یەکێک لە توێژەکانی کۆمەڵگه کە لە لایەن سوپای تورکیا و چەتەکانی داعش و بەرەی نووسرە زۆرترین پەلامار و زیانیان پێگەیشتووە، کوردە مه‌سیحییه‌كانن کە لە ده‌ستپێكی شەڕی حەلەب بە ناچاری ڕوویان له عەفرین كردووه.
مه‌سیحییه‌كان ڕایده‌گه‌یه‌نن، چی ده‌بێت با ببێت، ئێمە عەفرین چۆڵ ناکەین و تا سەرکەوتن بەرخۆ ده‌ده‌ین.
قه‌شه دیار، بەرپرسی کەنیسەی کوردهمهسیحییهكانی عەفرین ڕایگه‌یاند، ئێمە وە ک ٥٠٠ بنەماڵەی کوردی مه‌سیحی کە لە ده‌ستپێكی شەڕی حەلەب كۆچمان كرد بۆ عەفرین، لێره ده‌ژین. لە عەفریندا ئێمە هیچ بەربەستێکمان نەبووه. خۆبەرێوەبەریی دێمۆكراتی لە عەفرین زۆر جاران هاریكاری ئێمە بوون. زۆرینەی مەسیحییەکان لە گوندەکاندا ده‌ژین و هه‌رگیز لە عەفرین گرفتمان بۆ دروست نەبووە.
«ئەمە ٦ساڵە کە ئازادانە لە «کەنیسەی شڤانێ قەنج» مه‌ڕاسیم و دوعا و نزای خۆمان بەجێ دەهێنین، وەک هەموو هاوڵاتیانی عەفرین به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی ژیان بەسەر ده‌به‌ین بەبێ ئەوەی هەست بە ئازار و مەینەتی بکەین.»
قه‌شه دیار وتیشی؛ ئێمە وەک مه‌سیحییه‌كانی عەفرین هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بۆسەر گەلی عەفرین بە توندی ئیدانه ده‌كه‌ین و لە به‌رانبه‌ر داگیرکاریی سوپای تورکیادا، لە تەنیشت برا و خوشکەکانی خۆماندا لە عەفرین ده‌مێنینه‌وه و بەرخۆ ده‌ده‌ین.
« لە کەنیسەکەماندا درێژە بە ڕاز و نیازی خۆمان ده‌ده‌ین و هه‌رگیز لە فڕۆکەکەنی تورکیا ناترسین و ده‌رگه‌ی کەنیسەکەمان کراوەیە بۆ هەموو مرۆڤه‌كان. ئێمە گەلێکی ئاشتیخوازین و حەزمان لە شەڕ و توندوتیژی نییە. عیسا مه‌سیح ده‌ڵێت: با لە جێگه‌ی ئەوەی دژی مرۆڤەکان شەڕ بکەین، لە دژی تاریکی و بیری خراپ شەڕ بکەین.»
قه‌شه دیار له درێژه‌ی قسه‌كانیدا وتیشی، سوپای داگیرکەری تورکیا لە هەموو هەرێمی عەفرین دەستی كردووه به کوشتنی ژن، منداڵ، بەساڵاچوان و گەلی بێ پەنا، داوا له ته‌واوی مرۆڤە ئازادیخوازەکانی جیهان ده‌كه‌م کە لە بەرانبەر ئەم داگیرکارییەدا بێدەنگ نەبن و پاڵپشتی عەفرین بکەن.
«تاوانی ئێمە چییە کە ئەردۆغان ئاوا هێرشی ئێمە ده‌كات؟ گەلی بێتاوانی عەفرین چی‌یان کردووە کە بەو چەشنە كۆمه‌ڵكوژییه‌كان ده‌كه‌ن؟»
قه‌شه دیار باسی له‌وه كرد، ئەگەر سوپای تورکیا و چه‌ته‌كانی ده‌ربازی عه‌فرین بن، له ده‌ستپێكدا مه‌سیحییه‌كان کۆمەڵكوژ ده‌كه‌ن. بۆیه داوا لە تەواوی خۆشک و برا مه‌سیحییه‌كان ده‌كه‌م لە تورکیا و وه‌ڵاتانی دەرەوە کە لە بەرانبەر هێرشەکانی سوپای تورکیا بێدەنگ نەبن، ئەوان خۆیان ئامادەکردووە کە ماڵ و حاڵمان تاڵان بکەن و چی‌یان لە بەردەستدا بێت لەناوی بەرن.
ش. م