دەستپێشخەری ژنانی کوردی ڕۆژئاوا دامەزرێنرا

کۆمەڵێک لە ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایانگەیاند بۆ ئەوەی لە بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتیک و یەکساندا ڕۆڵییان هەبێت 'دەستپێشخەری ژنانی کوردی ڕۆژئاوا'یان دامەزراندووە.

پەیوەست بە دۆخی سیاسی ئێستایی سووریا و ئایندەی گەلی کورد لە سووریادا، کۆمەڵێک لە ژنانی کوردی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەیاننامەیەکییان خوێندەوە.

بەیاننامەکە لە ناوەندی شاویشکای شاری قامیشلۆ خوێندرایەوە، لە بەیاننامەکەدا ئەو ژنانەی لە بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و دیبلۆماسییدا چالاکانە لە خەباتدان بەشدار بوون.

بەیاننامەکە لە لایەن ئەندامانی کۆمیتەی ئامادەکاری دەستپێشخەرییەکە نەجلە تەمۆ و نالین ئەسعەدەوە بە زمانی کوردی و عەرەبی خوێندرایەوە و ڕایاگەیاندرا کە ئەوان بە ناوی 'دەستپێشخەری ژنانی کوردی ڕۆژئاوا' دەستپێشخەرییەکی نوێیان دامەزراندووە.

ژنان هۆکاری دامەزراندنی دەسپێخەرییەکە، بەها بنەڕەتییەکان، ڕەگەز و ئامانجەکانی کارکردن لەگەڵ ڕای گشتییدا بڵاوکردەوە و داوایان لە ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد پارێزگاری لە بەها نەتەوەییەکان و ناسنامەی خۆیان بکەن.

ئاماژەشیان بەوەکرد، دەبێت ژنان لە بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتیک، یەکسانخواز و فرەچەشندا ڕۆڵی چالاکییان هەبێت.

لە کۆتاییدا ئەندامانی کۆمیتەکە داوایان لە ژنانی کورد کرد بەشداری کارەکانی دەسپێشخەرییەکەیان ببن.