سیناتۆری فەرەنسی داواکاری پێشکەشکرد: دەمەوێت سەردانی عەبدوڵا ئۆجالان بکەم

پاسکال ساڤۆڵدێلی سیناتۆری فەرەنسی سەرنجی بۆ گۆشەگیریی ئیمرالی ڕاکێشا و داوای لە وەزارەتی دادی تورکیا کرد بۆ ئەوەی ڕێگەی پێبدرێت لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دیدار بکات.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی مێزۆپۆتامیا، پاسکال ساڤۆڵدێلی سیناتۆری پارتی کۆمۆنیستی کۆماری فەرەنسا نامەیەکی ئاراستەی وەزارەتی دادی تورکیا کردووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دیدار ئەنجام بدات. ساڤۆڵدێلی، لە نامەکەیدا سەرنجی بۆ ڕێککەوتنە نێونەتەوەییەکان ڕاکێشاوە و داوای کردووە لەم بابەتەدا مۆڵەتی فەرمی بدرێت.

نامەکەی ساڤۆڵدێلی بۆ وەزارەتی داد بەم شێوەیەیە: "من وەک سیناتۆری کۆماری فەرەنسا بۆتان دەنووسم بۆ ئەوەی سەرنجتان بۆ دۆخی عەبدوڵا ئۆجالان ڕابکێشم کە ٢٥ساڵە لە تورکیا لە زیندانی ئیمرالی گۆشەگیرە. وەک دەزانن عەبدوڵا ئۆجالان لە ساڵی ١٩٩٩دەستگیرکراوە و لەو ڕۆژەوە لە زیندانی ئەمنی باڵای ئیمرالی ڕاگیراوە. ڕاپۆرتەکانی پارێزەرەانی مافی مرۆڤ باس لەوە دەکەن کە بە شێوەیەکی جددی و توند، سەردان و مافی دیدارەکانی ئۆجالان سنووردار کراوە و زۆرجاریش باس لە پێشێلکردنی مافە نێونەتەوەییەکانی زیندانیان دەکەن. لە ماوەی ئەو هەموو ساڵەدا بارودۆخی زیندان زۆر بە توند و وشک پێناسەکراوە و گۆشەگیری درێژخایەن بەکار هێنراوە. عەبدوڵا ئۆجالان ئەکتەرێکی سەرەکیە لە دانوستانەکانی ئاشتی نێوان حکومەتی تورکیا و کوردەکان.

لە دانوستانەکانی ئاشتی، ساڵی ٢٠١٣ـەوە ئۆجالان وەک ناوبژیوانێک ڕەوڵی گێڕاوە و داوای ئاگربەستی کرد و هەوڵیداوە کۆتایی بە دوژمنایەتی و شەڕ بهێنێت. هێشتا پارێزەرە و بنەماڵەکەی بۆ ماوەی ٥ ساڵە هیچ زانیارییەکیان لە دۆخی عەبدوڵا ئۆجالان وەرنەگرتووە لە مانگی ئاداری ٢٠٢١  لەگەڵ ئەندامێکی بنەماڵەکەی بە تەلەفۆن بۆ ٤ خولەک پەیوەندی گرتووە و دواتر تلفۆنەکەی پچڕاوە. ئەم دۆخە لە پێوەندی لەگەڵ مافە سەرەتاییەکانی ئۆجالان، بەتایبەتی لە بابەتی مافی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بە شێوەیەکی یاسایی، نیگەرانییەکی گەورەی دروستکردووە. بە تایبەتی بەناوی یاسای نێونەتەوەییەوە، لە سەر بارودۆخی تەندروستی و بارودۆخی دەستبەسەرکردنی عەبدوڵا ئۆجالانەوە لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی (MSHIS)، مافە مەدەنی و سیاسییەکان و تۆمارەکانی نیلسۆن ماندێلا زانیاریم دەوێت. ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، وەک مافی دیدار و پەیوەندیکردن لەگەڵ جیهانی دەرەوە، ڕێسایەکی سەرەکی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە کە کۆماری تورکیا خۆی لایەنێکی ڕێککەوتنەکانە.

'دەمەوێت سەردان بکەم'

لە هەمان کاتدا وەک پەرلەمانتارێک دەمەوێت لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان و لە هەلومەرجێکدا پارێزەرەکانیشی ئامادەبن، دیدار ئەنجام بدەم. ئەم هەوڵە یەکسانە لەگەڵ بەها و گەرەنتیەکانی پەیماننامەکانی مافی مرۆڤ، کە ئەنجومەنی ئەوروپا و تورکیا واژۆیان کردووە و لە چوارچێوەی ئەرکی منیشە وەک چاودێر و پاڵنەرێک. من دەمەوێت مۆڵەتی پێویستم پێ بدرێت تا لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان کۆببمەوە. لە ئێستاوە سوپاسی ئێوە دەکەم بۆ گرنگیدانتان بەم داواکارییەکەم و هیوادارم بە زووترین کات وەڵامێکی ئەرێنیم بدەنەوە."