'عەفرین تەسلیمی تاریکی نەبوو، بەرخۆدانی کرد'
موشیرە مەنلی ڕەشید ئاماژەی بەوەکرد کە گەلی عەفرین تامی ئازادی زانی، هەربۆیە لە بەرانبەر هەموو جۆرە هێرشێک بەرخۆدانی کرد و داستانی نوسیوە.
موشیرە مەنلی ڕەشید ئاماژەی بەوەکرد کە گەلی عەفرین تامی ئازادی زانی، هەربۆیە لە بەرانبەر هەموو جۆرە هێرشێک بەرخۆدانی کرد و داستانی نوسیوە.
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەلی کانتۆنی عەفرین-شەهبا موشیرە مەنلی ڕەشید بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد، باسی لە پڕۆژەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کە لە ٢٠١٤دا لە عەفرین دامەزرا کرد و دۆخی گەلی عەفرینی لە سەردەمی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەڵسەنگاند و ئاماژەی بەوەکرد کە ئەم سیستەمە لە بەرژەندی دەوڵەتی تورک نەبوو، لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨دا هێرشی کردە سەر هەرێمی عەفرین، بەڵام گەلی عەفرین تامی ئازادی دەزانی و لە بەرانبەر ئەو هێرشانەدا داستانی بەرخۆدانی مێژوویی نوسییەوە.
هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەلی کانتۆنی عەفرین-شەهبا موشیرە مەنلی ڕەشید لە سەرەتایی قسەکانییدا هەموو شەهیدانی بەرخۆدانی سەردەمی، لە ساڵیادی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر عەفرین تاوەکو ئێستا یادکردەوە و سڵاوی لە بەرخۆدانی گەل کرد کە ئەمڕۆ لە بەنداوی تشرین بەڕێوەی دەبەن و گوتی: "ئەم هێرشانە لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨دا لە بەرانبەر هەرێمی عەفرین دەستی پێکرد، لە ئەنجامی ڕێکەوتنی سێ لایەنەدا بوو. هەروەها دەتوانین بڵێین کە پلانگێڕی نێونەتەوەیی لە عەفرین ئەنجام درا. ئەو ڕۆژەی دووژمن خواستی عەفرین داگیر بکات و تاریکی بکات، لە بەرانبەردا بەرخۆدانێکی بەهێزی بینی. لە ٢٠١٤دا لە دامەزراندنی پڕۆژەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و تاوەکو ئێستا گەل بەرخۆدانی کرد. چونکە کاتێک ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە ئاستیی ڕۆژئاوایی کوردستان و بە تایبەت لە عەفرین دامەزرا، مافی هەموو گەلان پارێزرا و سیستەمی خۆبەڕێوەبەری گەل دامەزرێنرا. ئەم پڕۆژەیە لە لایەن ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانەوە پێشکەشکرا. ئەو کێشەی کە کۆمەڵگەکان هەیانە لەدەسەڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت چونکە کۆمەڵگە بە قازانجی خۆی بەکاری دەهێنێت و بێ ڕۆڵیان دەکات، ئەمانە هۆکاری دروستبوونی ئەم پڕۆژە بوون".
وتیشی: "لە نێو پڕۆژەی نەتەوەیی دیموکراتیک کاتێک هەموو هەرێمەکانی سووریا بە ئاڵۆزییەکی سەختدا تێدەپەڕین، هەموو گەلان چوون بەرەو عەفرین. هەرچەندە کە لە دەستپێکی شۆڕشی ١٩ی تەمموزەوە گروپە چەکدارەکان هێرشی عەفرینیان دەکرد، بەڵام لە بەرانبەردا گەل ڕاپەڕی و لە ئەرکی پاراستنی وڵاتەکەییدا ڕۆڵیکی مەزنی ڕابەری کرد. کاتێک لە هەموو سووریا کێشە و ئاڵۆزی سەخت هەبوو، گەلی عەفرین بەرگری لە خاکی خۆی دەکرد، سیستەمی دیموکراتیکی فراوان دەکرد. کاتێک گەل بینی هێرش دەکرێتە سەر هەرێمەکە، هەموو کەسێک، لە گەنجانەوە تاوەکو تەمەندار، چەکیان هەڵگرت و بەرگرییان لە سنووری خۆیان کرد".
لە درێژەی قسەکانییدا موشیرە باسی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی لەسەر عەفرین کرد و گوتی: "چونکە بێدەنگی نێونەتەوەیی هەبوو، دەوڵەتی تورک هێرشی سەختی لە هەرێمەکە ئەنجام دا. لە بەرانبەردا بە پێشەنگایەتی ژنان ٥٨ ڕۆژ بەرخۆدان بەردەوامبوو. بنەمای ئەو بەرخۆدانەش لە خۆبەڕێکخستنی ژنان بوو لە دەستپێکی شۆڕشدا. جارێکی دیکە خۆیان بە رێکخستن کرد بۆ پاراستنی بەها و وڵاتەکەیان لە تەنیشت شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە جێیان گرت. ئەو هێرشانەی کە لەسەر عەفرین ئەنجامدەدرا هێرشی دڕندانە بوو، ژمارەیەکی زۆر گەلی مەدەنی شەهید بوو. ئەم بەرخۆدانە بنەماکەی لە دامەزراندنی سیستەمەوە وەرگرتبوو، خاڵی زۆر گرنگ خۆبەڕێکخستن بوو کە لەسەر فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ پێشکەوت. هەربۆیە دەتوانین بڵێین ئەم شەڕە لە بەرانبەر فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بوو".
موشیرە ئاماژەی بەوەکرد کە بۆ ئەوەی بەرخۆدانی سەردەم بەرزتر بکەن، چووینە قۆناغی دووەم و گوتی: "٥٨ ڕۆژ بەرخۆدانێکی بێ هاوتا بەڕێوەچوو. بەڵام لەبەر ئەوەی کە ویستیان گەلی عەفرین ڕاستەوخۆ کۆمەڵکووژی بکەن، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کانتۆنی عەفرین بۆ ئەوەی گەل لە کۆمەڵکووژی بپارێزێت، بڕیایدا گەل بچێتە قۆناغی دووەم و بچنە هەرێمی شەهبا.
سەختی لە کەمپەکان زۆر بوون، چونکە لە لایەک ڕژێمی ئەسەد هەرێمی شەهبای گەمارۆ دەدا و لایەکی ترەوە لایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکەوە گەمارۆ درابوو. زۆر جار پێداویستییە ژیانییەکانی خەڵکی عەفرین دابین نەدەکرا. گەل لەبەر سەرما و زستان بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە عەفرین ٧ ساڵە لە بەرخۆداندایە".
لە کۆتایی قسەکانیدا موشیرە مەنلی باسی لە پڕۆسەی گۆڕینی دۆخی سووریا و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی شەهبا و کۆچبەرانی گەلی عەفرین بەرەو کانتۆنی فورات و جزیرە کرد و گوتی: "لەم دواییانەدا لە سووریا و تەواوی ڕۆژهەڵاتیی ناوین بووین بە گەواهیدەری گۆڕانکارییەکی گەورە. یەکێک لە وانە هەرێمی شەهبا بوو. لەبەر ئەوەی هەموو هەرێمەکە گەمارۆدرا بوو، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ڕاستەوخۆ کۆمەڵکووژی نەکرێت، کۆچبەربوونی دووەم دەستی پێکرد. لەم کۆچبەربوونەدا قوربانی سەخت درا، بەڵام قوربانی ئازادی قورسە. لە بەرانبەر دووژمنێکی دڕندە و سیاسەتێکی پیس، دەبێت بەرخۆدان بکەین. ئەمڕۆ گەلان لە هەرێمی فورات و جزیرە، بۆ ئەوەی کە شایەن بە بەهای شەهیدانیان و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆبن و بۆ گەڕانەوە بۆ عەفرین لە هەموو شوێنێک بەرخۆدان دەکەن".