تەرمی سێ شەهیدی قەسەدە لە ڕەقە بەخاک سپێردران

تەرمی سێ شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کە لە حەڵەب شەهید بوون لە مەراسیمێکی بەشکۆدا لەلایەن دانیشتوانی ڕەقەوە بەخاک سپێردران.

بەسەدان کەس لە دانیشتووانی ڕەقە تەرمی شەرڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک محەمەد ئەمین ئەلغزبان، خالید محەمەد حەمود و ئەیمەن عەواد ئەلعایدیان بە مەراسیمێکی جەماوەری لە گۆڕستانی شەهیدانی شاری کەرامە و حکومیەی شاری ڕەقە بەخاک سپارد.

مەراسیمەکە بە نمایشێکی سەربازی و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە شەهیدان دەستیپێکرد. ڕیما ئەلعەلی ئەندامی ئەنجومەنی سەربازی ڕەقە بە ناوی هێزەکانی سوریای دیموکراتیکەوە قسەی کرد و وتی: "شەهیدانمان سیمبولی کەرامەتی ئێمەن. ئیمە قەد تەسلیم نابین. تیرۆر تێکدەشکێنین و ناوچەکانمان ئازاد دەکەین."

ئیبراهیم ئەلحەممود، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کاروباری شەهیدان و کەمئەندامەکانی کانتۆنی ڕەقە سەرەخۆشیان لە کەسوکاری شەهیدان کرد و ڕایگەیاند: "شەهیدان پێشەنگانی ڕۆحی مەعنەوی ئێمەن. تاوەکو سەرکەوتن و بەدەست هێنانی ئازادی ڕێبازی ئەوان بەردەوام دەکەین."

پاشان ناسنامەی شەهیدان خوێندرایەوە و پێشکەش بە بنەمالەکانیان کرا و تەرمی شەهیدان بە دروشمی "بەگیان بەخوێن لەگەڵتین ئەی شەهید" بەخاک سپێردران."

هەروەها شەهید خالید محەمەد حمود بە مەراسیمێکی شایستە بە ئامادەبوونی سەدان کەس لە گۆڕستانی شەهیدان لە شارۆچکەی حکومیەی کانتۆنی ڕەقە بەخاک سپێردرا.