بە دیمەن

لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پیلانگێڕی نێونەتەوەیی شەرمەزار کرا

لە چەندین ناوەندی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پیلانگێڕی نێونەتەوەیی لە بەرانبەر ڕێبەر ئاپۆ شەرمەزار کرا. لە چالاکییەکاندا ئاماژە بەوەکرا کە تاوەکو ئازادی جەستەی ڕێبەر ئاپۆ، تێکۆشان بەردەوام دەبێت.

شەرمەزاکردنی ١٥ی شوبات

لە چەندین ناوەندی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پیلانگێڕی نێونەتەوەیی لە بەرانبەر ڕێبەر ئاپۆ شەرمەزار کرا.

قامیشلۆ

بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ١٥ی شوبات لە دژی ڕێبەر ئاپۆ بە دروشمی "ڕۆژی ڕەش دەکەین بە ڕۆژی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ" گردبوونەوە ئەنجام درا.

بە دەیان هەزار دانیشتووی شاری قامیشلۆ، تربەسپی، تل حومس و عامودا لە شاری قامیشلۆی کانتۆنی جزیرە، لە یاریگای ١٢ی ئادار کۆبوونەوە و گردبوونەوەیەکی جەماوەری بەڕێوەچوو.

پێش گردبوونەوەکە ڕێپێوانێکی جەماوەری کرا. لە ڕێپێوانەکەدا وێنەی ڕێبەر ئاپۆ، پانکارت "بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ دەرگای ئاشتیی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوینە"، "بە ڕۆحی بەرخۆدانی ئاپۆیی پیلانگێڕی تێک دەشکێنین" هەڵگیرا و دروشمی "نا بۆ پیلانگێڕی"، "بێ سەرۆک ژیان نابێت" و "ژن، ژیان، ئازادی" بەرزکرایەوە.

لە دوای خولەکێک ڕێزگرتن بۆ گیانی شەهیدان، گوێ لە چەند دەنگێکی ڕێبەر ئاپۆ گیرا کە ئامادە کرابوو.

'بە بەهێزکردنی بەرخۆدان ڕێبەر ئاپۆ ڕزگار دەکەین'

پاشان لە ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) فۆزا یوسف ڕۆژی ڕەشی شەرمەزار کرد و گوتی: "دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ڕێگەی ئەم پیلانگێرییەوە ویستی گەلی کورد بێ ئیرادە بکات و لە ناویان ببات، ئەم ڕۆژە بوو بە ڕۆژی بەرخۆدانمان لە بەرانبەر دووژمن و لەو ڕۆژەوە بەڵێنی تێکۆشانمانداوە. دەمەوێت ئەمە بە گەلەکەمان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بڵێم: چەند بەرخۆدانەکانمان بە هێز بکەین، ئەوەندە نزیکی ئامانجەکەمان دەبینەوە. هەرگیز ژیانێکی بێ وڵات قبوڵ ناکەین. دووژمن تێک دەشکێنین و ڕێبەر ئاپۆ ڕزگار دەکەین".

'ڕێبەر ئاپۆ هێز و ئیرادەی تەواوی نەتەوەکانە'

سەرۆکی ئەنجوومەنی هۆزی تەی و ئەندامی ئەنجوومەنی ڕیش‌سپییانی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا حەسەن فەرحان گوتی: "ئەمڕۆ لە سایەیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانەوە بوونمان هەیە. ڕێبەر ئاپۆ هێز و ئیرادەی دا بە تەواوی نەتەوەکانە. ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئێمە تەنها سەرۆکی گەلی کورد نییە، سەرۆکی تەواوی مرۆڤایەتیی و ئاشتییە".
         


        

دێرک

دەستپێشخەری گەل بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان لە شاری دێرک بە ئامانجی شەرمەزارکردنی ساڵیای ١٥ی شوبات، بە دروشمی "ڕۆژی ڕەش بکەین بە ڕۆژی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ" لە پێش ناوەندی گەنجانی شۆڕشگێڕ گردبوونەوەی ئەنجام دا.

لە گردبوونەوەکەدا بە هەزاران کەس بەشداربوون و وێنەی ڕێبەر ئاپۆ هەڵگیرا و دروشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێت" و "ئازادی ئۆجالان ئازادی گەلانی هەرێمەکەیە" بەرزکرایەوە.

دوای خولەکێک ڕێزگرتن ئەندامی بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستاری دێرک وەفا عەلی قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا تێکۆشانی گەلی کورد و گەلانی جیهان لە دژی پیلانگێڕی تاوەکو ئازادی جەستەی ڕێبەر ئاپۆ بەردەوامە.

وەفا عەلی دووپاتی کردوە کە ڕێگەی ئاشتیی بە ئیمراڵی تێپەڕ دەبێت و بە تێکۆشانی خۆیان ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەکەن و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ئازاد دەدەمەزرێنن.

هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) غەریب حەسۆ لە گردبوونەوەکەدا گوتی: "لێرەوە سڵاوی شۆڕشگێڕی بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەنێرین. بەرخۆدان هەموو پیلانگێڕییەکانی لە دژی دۆزی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ناوبرد. ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بیرمەند و فەیلەسوفە. پێش هەموو شتێک مرۆڤێکی ئاشتیخوازە، هێزی ئەوەی هەیە کە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین چارەسەر بکات".

گردبوونەوەکە بە بەرزکردنەوەی دروشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێت" کۆتایی هات.
         


        

تەبقە

بە هەزاران دانیشتووی کانتۆنی تەبقە بە هەموو پێکهاتەکانەوە، شێخ و ڕیش سپیان، نوێنەرانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، پارتە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکان و تەڤگەری ژنان، کەسێتییە ئایینیەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگە و کۆچبەرانی کانتۆنی عەفرین و شەهبا بۆ شەرمەزارکردنی ٢٦هەمین ساڵیادی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی (١٥ی شوبات) لە دژی ڕێبەر ئاپۆ ڕێپێوانێک بەڕێوەچوو.

جەماوەری گەل بە هەڵگرتنی وێنەی ڕێبەر ئاپۆ و دانانی پانکارتی "ڕۆژی ڕەش بکەین بە ڕۆژی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و ئازادی گەلانی تێکۆشەر" لە پێش بازاڕی گەڕەکی یەکەم (ئەوەل) دەستی بە ڕێپێوان کرد. لە ڕێپێوانەکەدا دروشمی "گەل ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانی دەوێت" و "بژی بەرخۆدانی ئیمراڵی" بەرزکرایەوە.

لە دوای ڕێپێوانەکە تاوەکو چوارڕێیانی ئەل حەیدەری لە  بازاڕی گەڕەکی دووەم (ئەل سانی) بەردەوامبوو، گردبوونەوە ئەنجام درا. پاش خولەکێک ڕێزگرتن، ئەندامی دەستپێشخەری سوووریایی ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانی کانتۆنی تەبقە ریاد ئەل والی قسەی کرد.

ریاد ئەل والی گوتی: "گەلی فورات بە یەک دەنگ هاتوونەتە دەرەوە بۆ ئەوەی بڵێن: نا بۆ داگیرکاری تورک و نا بۆ پیلانگێڕی نێونەتەوەیی لە دژی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان".

ئەل والی ڕایگەیاند کە گەلی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە گۆڕەپانەکاندا دەبن تاوەکو خاکە داگیرکراوەکان ئازاد دەکرێن و ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەدی دێت.

گردبوونەوەکە بە دیلان و بەرزکردنەوەی دروشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێت" کۆتایی هات.

ڕەقە

لە بەردەوامی چالاکی شەرمەزارکردنی پیلانگێڕی نێونەتەوەییدا، لە شاری ڕەقەی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕێپێوانێکی جەماوەری لە ناوەندی شارەکە ڕێکخرا و بە شەقام و گۆرەپانەکانی شارەکەدا بەردەوام بوو.

لە ڕێپێوانەکەدا گەل پەیامی بەردەوامیدانی تێکۆشانیان دا، هەروەها بە وتنەوەی درووشمەوە پیلانێگڕی نێونەتەوەیی ١٥ی شوباتی سەر ڕێبەر ئاپۆ شەرمەزار کرا.

لە ڕێپێوانەکەدا ئاڵاکانی سەرۆک ئاپۆ و ئاڵایی قەسەدە بەرزکرانەوە.

ڕێپێوانەکە بە درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بە بەرخۆدانمان دەرگای ئێمراڵێ دەشکێنین" کۆتایی هات.

دێرەزۆر

دانیشتوانی دێرەزۆر بە ڕێپێوانێک لە پێش باڵەخانەی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری کانتۆنی دێرەزۆری هەرێمی شەهباوە بە ٢کم ڕێکردن تا پردی سالحیە پیلانگێڕییان شەرمەزار کرد.

لە ڕێپێوانەکەدا ئاڵای ڕێبەر ئاپۆ بەرزکرایەوە و درووشمەکانی 'بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" وترانەوە.

دواتر ڕێپێوانەکە گۆڕدرا بۆ گردبوونەوە و پەیام خوێندرایەوە. لە پەیامەکاندا جەخت لەسەر بەردەوام بوون و بەرفراوانکردنی تێکۆشان کرایەوە لە پێناو مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆدا.

گردبوونەوەکە بە درووشمەکانی شەرمەزاکردنی پیلانگێڕی و خواستی ئازادی جەستەیی بۆ ڕێبەر ئاپۆ کۆتای هات.