شەڕڤانانى قەسەدە بە چەکی قورس لە سەنگەرەکانى داعش دەدەن

شەڕڤانانى قەسەدە لە دێرەزۆر دوایین هێرشی چەتەکانى داعش-یان لە هەفتەى رابردوودا تێکشکاند و ئێستاش بە چەکی قورس لە سەنگەرەکانى ئەو گروپە چەتەیە دەدەن.

ئۆپەراسیۆنى هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (قەسەدە) بۆ رزگارکردنى دوایین ناوچەکانى ژێر دەستى داعش لە رۆژهەڵاتى رووباری فورات لە دێرەزۆر بەردەوامە.

چەتەکانى داعش لە شارۆچکەى هەجین و گوندەکانى دەورووبەریدا گەمارۆدراون. ئەو ناوچەیە لە رۆژهەڵاتى ڕووبارى فوراتدا ٣٥ کیلۆمەتر درێژە و ١٠ کیلۆتر پانە. چەتەکانى بەرەی پێشەوەى شەڕ لە ئاسمانەوە و لە رێگەى درۆنەوەى چاودێری کران و دیمەنەکانیان تۆمار کرا.

هێزەکانى قەسەدە لە بەرەی هەجین لە باکوور و باکووری رۆژئاوا و لە بەرەی باغوز لەسەر سنووری عێراق ماوەى ٥٠ رۆژە بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆن.

چەتەکانى داعش لەم دوو هەفتەیەى دوایدا سوودیان لە زریانی خۆڵ وەرگرت و بۆ ئەوەى رێگری لە پێشڕەویی شەڕڤانان بکەن، بە ئۆتۆمبێلى بۆمبڕێژکراو و چەکی قورس و سەدان چەتەوە هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانى شەڕڤانان. هێرشە بەرفراوانەکەى چەتەکانی داعش لەلایەن شەڕڤانانى قەسەدەوە تێکشکێنرا.

سەرچاوە سەربازییەکانی ئەو هەرێمە رایانگەیاند، زیاتر لە ٣ هەزار چەتەى داعش لەو ناوچەیەدان، کە زۆربەیان چەتەى داغستانی، تورکمەنستانی و چیچانی و خەڵکی وڵاتانى ئەوروپین.

لە دواى هێرشە بەرفراوانەکەى چەتەکانى داعش، هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (قەسەدە) ژمارەی هێز و چەکە قورسەکانیان لەو ناوچەیەدا زۆر کرد. پەیامنێری ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) دیمەنی ئۆپەراسیۆنى هێزەکانى قەسەدەى تۆمارکردووە، کە بە چەکی قورس لە سەنگەرەکانى داعش دەدەن.

زۆربەى هاووڵاتییانی هەجین و گوندەکانى دەورووبەری، کە لە ئێستادا ئەو ناوچانە لە ژێر دەستى چەتەکانى داعشدان، هەڵهاتوون و خۆیان گەیاندووەتە ناوچە رزگارکراوەکانى شەڕڤانان.

چەتەکانى داعش ساڵی ٢٠١٤ و دوای داگیرکردنى موسڵ ئیدعای ئەوەیان دەکرد، کە خەلافەتیان دروستکردووە و بە سوریادا بڵاوبوونەوە. دوای ئەوەى رەقایان داگیرکرد ناوی خۆیان گۆڕی بۆ دەوڵەتی ئیسلامیى عێراق و شام و ئیدعای ئەوەیان دەکرد، کە ئەو دەوڵەتەیان دروستکردووە.

چەتەکانى داعش لە دواى ئەوەى هێرشیان کردە سەر کۆبانێ، ساتەکانى کۆتایهاتن و تێکشکاندنی خۆیان تۆمار کرد. لە کۆبانێ لەلایەن شەڕڤانی کچ و کوڕی کوردەوە جۆرێک تێکشکێنران، کە هەرگیز خۆیان پێ نەگیرایەوە. لە دواى کۆبانێ لە عەین عیسا، گرێ سپی، سلوک، منبج، رەقا، چیای قەزوان (عەبدولعەزیز)، هەموو ناوچەکانى باشووری حەسەکە، هەموو ناوچەکانى باکووری پارێزگای دێرەزۆر تێکشکێنران. لە دواى تێکشکاندنیان لەو ناوچانەدا لە باشووری کوردستانیش لە جەلەولا، شەنگال و کەرکوک و بە دوای ئەوانەشدا لە فەلوجە، تکریت، حەویجە، فەلوجە، سامەرا، ئەنبار و موسڵ تێکشکێنران.

ئێستاش لە دواى رزگارکردنى شارۆچکەى هەجین، هەموو ناوچەکانى باکوور و بەری رۆژهەڵاتى رووباری فورات بە تەواوی لە چەتەکانى داعش پاک دەکرێتەوە.

ر.م