مەسەدە: پێویستە کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی دیالۆگ لە نوێیەوە دابمەزرێتەوە

مەسەدە ڕایگەیاند کە کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی سوریا نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکان ناکات و داوای کرد لە نوێیەوە دابمەزرێتەوە.

ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک ڕایگەیاند، بە نیگەرانییەکی زۆرەوە بڕیاری دامەزراندنی کۆمیتەی ئامادەکاری 'کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی' دەبینین و ڕایگەیاند: "ئەم کۆمیتەیە لە لایەنێک و ڕوانگەیەکی سیاسییەوە دامەزراوە، ئەمەش پێشێلکردنی پرەنسیپی نوێنەرایەتی دادپەروەرانە و هەمەچەشنی پێکهاتەکانی گەلانی سوریایە."

مەسەدە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو کۆمیتەیەی کە پێکهێنراوە، نوێنەرایەتی هەموو سورییەکان ناکات، هەروەها هێزە سیاسی، کۆمەڵایەتی و نیشتمانییەکان بە ئاشکرا دوور خراونەتەوە و دوورخستنەوەیان پێشێلکارییەکی ئاشکرایە لە بنەمای یەکگرتوویی نیشتمانیدا.

هەروەها مەسەدە جەختی لەوە کردووەتەوە کە پەراوێزخستنی بە ئەنقەستی هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان کە ساڵانێکە دژی ڕژێمی ئەسەد تێکۆشانیان کردووە، کوژراون، دەستگیرکراون، دەربەردەر و کۆچکراون، نیشاندەری ئەوەیە کە هیچ نیازێکی ڕاست لە کاردا نەبووە بۆ بەشداریکردنی هەموان لە بنیاتنانەوەی داهاتووی سوریا. ئەم هەڵوێستە وەک دووبارەکردنەوەی سیاسەتی نکۆڵی ڕژێمی پێشووە کە ڕێگر بوو لەدامەزراندنی دەوڵەتێکی دێموکراتیک.

مەسەدە بۆ خزمەتکردن بە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی کە هەموو پێکهاتەکانی سوریا بگرێتەوە و دیالۆگێکی نیشتمانی ڕاستەقینە دابمەزرێنێ و یارمەتیدەر بێت لە بنیاتنانی سوریایەکی دیموکراتیک و فرە چەشنی و لامەرکەزی کە مافی هەموو هاوڵاتیان مسۆگەر بکات، بانگەوازی سەر لە نوێ دامەزراندنەوەی کۆمیتەی ئامادەکاری کرد.