بە هەڵوەشاندنەوەی ڕژێمی بەعس، هیوای گەلانی سوریا و بەتایبەت ژنان بۆ ئەوەیە لە سوریایی نوێدا سیستەمێکی دیموکراتیکی دامەزرێندرێت کە پێگە و مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا پارێزراوبێت. ژنان لەم ڕووەوە هیواخوازن لە دەستووری نوێی سوریادا ڕۆڵی سیاسییان هەبێت. بەڵام لەگەڵ هاتنەسەردەسەڵاتی هەتەشەدا ترس و نیگەرانییەکان لە بارەی بونیادنەنانی سیستەمێکی دیموکراتیکییەوە زیاتر بوون، چونکە هەتەشە خاوەن ڕابردووەیەکی پڕ لە توندڕەوەی ئاینییە.
لە بارەی ڕوانگە و چۆنێتی ڕۆڵییان لە ئایندەی سووریادا لە ٧ی کانوونی دووەم لە شاری حەسەکەی کانتۆنی جزیرە بە پێشەنگایەتی کۆنگرە ستار 'وۆرکشۆپی ڕاوێژکاری ژنان' ئەنجامدرا. لە بارەی ئامانجەکانی وۆرکشۆپەکەوە ژنانی بەشداربوو بۆ ئاژانسمان قسەیانکرد.
ئەم وۆرکشۆپە دەرنجامی تێکۆشانی ژنانە
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا شەهرەزاد ئەلجاسم ئاماژەی بەوەدا وۆرکشۆپەکە دەرنجامی تێکۆشانەکانی ژنانە، بەتایبەت لە دوای هەڵوەشاندنەوەی ڕژێمی بەعس و وتی: "ڕۆڵی ژنان لە داهاتووی سوریادا دەبێت. سووریایەک بە سیستەمێکی دیموکراتیکەوە کە هەموو پێکهاتەکان لە خۆ بگرێت. ڕۆڵی ژنان لە دامەزراندنی سوریایەکی دیموکراتیک و بەشدارکردنیان لە دەستووری نوێدا گرنگە. ئەم تێکۆشان و بەرخۆدانە لە سایەی خوێنی شەهیدانمانەوەیە کە بۆ بەدەستخستنی ئازادی ژن و گرنگی هەبوونی ژنان لە گۆڕەپانی سیاسییدا گیانی خۆیان بەختکرد، بەڕێوەدەبرێت.
ژن لە قۆناغی سیاسی ئینتیقالییدا خاوەنی ڕۆڵێکی کاریگەرە
سەرۆکی یەکێتی ژنانی ئەرمەنی، سیلدا سیمۆن پەیوەست بەم بابەتەوە وتی: "لە ساڵانی شۆڕشی سوریادا بۆ ئازادی و شکۆ تێکۆشاین، دەستبەرداری دۆزی خۆمان نابین و بەردەوام دەبین لە گەیاندنی دەنگمان بە جیهان. ژن لە سوریادا لە قۆناغی سیاسی ئینتیقالی سوریای نوێدا خاوەنی ڕۆڵێکی کاریگەرن. هیوادارین ئەم مۆدێلەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا بونیادنراوە، لە دەستووری بنەڕەتی سوریایی نوێدا بچەسپێندرێت."
بە هاوپشتیکردن دەستەکەوتەکانمان گەورەتر دەکەین
هاوسەرۆکی ئەنجومەنی دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سیهام قەریۆ، دەستنیشانیکرد ژنان بە هاوپشتیکردنی یەکدی دەستکەوتی گەورەیان بەدەستهێناوە و وتی: "هەموو پێکهاتەکانی ئیدارەی خۆبەرێوەبەری خاوەنی دەستکەوتن لە دامەزاوەکاندا. ژنانیش لە دژی ڕێکخراوەکانی تیرۆر شەڕیان کرد و بەشداری کۆبوونەوەی نێونەتەوەیی بوونە."