مانگی سووری کوردستان ڕاپۆرتێکی بڵاوكردهوه دهربارهی قوربانی و زیانهكانی هێرشهكانی سهر عهفرین و بارودۆخی مرۆیی هاوڵاتیان.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماری ١٠ڕۆژی هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر عەفرین ڕاگهیهندراوه و باس لەوە كراوه کە ٦٥ هاوڵاتی سیڤیل لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا گیانیان لەدەست داوە که لهنێویاندا ٢٠ منداڵ و ١٢ ژن ههن. هەروەها ١٦٣ بریندار بوون کە له نێویاندا ٦٢ منداڵ ههن.
بهپێی ڕاپۆرتهكه، لە ٢٠ی ژانوویه/٣٠ی بەفرانبار هەتا ٢٥ی ژانوویە، لە ئهنجامی هێرشی دەوڵەتی تورکیا که بە مەبەستی داگیرکردنی عەفرین ئەنجامی داوە، ٢٠٠ شوێنی نیشتهجێبوونی هاوڵاتیانی سیڤیل کراونەتە ئامانج.
مانگی سووری كوردستان ڕایگهیاندووه، بههۆی هێرشهكان زیاتر له ٥٠٠٠ هاوڵاتی لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان هەڵکەنراون و لە ناوچەکانی دیکەی کانتۆنی عەفرین نیشتەجێ بوون. ڕاشیگهیاندووه؛ ئەو هاووڵاتیانەی ماویشن لە ترسی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیا بە ناچاری پەنایان بردۆتە بەر ئەشکەوت و پەناگاکان.
ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە لەبەر کەمی دەرفەتی پزیشکی، خواردن و حەشارگە، نیگەرانییەکی زۆر لەسەر ژیانی هاوڵاتیان هەیە و پێویستییان یەکجار زۆر به هاوکاری مرۆیی و پزیشکی هەیە. به تایبهت هاوڵاتیانی ناوچەی جندرێس کێشەی نەبوونی خواردن، ئاو و کارەبایان هەیە.
مانگی سووری کوردستان لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویهتی؛ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا تەنیا بۆ سەرعەفرین نین، بەڵکوو هێرشیان کردۆتە سەر کۆبانی، مینبج و زۆر شوێنی دیکەش لە کانتۆنی جزیر.
«سوپای تورکیا لانیکەم ٣جار هێرشی کردۆتە سەر گوندی زۆرمخار لە کانتۆنی کۆبانێ. هەروەها بە تانک، تۆپ و چەکی قورس هێرشی کردۆتە سەر کانتۆنی جزیر و بە لانیکەمەوە ٣هاوڵاتی سیڤیل لە کانتۆنی جزیر گیانیان لەدەستداوە و هاوڵاتییەکیش بریندار بووە.»
مانگی سووری کوردستان لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژهی بۆ ئهوه كردووه، لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دا زۆرێک ماڵ لەبەریەک هەڵوەشاون و کارمەندانی ئێمە هەژمارێکی زۆری هاوڵاتیانیان لە بن دار و پەردووی ماڵە هەڵوەشاوەکان دەرهێناوە و ڕزگاریان کردوون. هەتا ئێستاش تهرمی زۆر لەبن خانووەکاندا ماونەتەوە و ههندێك هاوڵاتییش چارەنووسیان نادیارە.
«لەگەڵ زیاتربوونی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر، زیاتر لە ٢٥٠٠٠ کەس کە پێشتر لە هەرێمەکانی دیکەوە هاتبوونە عەفرین ناچار بوون شوێنی خۆیان بگۆڕن. هەروەها لەبەر بۆردومانی دەوروبەری بەنداوی 'مەیدانکێ'، هاوڵاتیان ئەو ناوچەیان بەجێهێشتووە و لە ئەگەری ڕووخانی ئەو بەنداوە کارەساتی مرۆڤی ڕوودەدات.»
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە؛ ئەو هاوڵاتیانەی بەهۆی بۆردومانەکانەوە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە، لە نێو شاری عەفرین دەرناکەون. ژمارهیهكی زۆر له هاوڵاتیانی ناوچەی جندرێس، حەمامێ، ڕاجۆ و شێرا ڕوویان لە شاری عەفرین کردووە و لەنێو شاردا بەدوای جێگەی ئارامدا دەگەڕێن. بههۆی ئەو دۆخه هەر ٥ تا ٨ بنەماڵە بەناچاری لە یەک جێگە و بەیەکەوە دەژین.
پێویستە بە زووترین کات هاریكاری بگاته عهفرین
مانگی سووری کوردستان ئهو پێویستییانهی دهستنیشان كردووه كه پێویسته به زووترین كات به دهستیان بگهن:
- لەبەر بۆردومانەکان، باری نەخۆشخانەکان قورستر بووە و پێویستی به دەرمان و هاریکاریی پزیشکی هەیە.
- پێویستی به ئامبوڵانس و پێداویستییەکانی چاککردنەوەی هەیە.
- شیر، پۆشاکی ژێرەوەی منداڵ و پێداویستییەکانی پاکوخاوێنی.
- پەتۆ(بەتانی)، پێخەف و جل و بەرگی گەرمی زستانە.
- ئاوی خواردنەوە و بەستەی خۆراکی.
- کیسەی خوێن بۆ برینداران و قوتووی فریاگوزاریی سهرهتایی
بههاناوهچوونی لێقهوماوان
لە ڕاپۆرتی مانگی سووری کوردستان دا ئاماژە بۆ ئهوه کراوە کە ئەوان لەگەڵ دەستەی تەندروستیی کانتۆنی عەفرین و ئەنجومەنی تەندروستی شارەکه ههماههنگی دەکەن. ڕاشیگهیاندووه بەهۆی بۆردومانەکانەوە ناتوانن یارمەتی مرۆیی بگهیهننه هەموو هەرێمەکان.
ڕاپۆرتەکە ئاماژهی بۆ ئهوهش كردووه کە ئامبوڵانسێکی ئەوان لە ڕۆژی ٢٢ی ژانوویە/ ٢ی ڕێبەندان، کەوتۆتە بەر هێرش و پەلاماری هێزە داگیرکەرەکانی دەوڵەتی تورکیا، ئەوەش سەرکێشییەکی زۆر مەترسیدارە لەسەر هەوڵدانی ڕزگارکردنی هاوڵاتیان.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی مانگی سوور، هەتا ئێستا توانیویانه ئامبوڵانسەکانیان بنێرنە بلبلێ، شی، ڕاجۆ، جندرێس، تل جەمال، ڕافین، کۆلکۆ و خەلیل. هەروەها لە ڕاپۆرتەکەی مانگی سووری کوردستان دا وێنە و دیمەنی چەند گوندێک کە بەهۆی هێرشی داگیرکەرانەی دەوڵەتی تورکیاوە وێران بوون، بڵاو کراوەتەوە.
لە ڕاپۆرتی مانگی سووری کوردستاندا هاتووە؛ ژمارەی دانیشتوانی عەفرین لە پێش ساڵی ٢٠١١ نزیکەی ٥٠٠هەزار کەس بوو، لە ئەنجامی کۆچی زیاتر لە ٢٥٠ هەزار هاوڵاتیی دیکەی هەرێمە جیاجیاکانی سووریا، ژمارەی دانیشتوانی عەفرین بۆ نزیکەی ٨٠٠ هەزار کەس بەرزبووەتەوە.
ش. م