تەڤدەم، ڕایگهیاند؛ هەتا سەرکەوتن خۆڕادهگرین و تۆڵەی شەهیدانیش دەکەینەوە. ئەو چەتانە بەو کارەیان کۆتایی خۆیانیان لەسەر دەستی قارەمانانی عەفرین، واژۆ کرد و ئێمەش پێشوازی لەو واژۆ کردنە دەکەین.
«دوژمنایەتی و هەڵوێستی تورکیا لەسەر گەلان، شتێکی نوێ نییە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیا و لەو کاتەوە کردەوەی دەستدرێژی و ڕەفتاری دژە مرۆڤانە ئهنجام دهدات. ئەو کۆمەڵکوژییەی کە لە دژی گەلی ئەرمەنی ئەنجامیان دا ئێستاش لەبەرچاوە کە چۆن بە هەزاران کەسیان کردە قوربانی زیهنیهتی عوسمانی و هەتا ئێستاش هەر بەدوای سەپاندنی هەژموونی خۆیانەوەن لە هەموو هەرێمەکە. دەوڵەتی عوسمانی لە دژی گەلی عەرەب-یش، ئەشکەنجە و ڕێبازی دژهمرۆڤانەیان ئەنجامدا و بەهۆی ئەوەشەوە گەلی عەرەب لە بەرانبهر سیاسەتی بە تورک كردن وهستانهوه. به ههمان شێوه لە دژی کورد-یش سیاسەتی لەناوبردنیان بەڕێوە برد و بە هەزاران گوندی کوردان-یان لە باکووری کوردستان وێران کرد.»
له ڕاگهیهندراوهكهی تهڤدهمدا هاتووه؛ مێژوو پێمان دەڵێ کە ئەو دەوڵەتی تورکیایە دوژمنایەتی هەموو گەلانی هەرێمەکە دەکات. ئەوەی دەوڵەتی تورکیا و ئەردۆغان هەوڵی بۆ دەدەن ئەوەیە کە ئەو گەلانە یەکگرتوو نەبن و یەکگرتوویی ئەوان نەهێڵن. بەرخۆدانی کۆبانێ، ڕووی پشتی پەردەی سیاسەت و دیپلۆماسیی دەوڵەتی تورکیای ئاشکرا کرد. ئەوەی چەتەکانی داعش لە کۆبانێ دەیانکرد، جیاوازتر لە هۆڤێتیی سوپای تورکیا لە عەفرین نییە و لە چوارچێوەی هەمان عەقڵییەت دایە. تورکیا نوێنەری ڕووی سیاسیی تێرۆریزمه. لە کۆبانێ پیسترین دەستدرێژییان دەکرد و ئێستاش لە عەفرین هەمان شت دەکەنەوە. هەرە دوایی شەڕڤانێکی یەکینەکانی پاراستنی ژنان بووە قوربانی عەقڵییەتی تێرۆریستی ئەوان.
«دوای ئەوەی کە ڕووسیا ڕێگەی هێرش کردنە سەر عەفرینی بۆ دەوڵەتی تورکیا کردەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش گوێی خۆی لە کۆمەڵکوژییەکانی سوپای تورکیا كهڕ كرد. سوپای داگیرکەری تورکیا و گرووپه تیرۆریستییەکانی سەر بە وان، وەحشیگەری و دڕندەیی خۆیانیان لە دژی هاوڵاتیانی سیڤیلی عەفرین زیاتر کرد و هەموو یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییهكانیان پێشێل کرد. ئەو دەوڵەتانەی کە پڕوپاگەندەی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەکەن، لە بهرانبهر دڕندەیی سوپای تورکیا بێدەنگن. توركیا هەر وەک داعش به ناوچهیەک یان بە هەرێمێک ڕاناوەستێ و هەوڵ دەدات سەردەستی خۆی بەسەر تەواوی هەرێمەکەدا بسەپێنێت. داعش باڵی چەکداری تورکیا لە هەرێمەکە بوو.»
له درێژهی ڕاگهیهندراوهكهی تهڤدهم ئاماژه بۆ ئهوه كراوه؛ ئێمە وەکوو دەستەی بەڕێوە بەری تەڤگەری کۆمەڵگەی دێمۆكراتی - تهڤدهم، ئەو دەستدێژییە بێ ئەخلاقی و نامرۆڤانەیەی سوپای داگیرکەری تورکیا و تیرۆریستەکانی هاوپەیمانی بە تووندی شەرمەزار دەکەین. ئەو هەڵوێستەی ئەوان بە گاڵتە کردن بە تەرمی شەڕڤانی یەپەژە، هیچ گرێدراوییەکی به پێوانە ئینسانییەکانەوە نییە.
«ئێمە بانگ لە کۆمەڵگهی نێودەوڵەتی دەکەین لە دژی ئەو کردەوە دڕندانەیە، ئەرکی ئەخلاقیی خۆیان پێکبێنن. بەتایبەت کە کولتووری تیرۆر لە داگیرکاریش دژوارترە و پێویستە لەو بارەیەوە لێپرسینەوە لە ئەردۆغان و لایەنگرەکانی بکرێت. شەهیدان گیانی خۆیان کردۆتە فیدای ئازادیی هەموو گەلانی ئەو هەرێمە و بە خوێنی خۆیان پارێزگارییان لە کەرامەتی هاولاتیانی سووریا لە عەفرین کردووە. ئێمە بە خوێنی ئەو شەهیدانە بەڵێن دەدەین کە هەتا سەرکەوتن لە خەبات ڕاناوەستین و تۆڵەی شەهیدەکانیشمان دەکەینەوە. ئەو چەتانە بەو کارەیان لەسەر دەستی ڕۆڵە قارەمانەکانی عەفرین کۆتاییان بەخۆیان هێنا و ئێمەش پێشوازی لەو کۆتایی هاتنه دەکەین.»
ش. م