بە دیمەن

لە کەرکوک، بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانەوە سەردانی گڵکۆی شەهیدان کرا

لە کەرکوک بە بۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانەوە، ووڵاتپارێزان و کەسوکاری شەهیدان سەردانێکیان ڕێکخست بۆ سەر گڵکۆی شەهیدان.

بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانەوە وەکو نەریتێکی کۆمەڵایەتی و ئاینی کۆمەڵگای باشوری کوردستان و کۆمەڵگای ئیسلامی خەلکی سەردانی گۆرستان دەکەن بۆ بەسەرکردنەوەی کەسوکاریان، ئێوارەی ئەمرۆ شەممە، لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بەدەستپێشخەری ژمارەیەک لە کەسایەتی ووڵاتپارێز، چالاکوان و کەسوکاری شەهیدان، وەکو خاوەنداری کردن لە شەهیدانی ڕێگای ئازادی سەردانی گڵکۆی شەهیدانی کەرکوکیان کرد.

جێگای باسە لە سەردانەکەیاندا بۆسەر گڵکۆی شەهیدانی کەرکوک یادی هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستانیان کردەوە و داوایانکرد، کە یەکێتی گەلی کورد دروستبکرێت و پشتیوانی لە بانگەوازە مێژوویەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی بکرێت، هەروەها پەیمانیان دووپات کردەوە کە بەردەوام بن لە خەبات و تێکۆشان لەسەر ڕێبازی شەهیدان.

'پەیامەکەی ڕێبەر ئۆجالان ئەم جەژنەی جیاواز کرد'

حوسێن کەرکوکی، چالاکوانی سیاسی و کەسایەتی ووڵاتپارێز، سەبارەت بەسەردانەکەیان بۆسەر گڵکۆی شەهیدان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "سەرەتا بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانەوە، پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدەکان ئەکەین، هەروەها لە هەموو گەلی کوردستان لە چوار پارچەی کوردستان و لە تەواوی گەلانی کەرکوک (کورد، عەرەب، تورکمان، کلد و ئاشور) پیرۆز دەکەین، بێگومان دیارە ئەم جەژنە جیاوازە لە ساڵانی ڕابردوو، لەبەرئەوەی گۆڕانکارییەکی سیاسی گرنگ لە ناوچەکە ڕووئەدات، بەتایبەتی دوای پەیامەکەی ڕێبەر ئۆجالان بۆ ئاشتی و کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک، کە ئەم بانگەوازییە لە هەموو جیهان دەنگی دایەوە".

'پێویستە هەموومان پشتیوانی لە پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بکەین'

هەروها ناوبراو باسی لە گرنگی پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆی کرد و ئاماژەی بەوەکرد: " بانگەوازەکەی ڕێبەر ئۆجالان زۆر گرنگە کە لەم کاتەدا کرا، چونکە ناوچەکە بە گۆڕانکارییەکی جدی تێپەڕێت، بۆیە پێویستە کە ئێمەو هەموو لایەنە سیاسییەکان، هاووڵاتیانی هەر چوارپارچەی کوردستان بەگشتی باشووری کوردستان بەتایبەتی، پێویستە بەدەم ئەو بانگەوازە بچین و بتوانین بە کار و چالاکی بەپشتوانی ئەو پەیامە دەستی ڕێبەر ئۆجالان بەهێز بکەین، دەبێت دوژمنیش ئەوە باش بزانێت گەلی کورد باوەڕی بە ڕێبەرەکەی خۆی هەیە، کە ئەو پەیامەی داوە بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک".

'دەبێت ئیرادەی گەلی کورد و ڕێبەرەکەی قەبووڵ بکرێت'

لە دێژەی قسەکانیدا، ئەو چالاکوانە ئەوەشی خستەڕوو: "لە نەورۆزدا خەڵکی هەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات پشتیوانیان لە پەیامەکەی ڕێبەر ئۆجەلان کرد کە ئەمەش گرنگ بوو، بۆیە پێویستە کە لە دۆخی ئێستادا کە گۆڕانکاری لە ناوچەکە ڕوودەدات، جێبەجێ کردنی پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ ئەرک و بەرپرسیارێتی سەرشانی ئێمەیە کە جێبەجێی بکەین، پێویستە دوژمنی ئێمە باش بزانێت کە  بێ گوێدان بە پەیامەکەی ڕێبەر ئۆجالان هیچ هەنگاوێکی جدی بۆ پەیامەکەی ئۆجالان نەنێت، ئەوە دۆخی تورکیا لە دۆخی ئەو ووڵاتانە باشتر نابێت کە دەستوەردانیان تێدا دەکات بەتایبەتی کە تورکیا بەرەو گۆڕانکارییەکی جدی دەڕوات و لەناوخۆدا ڕووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی زۆر بووەتەوە، چیدیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر گۆڕانکاریی و پرۆژەیەک بکرێت بەبێ قەبووڵ کردنی ئیرادەی گەلی کورد و ڕێبەرەکەی ڕێبەر ئۆجالان سەرکەوتوو نابێت، لەبەرئەوە دەبێت ئیرادەی گەلی کورد و ڕێبەرەکەی قەبووڵ بکرێت".

'لەسەر ڕێبازی شەهیدان بەردەوام دەبین'

لە کۆتایی قسەکانیدا، حوسێن کەرکوکی، گووتی: "بۆیە لەم جەژنە پیرۆزەدا پیرۆزبایی لە تەواوی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان لەهەر چوار پارچەی کوردستان پیرۆز دەکەین، شەهیدان بە خوێنی خۆیان ئەمڕۆژەیان بۆ ئێمە خوڵقاند، بۆیە گرنگە ئێمەش لە سەرەتای جەژنەوە سەردانی گڵکۆ و مەزاری ئەو شەهیدانە بکەین، تاوەکو پەیمان دووپارت بکەیەنەوە بۆیان کە لەسەر ڕێبازی ئەوان بەردەوام دەبین".