«ده‌وڵه‌تی تورك ٦ مانگ ئه‌شكه‌نجه‌یان دام»

هاوڵاتییه‌كی خه‌ڵكی عه‌فرین كه‌ له‌ لایه‌ن سوپای تورك و چه‌ته‌كانییه‌وه‌ ڕفێنرابوو، باس له‌و ئه‌شكه‌نجه‌یه‌ ده‌كات كه‌ له‌ به‌رانبه‌ری كراوه‌.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵێكی ئاژانسی هه‌واڵی هاوار (ANHA) سوپای توركی داگیركه‌ر و چه‌ته‌كانی له‌ عه‌فرین كه‌ داگیریان كردووه‌، كرده‌وه‌ی دژه‌مرۆڤایه‌تیی وه‌ك ڕفاندنی هاوڵاتییانی سیڤیل و فیدیه‌سه‌ندن له‌ بنه‌ماڵه‌كان ده‌كه‌ن.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان ٥٤ گرووپی چه‌ته‌ی سه‌ر به‌ سوپای توركی داگیركه‌ر له‌ هه‌رێمی عه‌فرین هه‌ن. دوای ئه‌وه‌ی گرووپێكی چه‌ته‌ هاوڵاتییه‌كی سیڤیل ده‌ڕفێنێت و له‌ به‌رانبه‌ر پاره‌دا ئازادی ده‌كات، دواتر گرووپێكی دیكه‌ی چه‌ته‌كان هه‌مان شت ده‌كات. هاوڵاتییان بۆ وه‌رگرتنی فیدیه‌ ده‌ڕفێنن.

هاوڵاتییه‌كی خه‌ڵكی گوندی دمیلیای عه‌فرین كه‌ له‌ لایه‌ن داگیركه‌رانه‌وه‌ ڕفێنرابوو و نه‌یویست ناوی خۆی ئاشكرا بكات باسی له‌ تاوانه‌ دژ به‌ مرۆڤایه‌تییه‌كانی سوپای تورك و چه‌ته‌كانی سوڵتان موراد كرد له‌ عه‌فرین. گوتی، چه‌ته‌كانی گرووپی هه‌مزه‌ ده‌یان سیڤیلیان ڕفاندووه‌ و له‌ كاتی ڕفاندنی هاوڵاتییاندا چاویان به‌ستوون بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س نه‌زانێت بۆ كوێ ده‌برێن.

«چه‌ته‌یه‌ك به‌ چه‌ته‌یه‌كی دیكه‌ی فرۆشتم»

ئه‌و هاوڵاتییه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌یان كه‌سی دیكه‌ی سیڤیلدا له‌ لایه‌ن گرووپی هه‌مزه‌ ڕفێنراون و چاویان به‌ستراوه‌ و به‌ره‌و شوێنێكی نادیاریان بردوون. گوتیشی، دوای چه‌ند ڕۆژێك مانه‌وه‌ی له‌ ژێرزه‌مینێكدا، چه‌ته‌كان به نرخی‌ زیاتر له‌ ٢ هه‌زار دۆلار به‌ چه‌ته‌كانی گرووپی سوڵتان مورادیان فرۆشتووه‌.

«له‌و ژێرزه‌مینه‌ی كه‌ تیایدا بوو، هه‌زاران به‌ندكراوی تێدا بوو كه‌ له‌ناویاندا ژنیش هه‌بوون. چه‌ته‌كان پاش ئه‌وه‌ی منیان گرت، له‌گه‌ڵ ١٧٩ هاوڵاتیی دیكه‌ به‌ چه‌ته‌كانی سوڵتان موورادیان فرۆشتین. له‌نێوماندا منداڵی ته‌مه‌ن ١٢-١٦ساڵیش هه‌بوون. جارێكی دیكه‌ چاوی ئێمه‌یان به‌ست و بردیانین. به‌ڵام  نه‌مانزانی له‌كوێین. دوای ئه‌وه‌ی گه‌یشتینه‌ شوێنێك، پێیان گوتین كه‌ له‌ توركیاین.»

ئه‌و هاوڵاتییه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ بردوونیانه‌ته‌ توركیا و ماوه‌ی ٦ مانگ له‌ زیندانی چه‌ته‌كاندا بووه‌ له‌ژێر چاودێریی سوپای توركدا. به‌ گوێره‌ی وته‌ی ئه‌و هاوڵاتییه‌، سوپای توركیای داگیركه‌ر و چه‌ته‌كانی ژنان به‌ ئامانجی وه‌رگرتنی فیدیه‌ ده‌ڕفێنن. گوتی: «ژنان له‌ لایه‌ن چه‌ته‌كانی سوڵتان موراده‌وه‌ ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌دران. كاتێك له‌ زیندانی چه‌ته‌كانی سوڵتان مووراد-دا بووم، ٢ ژن ئاگریان له‌ جه‌سته‌ی خۆیان به‌ردا.»

ڕێبازه‌كانی ئه‌شكه‌نجه‌دان

هاوڵاتییه‌ ڕزگاربووه‌كه‌ باسی له‌ ڕێبازه‌كانی ئه‌شكه‌نجه‌دان له‌ لای سوپای توركیای داگیركه‌ر و چه‌ته‌كانیان كرد و گوتی: «ئه‌و كه‌سانه‌ی ڕفێنراون له‌نێو ژووردا به‌ گوریسێك هه‌ڵده‌واسرێن، كاره‌بایان لێ ده‌درێت، نینۆكیان ده‌رده‌هێنرێت، گوێیان به‌ چه‌قۆ ده‌بڕدرێت، پلاستیك له‌سه‌ر جه‌سته‌یان ده‌توێنرێته‌وه‌ و ئاوی گه‌رمیان پێدا ده‌كرێت. »

«چه‌ته‌كان له‌ ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێردا پارچه‌یه‌ك نانیان ده‌دایه‌ زیندانییه‌كان. ٤٥ به‌ندكراو له‌ ژوورێكدا ده‌مانه‌وه‌. هیچ ده‌رمانێك بۆ برینداره‌كان نه‌بوو. به‌هۆی برسیبوونه‌وه‌ به‌ندكراوێك له‌ زیندانێكی چه‌ته‌كانی گرووپی هه‌مزه‌ مرد، یه‌كێكی دیكه‌ش كه‌ خه‌ڵكی گوندی خه‌لیلكۆ بوو له‌ كاتی ئه‌شه‌نجه‌دا ژیانی له‌ده‌ست دا و یه‌كێكی دیكه‌ش به‌هۆی برینه‌ قوڵه‌كانییه‌وه‌ مرد.»

ناوی چه‌ند سیخووڕێك

ئه‌و هاوڵاتییه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ سوپای توركی داگیركه‌ر ژماره‌یه‌كی زۆری سیخووڕی دامه‌زراندووه‌ و گوتی، ٢ كه‌س به‌ ناوه‌كانی زه‌كه‌ریا و ئه‌بوو شێخۆ كه‌ خه‌ڵكی گوندی حه‌سه‌نن، هه‌روه‌ها ٣ كه‌س به‌ ناوه‌كانی نه‌شئه‌ت عومه‌ر، نیهاد بێره‌م و خالید حه‌سه‌ن جه‌عفه‌ر كه‌ خه‌ڵكی گوندی شووربه‌ن بۆ داگیركاریی توركیا كار ده‌كه‌ن.

s.m