عەفرین؛ شەڕڤانێکی خەڵکی هەولێر شەهیدبوو

کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە له‌ باشوور، ڕایگەیاند: شەڕڤانی یه‌په‌گه‌ «باشور سۆران» كه‌ خه‌ڵكی شاری هه‌ولێره‌، لە بەرخۆدانی عەفرین له‌ به‌رانبه‌ر هێرشی سوپای تورکیا و چەتەکانی شەهید بوو.

کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان، شەهیدبوونی شەڕڤانێکی یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگەی خەڵکی شاری هەولێر-ی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد: شەڕڤانی یەپەگە محەمەد هادی، ناسراو بە باشوور سۆران، لە ڕۆژی ٢٥ی ژانوویه‌، لە شارۆچکەی بلبلێ-ی سەر بە عەفرین شه‌هید بووه‌.

کۆمیتەکە زانیاری زیاتری داوە و ڕایگەیاندووە:
شەڕڤان محەمەد هادی، ناسراو بە باشوور سۆران، لەساڵی ١٩٩٦ لە هەولێر لەدایکبووە، ساڵی ٢٠١٣ بەشداری ڕیزەکانی تێکۆشانی ئازادی بووە، لە ٢٥ی ژانوویه‌ لە شەڕێکدا له‌ به‌رانبه‌ر سوپای تورکیا و چەتەکانی شەهیدبووە.

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشوور، ئاماژەی بۆ ئه‌وه‌  كردووه، ‌سبەینێ دوو شەممە (٢٩ی ژانوویه‌)، یەکەم ڕۆژی پرسەی شەهید باشوور سۆران، لە مزگەوتی حاجی عەبدوڵای عەوێنە لە گەڕەکی نەورۆز-ی شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت و ماوەی دوو ڕۆژ بەرده‌وام دەبێت.

هـ.هـ