ئاماری شەڕەکانی دوێنێی عەفرین

شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات دوێنێ لە بەرامبەر هێرشەکانی سوپای تورکدا بەرخۆدانیان کرد، ژمارەیەکی زۆر لە سەرباز و چەتەکانی سوپای تورک کوژران، هەروەها ئۆتۆمبێلێکی سەربازی، پانزێرێک و تانکێک تێکشکێندران.

ئاماری دوێنێ شەڕوپێکدادانەکانی نێوان شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و سوپای تورک بڵاوکرایەوە، کە ئەمڕۆ پێدەنێتە پێنجەمین ڕۆژییەوە.

لە شەڕ و پێکدادانێکی نێوان شەڕڤانان و هێزەکانی سوپای تورک لە گوندەکانی قودە و ئومارەی سەربە ڕاجۆ، گورزی کەمەرشکێن لە هێزەکانی سوپای تورک درا، بەگوێڕەی زانیارییەکان لاشەی ٣٧ لە کوژراوانی سوپا گوازراونەتەوە بۆ عەزاز و ژمارەیەکی دیکەش بەڕێکراونەتەوە بۆ تورکیا، هەروەها ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی سوپای تورک و پانزێرێکیشیان لەو شەڕەدا تێکشکێندرا.

هەروەها لە گوندی حەمام شەڕی سەخت لە نێوان شەڕڤانان و سوپای تورک و چەتەکانی سەر بەو وڵاتەدا ڕوویدا، لەو شەڕەشدا ژمارەیەکی زۆر سەربازی سوپای تورک کوژران و تانکێکیش تێکشکێندرا، یەکێک لە فەرماندەکانی چەتەکانی فەوجی چەتەکان لەو شەڕەدا کوژراوە.

سوپای تورک دوێنێ چەندین جار هەوڵیدا گردی قەستەل داگیربکات، بەڵام شەڕڤانان وەڵامی توندیان دانەوە و ناچاریان کردن بە پاشەکشە.

لە گردی ئیسکاش بە هەمان شێوە لە ئەنجامی بەرخۆدانی شەڕڤاناندا هێزەکانی سوپای تورک پاشەکشەیان کرد و ڕایان کرد.

لە گوندی مەرەنەزدا هێرشی سوپای تورک تێکشکێندرا.

هەروەها فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک چەندین جار شارۆچکەی ڕاجۆیان بۆردومان کرد.

لەلایەکی دیکەوە سوپای تورک گوندەکانی دەوروبەری جندرێس و ڕاجۆی تۆپباران کرد و لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییان شەهیدبوون، کە ژن و منداڵیش لە ناویان دا هەن.