خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی ڕۆژئاوا: بڕیارەکانی «سۆچی» هیچ بایه‌خیان لای ئێمه‌ نییه‌

كۆردیناسیۆنی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دێمۆكراتیی باکووری سووریا ڕایگه‌یاند، ئەو بڕیارانەی کە لە «کۆنگره‌ی سۆچی» لە ڕووسیا دەرده‌چن، لە لای ئێمە هیچ بایەخێکیان نییە.

كۆردیناسیۆنی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دێمۆكراتیی باكووری سووریا ده‌رباره‌ی «کۆنگرەی سۆچی» كه‌ ڕۆژانی ٢٩-٣٠ی ژانوویه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی ڕووسیا و سه‌ركێشی ئێران و توركیا به‌ڕێوه‌چوو، بەیاننامه‌یه‌كی بڵاوکرده‌وە و هه‌ڵوێستی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی باكووری سووریای ده‌رباره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ڕاگه‌یاند.

 له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌، كۆنگره‌كه‌ له‌ جێگه‌ی ئەوەی کە چارەسەری سیاسی بدۆزێته‌وه‌، رێگەی بۆ شەڕێکی دیکە خۆش کردووه‌.

«لە کاتێکدا كۆنگره‌ی سۆچی بەڕێوە ده‌چێت وه‌ڵاتە بەشداربووەکان بۆ داگیرکردنی سووریا رێکەوتوون. ئەمە بەو واتایە دێت کە ئەو وه‌ڵاتانەی کە باس لە چارەسەرکردنی سیاسییانەی ئاڵۆزییەکانی سووریا ده‌كه‌ن، ئاڵۆزییەکان قوڵتر ده‌كه‌ن و رێگە بۆ شەڕێکی دیکە لە سووریا خۆش ده‌كه‌ن. هەموو ئەو بەڵێنانەیان کە بۆ چارەسەری ئاڵۆزییەکانی سووریا دابوویان، درۆ دەرچوو.»

لە درێژه‌ی بەیاننامەکەدا خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دێمۆكراتیی باكووری سووریا، ڕه‌خنەی تووند ئاراستەی ڕووسیا ده‌كات  و ڕایگه‌یاندووه‌: بەردەوام ڕووسیا باسی لەوە ده‌كرد کە پێویستە کورد بەشێک بێت لە دانیشتنەکان، بەڵام ئێمە بینیمان کە ڕووسیا بەردەوامە لە سیاسەتە هەڵەکانیی خۆیدا و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی سیاسیی باکووری سووریای پشتگوێ خستووە و پێکهاتەکانی باکووری سووریایان خستۆته‌ بەردەم دوو بژاردە: یان واز لە بڕیاری فیدراڵی باکووری سووریا بێنن، یانیش رێگە بۆ تورکیا خۆش بکەن کە هەرێمی عەفرین داگیر بکات.

له‌ درێژه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا، كۆردیناسیۆنی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دێمۆكراتیی باكووری سووریا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردۆته‌وه‌: 

«ئەو کەسانەی کە لە باکووری سووریا بەشداری کۆبوونەوەی سۆچی بوون، وەک تاک بەشدارییان کردووە و هیچ پێگه‌یه‌كی سیاسی و کۆمەڵایەتییان لە هەرێمەکانی باکووری سووریادا نییە تا بتوانن بڕیارەکانی كۆنگره‌ی سۆچی لە باکووری سووریا بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.»

خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی باكووری سووریا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌، لە كۆنگره‌ی سۆچی هیچ ئاماژه‌یه‌ك  بە کۆمەڵکوژی و هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بۆ سەر هەرێمی عەفرین نەکرا، ئەمە دەری ده‌خات کە ئەم کۆبوونەوەیه‌ش وەک کۆبوونەوەکانی پێشتر بێ ئەنجام ده‌بێت و بەرژەوەندی سیاسیی وه‌ڵاتانی دەرەکی دابین ده‌كات. هەر بۆیە ئێمە ده‌ڵێین کۆبوونەوەی سۆچی پێش ئەوەی کە ببێتە جێگای چارەسەری، بووه‌ته‌ ناوەندێکی بەرژەوەندیی سیاسی.

كۆردیناسیۆنی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دێمۆكراتیی باكووری سووریا، دووپاتی كردۆته‌وه‌؛ بەشداری نەکردنی ئێمە وەک به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی سیاسی، بە واتای قبوڵ نەکردنی ئەنجامەکانیەتی. جارێکی دیکە دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ کە ئەگەر کۆبونەوەکە بە ئاراستەی هێڵێکی راست و دێمۆكراتدا نه‌ڕوات، بە دڵنیاییەوە بێ ئەنجام ده‌بێت.

له‌ كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌دا، خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی دێمۆكراتیی باكووری سووریا، داوای له‌ تەواوی ئەو هێز و لایەنانەی کە هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی سووریا ده‌ده‌ن، هەڵوێستێکی کارا پیشان بدەن بۆ وه‌ستاندنی هێرشی سوپای تورکیای بۆسەر گەلی عەفرین.

 

ش. م