ئێران داوای دانوستانی ئەتۆمی لە وڵاتانی ڕۆژاوا کرد
ئێران ڕایگەیاند، ئەگەر وڵاتانی ڕۆژئاوایی ڕێبازێکی جددی بگرنەبەر، ئامادەیە لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکانی دانوستان بکات.
ئێران ڕایگەیاند، ئەگەر وڵاتانی ڕۆژئاوایی ڕێبازێکی جددی بگرنەبەر، ئامادەیە لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکانی دانوستان بکات.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئیسماعیل بەهایی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی دەوڵەت بەناوی "ئێران" وتی: "ئەگەر لایەنی بەرامبەر جدی بێت ئێمە بەردەوام ئامادەین بۆ دانوستان. ئێمە هەموو جار ئەم هەڵوێستەمان دووپات کردووەتەوە."
تاران لەم دواییانەدا پەیام ئاراستەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەکات، لە چوارچێوەی دانوستانە ئەتۆمییەکاندا ئامادەی دیالۆگە. لایەنی ئێرانی لە بەیاننامەیەکدا لە ٢٠ی کانوونی دووەم، هیوای خۆی دەربڕی کە ئیدارەی نوێ ئەمریکا 'رێبازێکی جدیی' جیاواز لە سەردەمی ترەمپ دەست پێ بکات.
لە ساڵی ٢٠١٨ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، تاکلایەنە لەو ڕێککەوتنەی کە لە ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ ئێران واژۆ کرابوو، کشایەوە. ئەم ڕێککەوتنە لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکان، یان کەمکردنەوەیان واژۆ کرابوو. دوابەدوای ئەم هەنگاوە، ئێران بەرە بەرە بەڵێنەکانی بە پێی ڕێککەوتنەکە ڕاگرت.
کۆبوونەوە شاراوەکان لە ژنێڤ
بەرپرسان و نوێنەرانی ئێرانی لە وڵاتانی ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا لە مانگی کانوونی دووەم کۆبوونەوەیەکی نهێنییان لە ژنێڤ ئەنجامدا. کۆبوونەوەکان لەلایەن هەردوولاوە بە "ئەرێنی و بنیاتنەر" وەسف کران. بەڵام تا ئێستا هیچ لێدوانێک لەسەر ئەوە نەدراوە کە ئایا هیچ پێشکەوتنێکی جدیی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەدا بەدی هاتووە یان نە.