مەلەکەپەی رۆژئاوا: لە هەموو بارودۆخێکدا شۆڕش دەپارێزین

مەلەکەپەی رۆژئاوا بە بۆنەی ١ی نۆڤەمبەر رۆژی جیهانیى کۆبانێ راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و یادی ئەو شەڕڤانانەی بەرز راگرت، کە لە کۆبانێ دا چوونەتە کاروانى نەمرانەوە و رایگەیاند "سڵاو لە ئافرێنەرانی داستانی کۆبانێ دەکەین".

باڵی پارتى مارکسیست لنینیست کۆمۆنیست (مەلەکەپە - MLKP) لە رۆژئاوا بە بۆنەى ١ی نۆڤەمبەر رۆژی جیهانیى کۆبانێ راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

مەلەکەپەی رۆژئاوا ئەوەى بەبیرخستووەتەوە، چەتەکانى داعش بە پشتیوانیى دەوڵەتى تورک لە ئەیلولی ٢٠١٤دا هێرشی داگیرکەرییان بۆ سەر کۆبانێ دەستپێکرد. لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "دەیانخواست بەو هێرشە بەر بە شۆڕشی رۆژئاوا و مافی نەتەوەى  کورد بۆ دیاریکردنى چارەنووسی خۆی بگرن. دەیانخواست گەلانى عەرەب، ئاسووری – سوریانی، ئەرمەنی و تورکمەن بکەن بە ژێر زوڵم و دەسەڵاتدارییەکەی خۆیانەوە. خواستیان ژنان لە بازاڕەکانى کۆیلەتیدا بفرۆشن".

لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بە قسەیەکی ئەردۆغان کراوە، کە وتبووی "کۆبانێ دەکەوێت" و ئەوەش خراوەتەڕوو "بە بەرخودانى گیانلەسەردەستانە، خەون و ئارەزوەکانیان لە چاڵ نرا. کۆبانێ خۆی لەناو خاک و خۆڵی خۆیدا سەرلەنوێ ئافراندەوە. بە ژن، گەنجان و بە تەمەنەکانیەوە، بە کورد و ئینتەرناسیۆنالیستەکانییەوە سەنگەر بە سەنگەر، کۆڵان بە کۆڵان خۆڕاگریى کرد. لە بەرامبەر هەموو شێوەکانى هێرش و زۆرداری راوەستاو داستانى ١٣٤ رۆژەى نووسیویەوە.

  کۆبانێ بووە جێگای هاوکاریکردنى بەرخودانێکى بەهێزی گەلانی جیهان و بندەستان. بەرخودانى کۆبانێ داستانێکە، کە هەموو دژە فاشیتەکان، شۆڕشگێڕان و کۆمۆنیستەکانى جیهان لە دەوری کۆ دەبنەوە".  

مەلەکەپەی رۆژئاوا باسی ئەوەشیکردووە "داستانى کۆبانێ بەرهەمی شەهیدانە" و ئەو شەڕڤانانەى بەبیرهێناوەتەوە، کە چوونەتە ریزى کاروانى نەمرانەوە. لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، حیزبەکەیان بووەتە پارچە و بەشێک لەو بەرخودانە گەورەیە.

لە بەردەوامیى راگەیاندراوەکەدا هاتووە "دەوڵەتى تورکیا دەستبەرداری دوژمنایەتیکردنى کورد و خەونی خۆی بۆ داگیرکەری نەبووە. ئەمڕۆ لە رۆژی جیهانیى کۆبانێ دا ئەردۆغان و چەتەکانی هێرشیان کردە سەر شۆڕشی رۆژئاوا. بە سیاسەتەکانى دژ بە مرۆڤایەتیان، بە سیاستەکانى دژ بە ژنان و بە سیاسەتەکانی بۆ دژایەتیکردنى ئازادی، دەیانەوێت شۆڕشەکەمان بخنکێنن، بۆیە ئەرکی ئێمەیە لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانى فاشیزم، بە رۆحی رۆژی جیهانیى کۆبانێ بڕژێینە سەر شەقامەکان و ئاڵاى تێکۆشانی یەکگرتوانەمان لە دژی فاشیزم بەرز بکەینەوە".

مەلەکەپەی رۆژئاوا ئەوەشی دەستنیشانکردووە "لە هەموو بارودۆخ و هەلومەرجێکدا شۆڕشی رۆژئاوا دەپارێزین. مرۆڤە ئازادەکانى شۆڕش دەستى داگیرکەری بۆ دەستدرێژیکردنە سەر ئەو بەهایانەى مرۆڤایەتی کە ئافرێنراون، دەشکێنن. بە دڵنیایەوە فاشیزم هەڵدەوەشێتەوە و مسۆگەر گەلانى بەرخودێر و خۆڕاگر سەردەکەون".

ر.م