هاوپه‌یمانه‌تیی نێونه‌ته‌وه‌یی: له‌گه‌ڵ قه‌سه‌ده‌ و توركیا له‌ په‌یوه‌ندیداین

هاوپه‌یمانه‌تیی نێونه‌ته‌وه‌یی دژ به‌ داعش كه‌ ئه‌مه‌ریكا پێشه‌نگایه‌تی ده‌كات، ڕایگه‌یاند: دوای ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی توركیا هێرشی كرده‌ سه‌ر باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا، ئێمه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین دۆخه‌كه‌ ئارام بكه‌ینه‌وه‌.

وته‌بێژی هاوپه‌یمانه‌تیی نێونه‌ته‌وه‌یی دژ به‌ داعش سیان ڕیان له لاپه‌ڕه‌ی خۆی له‌‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان لێدوانێكی دا و گوتی: «بۆ ئارامكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌، له‌گه‌ڵ توركیا و قه‌سه‌ده‌ له‌ په‌یوه‌ندیداین.»

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی ڕابردووش وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ڕایگه‌یاند، بۆ ئارامكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ یه‌په‌گه‌ و ده‌وڵه‌تی توركیا گرتووه‌. وه‌زاره‌ته‌كه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردبوو، دوای هێرشه‌كانی توركیا ئه‌وان به‌گومانن.

هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی تورك دوای كۆبوونه‌وه‌ی باڵای ڕووسیا، توركیا، فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا ده‌ستیان پێكرد كه‌ ڕۆژی ٢٧ی تشرینی یه‌كه‌م\٥ی گه‌ڵاڕێزان له‌ ئیسته‌نبووڵ به‌ڕێوه‌چوو.

قه‌سه‌ده‌ ڕایگه‌یاند، هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا بۆ سه‌ر كۆبانێ و گرێسپی به‌ واتای پشتگیری كردنی داعشه‌ و به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یان له‌ دێره‌زرۆ ده‌وه‌ستێنن.

s.m