پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک ساز دەکات
پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و گەمارۆکانی ئەو دەوڵەتە لەسەر فڕۆکەخانەی سلێمانی کۆدەبێتەوە.
پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و گەمارۆکانی ئەو دەوڵەتە لەسەر فڕۆکەخانەی سلێمانی کۆدەبێتەوە.
فاتن قەرەغولی ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە كۆبوونەوەی پەرلەمان تایبەت بە گەمارۆی ئاسمانی دەوڵەتى تورک بۆ سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، بە ڕۆژنامەی “سەباح”ی ڕاگەیاند، لیژنەكەیان بە مەبەستى تاوتوێكردن و لێكۆڵینەوە لە گەمارۆی ئاسمانی توركیا بۆ سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی و ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی ئەو فڕۆكەخانەیە، سەردانی فڕۆكەخانەی سلێمانی كردووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لیژنەكەیان لەگەڵ بەڕێوەبەر و بەرپرسانی بەشەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی گفتوگۆیان لەسەر هەڵوێستی لایەنە سیاسییەكان و ڕاگرتنی گەشتەكان كردووە، هەروەها لیژنەكەمان دۆسێیەكەی پێشكەش بە سەرۆكوەزیرانی عێراق كردووە، بۆ ئەوەی دەستوەردانی دیپلۆماسی تێدا بكات.
ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەیەكی هاوبەشی پەرلەمانی لە نێوان لیژنەی ئاسایش و بەرگری و پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ تاوتوێكردنی ئەم بابەتە پێكهێنراوە.
جێگای ئاماژەیە، دەوڵەتی داگیركەری تورك بەبێ هیچ بیانویەك لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردووەوە گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ فڕۆکەخانەى سلێمانی ڕاگرتووە، تا ئێستا ڕاگرتنی ئەو گەشتانە بەردەوامە، دیاریش نییە، كەی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی ئاسای دەكرێتەوە.
هەر بە گوێرەی هەمان هەوآڵ ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق محەمەد شەمەری ئەوەی خستووەتەڕوو کە پەرلەمان بە شێوەیەکی جددی لەسەر داگیرکەری دەوڵەتی تورک لەناوچە جیاجیاکانی پارێزگای دهۆک گفتوگۆ دەکات.
راشیگەیاند، پەرلەمان لەسەر ئەو پرسە هەڵوێستێکی روون دەردەبرێت. ئەو پەرلەمانتارە و هەروەها رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی هیچ ئاماژەیەکییان بە کاتی کۆبوونەوەکە نەکردووە.
هـ. ب