لە نەورۆزی فرانکفۆرت پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ و بانگەوازی ئازادیی ڕۆژئاوا خرایەڕوو
کۆتا ئاهەنگی نەورۆز لە ئەڵمانیا، ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی ڕیسپێک پارک لە فرانکفۆرت بەجۆشەوە ئەنجامدرا، ئاهەنگەکە قەرەباڵغترین ئاهەنگی ساڵانی دوایی بوو.
کۆتا ئاهەنگی نەورۆز لە ئەڵمانیا، ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی ڕیسپێک پارک لە فرانکفۆرت بەجۆشەوە ئەنجامدرا، ئاهەنگەکە قەرەباڵغترین ئاهەنگی ساڵانی دوایی بوو.
لە ئاهەنگەکەدا پەیامی نەورۆزی ڕێبەر ئاپۆ بە دەنگی خۆی لەسەر شاشەی گەورە پیشاندرا. بەبێدەنگی گوێێ لێ گیرا، بە تەواوبوونی پەیامەکە درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" بەرزکرایەوە.
پاشان بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئیلهایم ئەحمەد سڵاوی ڕۆژئاوای گەیاندە هەمووان، گوتی: "بە پرۆسەیەکی چارەنووسسازدا تێدەپەڕین. پاش سەد ساڵ، کاتی ئازادی بۆ گەلی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتووە. ١٤ ساڵە بە خوێنی هەزاران شەهید ڕۆژانی واتادار و گرنگ ئافرێندران. ئەمڕۆ کاتی هاتووە فیداکارییان بگۆڕێت بۆ چارەسەری پرسی کورد".
ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند هەزاران سیاسەتمەدار و شۆڕشگێڕ لە تورکیا لەنێو زیندانەکاندا بەرخۆدانێکی مەزن دەکەن، جەختی کردەوە چارەسەری پرسی کورد لە هەموو جێیەک پێکەوە بەستراوە، گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستان بێ لە ئازادی هیچ بژاردەیەک قبووڵ ناکات.
ئیلهام ئەحمەد جەختی کردەوە، بەم نزیکانە پێشهاتی گرنگ دێنەپێش و دەبنە مایەی دڵخۆشی گەل، تیشکی خستەسەر هەنگاوەکان لە سوریا بۆ چارەسەری سیاسی، گوتی: "تا ئێستە لەلایەن کوردەوە هەوڵی گرنگ دراوە، پاش جەژن مزگێنی گرنگتان پێ دەدەین. پاش ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە، شاندێکی کورد لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق کۆدەبێتەوە و داخوازییەکانی خۆی ڕادەگەیەنێت. گەلی کورد بەشداردەبێت لە بنیاتنانی سوریای نوێ. بۆ دیموکراتیکبوونی سوریا گفتوگۆ دەکرێت. بۆ ئەوەی هەبوونی گەلی کورد و گەلانی سوریا مسۆگەر ببێت، خەبات دەکرێت، کۆمیتە دادەمەزرێت. هەوڵدەدرێت ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ دیمەشقدا دەکرێت، بگاتە ئەنجام".
ئیلهام ئەحمەد جەختی کردەوە ئەگەر لە سوریادا مافی ژنان نەدرێت، چیتر نابێتە سوریای هەمووان، دەبێت یەکسانی ژن و پیاو ڕەچاوبکرێت.
'بەڵێن دەدەین گەلی عەفرین بگەڕێنەوە سەر خاکەکەیان"
ئیلهام جەختی کردەوە لە عەفرین و گرێسپی و سەرێکانی داگیرکراو پێشهاتی گرنگ ڕوودەدەن، گوتی: "بەڵێن بە گەلەکەمان دەدەین، ئەمساڵ ببێتە ساڵی گەڕانەوەیان بۆ سەر خاکی خۆیان. بۆ ئەمەش خەبات و کۆبوونەوە هەیە... بەم نزیکانە کۆمەڵێک لە خەڵکی عەفرین دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان".
ئیلهام ئەحمەد تیشکی خستەسەر پارادایمی نوێی رێبەر ئاپۆ و ئەو پرۆسەیەی لە زیندانەوە دەستی پێ کردووە، گوتی: "ئەم پرۆسەیە گرنگە. گەلی کورد شایستەی ئاشتی و ئازادییە. پێویستە هەمووان کاربکەن بۆ پێشکەوتنی ئەم پرۆسەیە و چارەسەری پرسی کورد".
نوێنەری سەندیکای (IG Metall) میشێل ئەرهارد قسەی کرد. ئاهەنگەکە بە هەڵپەڕکێ و گۆرانییەکانی هۆزان دینۆ بەردەوام بوو.
پاشان پەرلەمانتاری پارتی چەپ، فەرهاد کۆچاک جەژنی نەورۆزی لە گەلی کورد پیرۆز کرد، ڕەخنەی لە ئۆپەراسیۆنەکانی دەسەڵات لە ئیستەنبوڵ گرت، سڵاوی لە بەرخۆدانی گەلی تورکیا دژی دەستبەسەراگرتنی ئیرادە کرد.
ئاهەنگەکە بە گۆرانی و جۆشێکی مەزن کۆتایی هات.