مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات وڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی ئانهای دایەوە و ڕایگەیاند، کە مەحاڵە بگەڕێینەوە بۆ دوازدە ساڵ لەمەوبەر و لە ١٣هەمین ساڵی شۆرش دا پێشهاتی نوێ ڕوودەدات.
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیمۆکرات باسی لەوە کرد، کە ململانێ و کێشەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق زیاترە لە خاڵە هاوبەشەکانیان و ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنی هەردوولا زۆر ئەستەمە.
هەروەها عەبدی وتی: "ئێمە پێمان وایە چارەسەری لە رێگەی دیمەشقەوە پێکدێت. ئێمە کۆبوونەوەمان هەیە، بەڵام دیمەشق دەبێت بە مامەڵە و هەڵسوکەوتی خۆیدا بچێتەوە."
عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، بەو مەرجەی دەوڵەتی تورک و گروپە گرێدراوەکانی ناوچە داگیرکراوەکان بەجێبهێڵن، دەتوانن لەگەڵیاندا دیالۆگ بکەن.
هەروەها مەزڵوم عەبدی وتی: "لە ماوەی ١٢ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگەی دیالۆگەوە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەریمان لەگەڵ ڕژێمی سوریا داوە. ئێمە پێمان وایە دیالۆگ لەگەڵ ڕژێمی سوریا دەکرێت. بۆیە بەردەوام دەبین لە پەیوەندییەکانمان. بەڵام هیچ ڕێککەوتنێک تا ئێستا نییە. چونکە ڕژێمی سوریا هێشتا ئامادەی چارەسەری نییە. بۆ گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش ساڵی ٢٠١١ مەرجمان هەیە."
فەرماندەی گشتیی قەسەدە ڕایگەیاند، ئەگەر١٣هەمین ساڵ بە بەرخۆدان تێپەڕێت، پێشکەوتنی بەهێزتر ڕوودەدات.