییە، بەرپرسیارێتی هەمووانە، هەربۆیە پێویستە بەیەکەوە چارەسەری بکەین.' پاشان هەمووان باوەڕ بەوە دەکەن کە کۆمیسیۆن دادەمەزرێت و ئەو قسانەی دەکرێن کێشەکە چارەسەر دەکەن.
بەڵام لەو لێدوانەدا هەندێک دوودڵی زیادیان کرد و ڕێگەی بۆ ڕەخنە کردەوە. پاشان، سەرۆککۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەمە هەندێک لێدوانی دان. وتی، 'تەنها کێشەی ئێمە نییە، بەیەکەوە چارەسەری دەکەین.' ئەمە باشبوو. دەبوایە قسەکان لەسەرەتاوە ئەمە بوایە.
بەرپرسانی دەوڵەت کە لەنێویاندا ئەردۆغانیش هەیە ئاماژە بەوە دەکەن کە پرۆسەکە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێش دەچێت. ئایا بارودۆخەکە لەلای ئێوەش بەهەمان شێوەیە؟
دەوڵەتی تورک بەتایبەتی بەرپرسانی ئاکەپە ئاماژەیان بەوە کرد، هەموو شتێک وەکو ئەوەی پلانیان بۆ دانابوو، بەڕێوە دەچێت. تەنانەت دەیانەوێت لەنێو کۆمەڵگەدا تێڕوانینێکی لەم شێوەیە دروستبکەن. بەڵام لەلای ئێمە بارودۆخەکە بەم شێوەیە نییە.
کێشەکە وەکو ئەوەی دەڵێن چارەسەر نابێت و هەنگاو نانرێت.
بۆچی وا دەکەن؟ ئەمەش گومان دروستدەکات. چارەسەری پرسی کورد ناکەنە بنەما. تەنها ئامانجیان ئەوەیە کە تەڤگەر چەکەکانی دابنێت. دەیانەوێت تەڤگەر لاواز بکەن و کاریگەریی نەهێڵن تاوەکو بتوانن بگەنە ئامانجەکانیان. دەیانەوێت تێڕوانینی 'هەموو شتێک لەژێر کۆنترۆڵی ئێمەدایە، هەموو شتێک بەپێی داخوازییەکانی ئێمە پێشدەکەوێت' هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوە بهێننە کایەوە. بەم شێوەیە ئامانجیان ئەوەیە کە کە پێگە و دەسەڵاتی خۆیان بەهێز بکەن.
بەڵام هێنانە کایەی تێڕوانینێکی لەم شێوەیە تا چەند دەرئەنجامی هەبووە، نازانین. ئێمە بەم شێوەیە لێکدانەوە ناکەین و بەم شێوەیە تێناگەین.
هەموو شتێک بەپێی خواستی ئەوان ناڕوات؛ ئەم هەنگاوانەی کە تاوەکو ئەمڕۆ نراون بە دەستپێشخەری ڕێبەر ئاپۆ پێشخراون.
ئەوەی تا ئێستا وتراوە هیچی بەرهەم نەهێناوە. باخچەلی قسەیەکی کرد، هەمووی ئەوەیە. لەبری ئەوە نە دەوڵەت و نە ئاک پارتی وەکو ئەوەی وتوویانە هیچ هەنگاوێکیان نەناوە. لەلایەنی ئەوانەوە هیچ هەنگاوێک نەنراوە.
ڕێبەر ئاپۆ بینی کە باخچەلی درکی بەوە کردووە کە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مەترسیدان. درکی بەوە کردووە کە تورکیا بۆ ڕزگاربوون لەو بارودۆخە مەترسیدارە پێویستی بە کوردە. لەبەرئەوە باخچەلی ئەو قسانەی کرد. ڕێبەر ئاپۆش وەڵامی قسەکانی باخچەلی دایەوە. وتی، 'ئەگەر بەڕاستی دەتانەوێت گەلانی تورکیا، تورکیا لە مەترسی ڕزگاربکەن؛ ڕێگەی ئەمە گۆڕانکارییە لە سیاسەتەکەتاندا لەبەرامبەر کورد.' وتی، 'ئەگەر دەتانەوێت بیگۆڕن، من ئامادەم؛ دەتوانم ئەرکی خۆم بەشێوەیەکی تیۆری و پراکتیکی بەجێبهێنم. ڕێبەر ئاپۆ لەسەر ئەم بنەمایە هەنگاوی نا.
هەروا لەخۆوە لەسەر داواکاری تورکیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، بڕیاری کۆتایی هێنان بە هەموو تێکۆشانێکی چەکداریی لەژێر ناوی پەکەکەمان نەدا. ڕێبەر ئاپۆ خواستی بەم شێوەیە بوو. دەوڵەتی تورک نەیوت کۆتایی بە شەڕی چەکداری بهێنن، بەپێچەوانەوە، ڕێبەر ئاپۆ وای گوت. لەبەرئەوە ئەم هەنگاوانەی تاوەکو ئەمڕۆ نراون، لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە بەشێوەیەکی یەکلایەنە نراون. ئێمەش وەڵامی ڕێبەر ئاپۆمان دایەوە. ئێمە ئەو هەنگاوانەمان تەواوکرد کە ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکرد. ئەوەی کراوە ئەوەیە.
ئێمەش وتمان، 'چیتر هەنگاوی یەکلایەنە کە لەلایەن ئێمەوە بنرێت ئەوەندەن؛ یەک هەنگاوی تر نانێین. ' ئەگەر بەڕاستی دەتانەوێت کێشەکە چارەسەر بکەن، ئێمە زەمینەمان بۆ ئەمە ئامادەکرد. ئەوانەی تا ئێستا کراون، لەو چوارچێوەیەدان.
هەموو شتێک وەکو دەڵێن ئەوان پلانیان بۆ داناوە نەبوو. بارودۆخێک نییە وەکو ئەوەی دەڵێن 'هەموو شتێک بەپێی پلانی ئێمە بەڕێوەدەچێت'. تێڕوانینێکی لەم شێوەیە دروستدەکەن. دەیانەوێت هەم لە ناوخۆ و هەم لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا تێڕوانینی 'ئێمە شەڕمان کرد، پەکەکەمان کۆتایی پێهێنا، هیچ ڕێگەیەکی تر بۆ پەکەکە نەماوەتەوە، پەکەکە ملکەچ دەکەین' بهێننە ئاراوە. پێویستە هەمووان بزانن کە ڕاسییەکە ئەمە نییە.
تورکیا تووشی کێشەیەکی گەورە بوو؛ چونکە ئەو خەباتەی ئێمە بەڕێوەمان برد، سیاسەتی ئەوانی لە دژی کورد و ڕێبەر ئاپۆ شکست پێ هێنا. ئەمەش کێشەی زۆر جددی بۆ تورکیا دروست کردووە. ئەگەر ئه م سیاسەته یان بەردەوام بوایه، ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی دەبوونەوە زۆر گه ورەتر دەبوون. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا گۆڕانکاری گرنگ ڕوودەدات. ئەم گۆڕانکاریانەش کاریگەری زۆریان لەسەر تورکیا هەیە. کاتێک کێشە ناوخۆییەکان لەگەڵ کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکەڵ دەبن، کاریگەرییان لەسەر چارەنووسی تورکیا دەبێت.
ڕێبەر ئاپۆ وەک چۆن خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر بە کورد، خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر گەلانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش. ئەو مەترسییەکەی بینی و ویستی ڕێگری لێبکات. نایەوێت کورد و تورک و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی مەترسی ببن. نایەوێت تورکیا ڕووبەڕووی ئەو کێشانە ببێتەوە کە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی تووشی بوو. چونکە ڕێبەر ئاپۆ بەڕاستی بەرپرسیارانە مامەڵە دەکات. تورکیا و گەلانی تورکیای خۆشدەوێت. نایەوێت کێشەیان هەبێت. هەر بۆیە هەنگاوی تاکلایەنەی ناوە.
هەوڵ دەدەن ئەو هەنگاوانەی ئێستا ناومانن وا دەری بخەن کە پێمان نراوە. هیچ شتێکی وا نییە. پێویستە هەموو کەسێک ئەم ڕاستییە زۆرباش بزانێت.
کاتێک لە ئەزموونەکانی پێشوو دەڕوانین، پڕۆسەکان چەندجارێک تێکچوون، ئەردۆگان مێزەکەی هەڵگەڕاندەوە. ئایا دەوڵەت ئێستا بە ڕاستی ئەم پرسە چارەسەر دەکات؟ گەر بەڕاستی لە دڵەوە بێ بۆچی هێشتا لە گۆڕەپانەکان لە ئۆپراسیۆن بەردەوامە؟ بە بۆچوونی ئێوە هێشتا لە ناو دەوڵەتدا کەسانێک هەیە بیانەوێت شەڕ بەردەوام بێت؟
ئێستا ئاکەپە بە پشتگیری مەهەپە پێکەوە لە دەسەڵاتدان. کاتێک شتێک لەگەڵ ئامانج و ئارەزووەکانیاندا دەگونجێت، هیچ شتێک لەبەردەمیاندا نابێتە بەربەست، هەرچییەکیان بوێت دەیکەن، بەڵام کاتێک شتێک لەگەڵ ئامانجەکانیان ناگونجێت و خزمەتیان ناکات، هەموو یاساکان پێشێل دەکەن، هەرچییان بوێت دەیکەن. ئەگەر بەڕاستی دەیانەوێت تورکیا لە سەختی و پرسەکان دەربهێنن، وەک باخچەلی گوتی 'پرسی بە جێماو هەیە'، ئەمە ڕاستە. ئەگەر بیانەوێت ئەم پرسە چارەسەر بکەن، ڕێگەکە فریودان نییە و گرتن، یان زۆرداری نییە. دەبێت دەستبەرداری هەموو ئەمانە بن. تورکیا ناتوانێت بەم شێوەیە لە پرسە جێماوەکان دەربچێت. تەنها ئەگەر ئەقڵیەتیان بگۆڕن، ئەوکارانەی بە پێی ئەمە ئەنجامی دەدەن دەستی لێ هەڵبگرن، یاسا بە بنەما بگرن، داواکاری گەلی کورد، چەپەکانی تورکیا، دیموکراتەکان و ڕۆشنبیرانی تورکیا بە بنەما بگرن، بە پێی ئەمانە هەنگاو بنێن، ئەوکات دەتوانن پرسەکان چارەسەر بکەن. ئەمەش بۆ ئەوانیش باش دەبێت. تاوەکو ئێستا هەموو ئەو شتانەی کردویانە بۆ دەسەڵاتی خۆیان و بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتیان بووە. چونکە زۆر لاوازن و دەیانەوێت لەوێ دەربچن. ناتوانن بە فشار لەم دۆخە دەربچن. بە دەستگیرکردنیش ناتوانن لەم دۆخە دەربچن.
لە ئەستەنبوڵ پۆلیس هێرش دەکاتە سەر ئەو کەسانەی گوێ لە میوزیکی کوردی دەگرن، ژنێک لێی دراوە و ئێستا لە نەخۆشخانەیە. ئایا بەم شێوەیە پرسەکان چارەسەر دەکەن، قبوڵکردنی گەل بەدەست دەهێنن و دەسەڵاتیان بەهێزتر دەکەن؟ ئەمە مەحاڵە. بەم شێوەیە هێندەی تر دەسەڵاتی خۆیان لاواز دەکەن. ئەگەر بەڕاستی دەیانەوێت لە دەسەڵاتدا بمێننەوە، ئەوا دەبێت گەل بەدەستبهێنن، هێزە دیموکراتیکەکان بەدەستبهێنن، دەست لەو سیاسەتەی ئەنجامی دەدەن و کۆمەڵگە دابەش دەکەن هەڵبگرن. نابێت هەندێک بکەن بە لایەنگری خۆیان و هەندێکیان لە دژی خۆیان. لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەوان تەنها حساب بۆ دەسەڵاتی خۆیان دەکەن، بەڵام ئەم حساباتەش هەڵەیە. ناتوانن بەم حساباتە دەسەڵاتی خۆیان بەهێز بکەن. بەم شێوەیە زۆرترین زیان بە خۆیان دەگەیەنن. ئەمەش ڕووداوی گەورەی کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە. بانگەوازییان لێدەکەم دەست لەم سیاسەتەی خۆیان هەڵبگرن و سیاسەتی دیموکراتیک بە بنەما بگرن. پێویستیە ئەمە پەرەی پێدرێت. ئەمەش قازانجی خۆیان و هەموو لایەک دەبێت.
دەمەوێت هەندێک لە بارەی دۆخی سووریا و ڕۆژئاوا بپرسم هاوکات ساڵیادی شۆڕشی ڕۆژئاوایە. ئەم شۆڕشە ئێستا لە چ قۆناغێکدایە و پێگەی شۆڕش چۆن دەبینن؟ بارودۆخی کورد لەوێ و پێکهاتەکانی تر چۆنە؟ لە ئێستادا ئاڵۆزییەک هەیە، ناوبەناو ناکۆکی درووست دەبێت. دۆخی حکومەتی نوێ، بە گشتی بۆچوونی ئێوە لەسەر ڕۆژئاوا و سووریا چییە؟
ڕاستە، ئێستا لە ڕۆژئاوا شۆڕشێک پەرەی سەند هیوایەکی درووستکرد. هەم بۆ کورد، هەم بۆ ئەوانەی شەڕی تێکۆشانی ئازادی، دیموکراسی، ئازادی ژنان و ئیکۆلۆژی تێدەکۆشن، یان بۆ هەمووکەسێک کە لە دژی زوڵم و ناحەقی دەردەکەوێت، هیوایەک بوو. هەمووکەسێک دەڵێت مۆدێلی رۆژئاوا پێشکەوتووە دەبێت لە هەموو سووریا هەم لە ناوچەکانی سووریا بە بنەما بگیرێت. هەمووکەسێک ئەمە دەلێت. ئەمە ڕاستیشە. هەمووکەسێک دەزانێت سەرەڕای هەموو کەموکورتییەکانیان، گەر لە ڕۆژئاوا مۆدێلێک پەرەی پێدراوە، ئەمە ڕامانەکانی ڕێبەر ئاپۆ پێشکەوتووە. لە بناغەی ئەم شۆڕشەدا ڕەنجە مەزنەکانی ڕێبەر ئاپۆ هەیە. ڕێبەر ئاپۆ ساڵانێک لەوێ تێکۆشانی کرد. زۆرێک لە خەڵکی ئێمە لەوێ لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ مانەوە، چاوپێکەوتنیان ئەنجام دەدا و کۆبوونەوەیان ئەنجامدا. واتە ئەگەر گۆڕانکارییەک لە خەڵکدا درووستبووبێ، هۆشیاری درووستبووە، ئەمەش بە خەباتەکانی ڕێبەر ئاپۆ بووە. ئەمڕۆ ئەگەر گەلی ڕۆژئاوا خاوەندارێتی لە ڕێبەر ئاپۆ دەکەن، ئەمە هۆکارەکەیە. چونکە ڕێبەر ئاپۆ خزمەتی ئەوانی کرد. لە ئەنجامی ئەو خزمەتە شۆڕشی ڕۆژئاوا بە دی هات. دەکرێت هەمووکەسێک ئەمە بە تەواوی نەزانێت، بەڵام کەسانێک هەن دەزانن. واتە ئەم شۆڕشە خۆی پەرەی نەسەندووە. بناغەیەکی هەیە. کێ ئەم بناغەیەی دروست کرد؟ کاتێک لەسەر ڕۆژئاوا دەوەستین، دەگەنە ڕاستی ڕێبەر ئاپۆ. دەبینن ڕامانەکانی ڕێبەر ئاپۆ ئەم شۆڕشەی پەرەپێداوە. هەربۆیە دەیانەوێت باشتر لە ڕاستییەکانی ڕێبەر ئاپۆ تێبگەن. بۆ نموونە تەڤگەری ژنانی کورد بۆتە نموونە بۆ هەموو ژنانی جیهان. دەیانەوێت لەوە تێبگەن ئەم تەڤگەرە لە نێو کورددا چۆن پەرەی سەندووە. لەوێش ڕێبەر ئاپۆ دەبینن. ئەوکات دەیانەوێت باشتر لە ڕاستییەکانی ڕێبەر ئاپۆ تێبگەن. هەندێکیش ڕەخنە دەگرن؛ دەڵێن چۆن دەکرێت پیاوێک پێشەنگایەتی ژنان بکات. ڕێبەر ئاپۆ وەڵامی ئەم قسەیەی دایەوە؛ ئەگەر من پێشەنگایەتی دەکەم، دەبێت تەڤگەری ژنان لەمەوە ئەنجامێک بە دەستبهێنن. بە مانایەکی دیکە ناتوانن پێشەنگایەتی خۆیان بکەن، من پێشەنگایەتیان دەکەم. هەموو داواکاری و تێکۆشانم بۆ ئەوەیە ژنان خۆیان بەڕێوەبەرن. گەر لە ڕۆژئاوا لە هۆشیاری و پراکتیکدا گۆڕانکارییەک درووستبووە، لە گەل و ژناندا ڕوویداوە، نەتەوەی دیموکراتیک پێشکەوتووە، گەلیش بەو پێیە ژیاوە، ئەمە زۆر گرنگە. ئایا هیچ کەموکوڕییەک هەیە؟ بێگومان هەن، بەڵام سەرەڕای ئەمەش شۆڕشی ڕۆژئاوا مۆدێلێکە بۆ هەمووکەسێک.
ئەگەر بیانەوێت پرسەکانی سووریا چارەسەر بکەن، بەم مۆدێلە دەتوانن چارەسەری بکەن. واتە ئەگە وەک پێشوو، وەک دەسەڵاتی بەعس دەوڵەت-نەتەوە بە بنەما بگرن، ناتوانن پرسەکانی سووریا چارەسەر بکەن. لەو حاڵەتەدا شەڕ هەڵدەگیرسێت، دابەشبوون ڕوودەدات، کۆمەڵکوژی ڕوودەدات، ئاسمیلەکردن ڕوودەدات. بە هیچ شێوەیەک ناتوانن یەکێتی سووریا، یەکێتی گەلانی سووریا بە دی بهێنن، بەڵام تەنها بە مۆدێلی ڕۆژئاوا دەتوانن هەم یەکێتی سووریا و هەم یەکێتی گەلانی سوریا بە دی بهێنن. تەنها ئەم مۆدێلە دەتوانێت دیموکراسی و ئازادی بە دی بهێنێت. ئەوکات هەمووکەسێک بە زمان، شوناس، ئیرادە، کەلتووری خۆی گوزارشت لە خۆی بکات، خۆی ڕێکدەخات و بەرپرسیارێتی خۆی لە بەرانبەر گەلانی دیکە جێبەجێ دەکات. تەنها بەم شێوەیە سووریا دەتوانێت لەو دۆخە خراپە دەربچێت. ڕۆژئاوا بۆ پەرەپێدانی سووریایەکی دیموکراتیک تێدەکۆشێت، باج دەدات، بەڵام ئەوانەی لەبری ڕژێمی بەعس هاتنە سەر دەسەڵات دیسانەوە فکری ڕژێمی بەعس بە بنەما دەگرن. نەژداپەرەستی، دەوڵەت-نەتەوە بە بنەما دەگرن. دەیانەوێت لەناو دەوڵەت-نەتەوەدا هەمووان سەرکوت بکەن و بیانکەن بەیەک. پرسەکان پێشتر لەم سەرچاوەیەوە سەریان هەڵداوە. ئەمانیش دەیانەوێت پرسەکە بەردەوام بێت.
ئێستا ئەوانەی لە سووریا دەسەڵاتدارن کێن؟ ئەل قاعیدەیە. کێ ئەوانی هێنایە سەر دەسەڵات؟ ئەمریکا و ئینگلتەرا ئەوانیان هێنا. لە ئەفغانستانیش ئەم کارەیان کرد، ئێستاش لە سووریا ئەو کارە دەکەن. بە قسەکانیان دژی ئەل قاعیدە و داعش بوون، بەڵام چۆن ڕووبەڕووی هەمووکەسێک دەبنەوە و دەڵێن دەبێت ئەم دەسەڵاتە قبوڵ بکەیت، بەشداری بکەیت. دەڵێن واز لە هەموو شتێک بێنن و بەشداری سووریابن. واتە دەڵێن بەشداری داعش و ئەل قاعیدە ببن. ئەمە تا چەند ڕاستە، کێ ئەمە قبوڵ دەکات؟ گەلان بە ساڵان لە دژی دەوڵەت-نەتەوە وەستاون، لە دژی ڕژێمی بەعس وەستاون، ئایا بۆ ئەمە وەستان؟ ئەم پلانە بەڕێوەناچێت. دەبێت کەس پێداگری لەسەر ئەمە نەکات. دەڵێن دەبێت ئەنتێگراسیۆن ڕووبدات. ئەو ئەنتێگراسیۆنەی باسی دەکەن ئەوەیە کورد، دروز، عەلەوی، هەمووکەسێک نکۆڵی لە شوناسی خۆیان بکەن و بەشداری ئەم دەسەڵاتە ببێت. بەم شێوەیە ئەنتێگراسیۆن دەبینن. ئەو ئەنتێگراسیۆنەی ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەرەکەمان بە بنەمای دەگرن، هیچ پەیوەندییەکی بەمەوە نییە. ئێمە باسی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک دەکەین. دەبێت دەوڵەت و دیموکراسی یەکتر قبوڵ بکەن، پێکەوە بژین. دەوڵەت دەبێت دیموکراسی، دیموکراسیش دەبێت دەوڵەت قبوڵ بکات.
دیموکراسی واتای چییە؟ بە مانای ئەوە دێت گەلی کورد، سوریانی، ئەرمەنی، دروز، عەلەوی بە شوناس و کەلتوور و ئیرادەیان گوزارشت لە خۆیان بکەن و خۆیان بە ڕێکخستن بکەن. وەک چۆن بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ دەگرن، دەبێت بەرپرسیارێتی دەوڵەتیش لە ئەستۆ بگرن و دەوڵەتیش بە هەمان بەرپرسیارێتیەوە دەبێت لە بەرانبەر گەلان نزیک بێتەوە. تەنها بەم شێوەیە دەتوانن بە ئارامی بژین. یەکێتی بەم شێوەیە دروست دەبێت، نە بە زەبر، نە بە لەناوبردن، بەڵکو بە ئیرادە درووست دەبێت. بە کوشتن، بە ئاسیمیلەیشن، کۆچبەرکردن کەس کەس قبوڵ ناکات. ئەمەش ساڵانێک بەردەوام بوو. لە ڕۆژئاوا پەکەکە لە دژی ئەمە تێکۆشانی کرد. دەبێت ئەم دەرئەنجامانە لاببرێن. بە زۆر، بە وتنی 'نکۆلی لە خۆتان بکەن' نابێت. ڕۆژئاوا ئەمە قبوڵ ناکات، نابێت قبوڵ بکرێت. ئەگەر ئەم سیاسە بەردەوام بێت، ڕۆژائاوا، دروزی، عەلەوی، هەموو عەرەبەکان کە داعش و هەتەشە قبوڵ ناکەن، مەسیحییەکان، ڕۆشنبیران هەمووکەسێک دەتوانن دەستی یەکبگرن و سووریایەکی دیموکراتیک پەرە پێ بدەن. دەتوانن یاسای خۆیان درووست بکەن، پێکەوە لە دژی زۆردارییەکانی دەسەڵاتداری ئەل قاعیدە ڕاپەڕن. تەنها بەم شێوەیە دەتوانن ئەنجام بە دەست بهێنن.
سەبارەت بە دۆخی سوریا لێدوانێکی تۆم باراک هەبوو. باراک ئاماژەی بەوەکردووە، کورد، واتە (قەسەدە) نابێت داوای کوردستان بکات. هەرخۆی کوردان داواکارییەکی وایان نییە. بۆچی لەم کاتەدا تۆم باراک قسەیەکی لەم جۆرەی کرد؟
ناوی باراکم نەهێنا، بەڵام باسم لە بیرۆکە و پراکتیکەکانی کرد. ئەو بەناوی ئەمریکاوە سیاسەت بەڕێوەدەبات. خۆی مەسیحی لوبنانییە. بانگەشەی زۆری لەسەر هەیە، لێکۆڵینەوە کراوە، وەبەرهێنەرە. چەندە نوێنەرایەتی بیرۆکەکانی ئەمریکا دەکات، ئەوە جێگەی پرسیارە، بەتەواوەتی ئەمە نازانین. بەڵام ئەو بە ناوی ئەمریکاوە ئەم لێدوانانە دەدات. دەڵێت، ڕۆژئاوا، ئیدارەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دەبێت بە تەواوی خۆی لەناوببات و بچێتە ناو ئیدارەی دیمەشقەوە و جێگەی خۆی تێدا بگرێتەوە. بە واتایەکی تر دەڵێت، یەک دەوڵەت، یەک گەل، یەک وڵات، یەک ئاڵا. هەر وەک دەوڵەتی تورکیا. دەوڵەتی تورکیا ساڵانێکە ئەم سیاسەتەی پەیڕەو کردووە، بەڵام دەرئەنجامەکەی چی بووە؟ ئەمڕۆ دەوڵەتی تورک بەهۆی ئەم سیاسەتەوە خۆی لە دۆخێکی سەختدا بینیەوە. بەهەموو ئەم سیاسەتەیشییەوە هێشتا دەیەوێت لەگەڵ کورد لەم دۆخە دەربچێت. ئەوان دەیانویست کورد لەناوببەن، بەڵام خۆیان لەناوبرد. ئێستا ناچارن ئەو کەسانە قبوڵ بکەن کە دەیانویست لەناویان بەرن بۆ ئەوەی لەو دۆخە دەربچن. لە سوریاش هەمان شت ڕوودەدات. هەمیشە دەڵێن یەک دەوڵەت- نەتەوەییمان دەوێت. گەل چۆن ئەمە قبوڵ دەکات؟ ئەمەش مومکین نییە. بۆیە ئەگەر پێداگری لەسەر ئەو سیاسەتە بکەن، ئەوا هێزەکانی دیموکراسی و ئازادی لە سوریا ناچار دەبن بەرەیەکی دیموکراسی پێکبهێنن، بۆ ئەوەی یاسای خۆیان دابنێن. دەبێت لەسەر ئەم بنەمایە خۆیان ڕابگەیەنن. پێویستە خەباتیان بۆ سوریایەکی دیموکراسی چڕتر بکەنەوە و ئەمە ڕاستییەکەیە.
باسی هێزە نێونەتەوەییەکانتان کرد. پرسی کورد پرسێکی سەد ساڵەیە و هێزە نەتەوەییەکان دەستیان لە ئافراندنی ئەم پرسەدا هەیە. پەیمانی سایک بیکۆ و لۆزانیان درووست کرد. ئەگەر ئەو هێزانە قبوڵی نەکەن، ئەوا چۆن پرسێکی ئاوا چارەسەر دەکرێت؟
سایکس بیکۆ ، لۆزان و هتد هەموویان شکستیان هێنا. بە بینینی ئەوەی کە شکستیان هێناوە، بەهاری عەرەبییان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرەوپێش برد. ئەوانەی سایکس بیکۆیان دروست کردووە ئەم کارەیان کردووە. ئەوان دەیانویست ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەپێی بەرژەوەندی خۆیان دابڕێژنەوە. بەڵام هەرچەندە هەنگاویان ناوە، دەبینین لە سوریادا گیریان خواردووە. ڕژێمی بەعس بوووە ڕێگرییان، بینیان تا ڕژێمی بەعس لەناونەبەن، ناتوانن سەرلەنوێ بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دارێژنەوە. ئەگەر گۆڕانکارییەک لە سوریا ڕوویداوە، ئەمە هۆکارەکەیە. چونکە لەوێ گیر بوون. گۆڕانکارییان کرد بۆ ئەوەی ئەم گرێیە بکەنەوە. ئەوان دەیانویست بە پشت بەستن بە بەرژەوەندییەکانیان زەمینە بۆ خۆیان خۆش بکەن و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێکبخەنەوە. ئێستا لەسەر ئەم بنەمایە پەرە بە شەڕ دەدەن. ئەمەش بە ئامانجی ئەو گۆڕانکاریانەیە کە دەیکەن. بێگومان ئەمە دۆخێکی مەترسیدارە بۆ گەلانی هەرێمەکە. گەلانی هەرێمەکە زیانێکی زۆریان بەرکەوت لەو هاوپەیمانیانە بەرژوەندخوازە، چ عەرەب و چ کورد ئەزموونی ئەمەیان کرد. چونکە پارچە پارچەیان کردن. ئازار و باجێکی زۆییان دا. ئێستا نابێت ئەمە قبوڵ بکەن. نابێت جارێکی تر هاوپەیمانی نوێ قبوڵ بکەن کە جێگەی هاوپەیمانییە شکستخواردووەکان بگرێتەوە. چونکە دەیانەوێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بەرژەوەندی خۆیان دابڕێژنەوە. ئەمەش مەترسی گەورە بۆ گەلان دروست دەکات.
ئەو سیستەمەی کە ڕێبەر ئاپۆ ئێستا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەی پێداوە بۆ ئەمەیە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نابێت ئایین و گەل و کولتوورەکان بکەونە ململانێی یەکترەوە و یەکتر لەناوبەرن، تائەوەی سیستەمی سەرمایەداری نەتوانێت بەرنامەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێبەجێ بکات. ئەو سیستەمەی ڕێبەر ئاپۆ ئافراندوویەتی بۆ ئەمەیە. ڕێبەر ئاپۆ هەنگاوێک دەنێتە پێشەوە نەک تەنها بۆ کورد، نەک تەنها بۆ گەلانی تورکیا، بەڵکو بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. چونکە لە ئێستادا دەستێوەردانێکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە. ڕێبەر ئاپۆ هەم دەستوەردانی لە بزووتنەوەکەمان کردووە، هەم دەستوەردانی لە دەوڵەتی تورکیا کردووە، هەم دەستوەردان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. بەم دەستێوەردانانە دەیەوێت چی بەدەستبهێنێت؟ نایەوێت گەل دووچاری کۆمەڵکوژی و هێرش ببێتەوە و دەیەوێت بەشێوەیەکی ئازاد و دیموکراتیک لە پێکەوەژیاندا بن. ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئەم ئامانجەی پەرەی بە سیستەم و چارەسەرییەک دا، ئەویش سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیکە. مۆدێلی ڕۆژئاوایش سەرەڕای هەموو کەموکوڕییەکانی، لەسەر ئەم سیستەمە بونیات نراوە. هەرکەسێک بیەوێت لە شەڕ ڕزگاری ببێت و بەشێوەیەکی دیموکراسیانە و ئازاد بژێت، ئەوا دەبێت مۆدێلی ڕۆژئاوا بە بنەما بگرێت، پێویستە ئەم سیستەمە لە سووریا و دەرەوەی سووریاشدا جێگیر بکرێت.
لە کۆتاییدا چ پەیامێکت بۆ گەلانی کوردستان و تورکیا هەیە؟
ئەوەی دەمەوێت بۆ گەلانی کورد و گەلانی تورکیا بیڵێم ئەمەیە؛ پێویستە خاوەنداری لە پرۆسەیە بکەن کە ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێداوە. ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازی کرد؛ بەڵام شتەکە تەنها بە بانگەوازی نییە. بۆئەوەی ئەم بانگەوازییە لە پراکیکدا بەڕێوەبچێت، ڕێبەر ئاپۆ هەنگاوگەلی زۆر نا. پێویستە هەموو کەسێک بزانێت شتەکە تەنها بە ڕێبەر ئاپۆ ناکرێت. پێویستە هەموو ئەوانەی خواستی چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی تورکیان هەیە خاوەندای لە پرۆسەکەی ڕێبەر ئاپۆ بکات. یانی پراکتیزە بوونی پرۆسەکە پێویستی بە کارکردنی هەمووانە. نەک ئەوەی تەنها لێدوان بدەن و بڵێن ئەم پرۆسەیە ئەرێنییە. بەڵێ ڕەنگە گومان هەبێت، بێگومان کردەوەکانی دەوڵەتی تورک و حکومەتی ئاکەپە مۆرڤ نیگەران دەکات، وەک ئەوەی لە ڕابردووشدا کردوویەتی، بەڵام مەرجی نەهێشتنی گومانەکان پێویستی بە کارکردنە.
تەنها لە ڕێگەی کارکردنەوە دەتوانرێت ئەم گومانانە نەهێڵرێت. تا کار نەکرێت، ئەم گومانانە بەردەوام دەبن و ڕەنگە گومانی نوێ سەرهەڵبدات. مادام ئێمە دەمانەوێت گومانەکان نەهێڵین، ئەوا دەبێت کاربکەین، واتە دەبێت خاوەندارێتی بکەین لەو هەنگاوانەی ڕێبەر ئاپۆ گرتوویانەتەبەر، دەبێت کاربکەین بۆ ئەوەی ببنە ڕاستی. دەبێت فشار بخەینە سەر دەوڵەت، لەسەر حکومەتی ئاکەپە. کاتێک فشار دەخرێتە سەریان ناچار دەبن هەنگاو بنێن، ئەگەر فشار نەبوو هەنگاو نادەن. تەنها ئەوە دەیانەوێت ئەم بزووتنەوەیە چەکی خۆی دابنێت. چارەسەرکردنی پرسی کورد، پرسی دیموکراسی و ئازادی لە تورکیا، خەمی ئەوان نییە. هەروەها دەمانەوێت کێشەکان چارەسەر بکرێن. خەڵکی تورکیا، سۆسیالیستەکان، دیموکراتەکان، تەنانەت لیبراڵەکانیش کە دژی حکومەتن، کە دەیانەوێت کێشە ئابووری و کولتوورییەکان چارەسەر بکرێن، چۆن ئەم کارە دەکەن؟ تەنها بە خاوەندارێتیکردن لەم هەنگاوە، بە فشارخستنە سەر حکومەت، بە ناچارکردنی دەوڵەت و حکومەت بۆ گۆڕینی یاساکانیان و بیرکردنەوەیان، ئەم کێشانە چارەسەر دەبن. ئەمە ئەرکی هەمووانە.
ئەمە تەنیا پرسی کورد و گەلی تورکیا نییە. هەروەها پێویستە بەشەکانی دیکەش بەشداری ئەم دەستپێشخەرییە بکەن. دەبێت بۆ ئەمە تێبکۆشن. کورد لە هەرجێیەک بێت، پێویستە هاوشانی دۆستەکانی لە تێکۆشاندا بێت. ئەگەر فشارێکی زۆر بکەن، ئەوا دەوڵەتی تورک ناچار دەبێت هەنگاو بەرەو دیموکراسی و ئازادی بنێت. ئەوکات ئاوات و هیواکانیان بەدی دێت، گومانەکان نامێنن. تەنها وتنی 'پرۆسەکە باشە' و لێدوان و چالاکی کردن، پرسەکە چارەسەر ناکات و هیچ سوودێکیشی نابێت. گەر ئەو هەنگاوانەی ڕێبەر ئاپۆ گرتوویەتەبەر، تەنها لە ڕێبەر ئاپۆدا سنووردار بێت، هیچ ئەنجامێک بەدی نایەت. ڕێبەر ئاپۆ یەکلایەنە و هەرخۆی خەباتێکی مەزنی کرد. هەموو ئەو هەنگاوانەی پیویست بنرێت ناوێتی، ئەوانەی پێویستە ببنە تەواوکەری هەنگاوەکان ئەو کەسانەن کە بە دیموکرتیکخواز ناوی خۆیان دەهێنن، دەڵێن دەمانەوێت پرسی کورد چارەسەر ببێت و دیموکراسی بێتە ئاراوە. لە ئێستادا پرسەکە دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان. گەر دەوڵەت ناچار بکەن، ئەوا دەوڵەت هەنگاو دەنێت، گەرنا وەکتر هیچ هەنگاوێک نانێت. نیلسۆن ماندێلا لە ئەفریقای باشوور بەم شێوەیە گەیشت بە ئەنجام. گەر تێکۆشانی نەکردبایە، نەدەگەیشت بە ئەنجام. دەبێت ئێمەیش ئامانجەکانمان بەدەست بهێنین."