٦ لایه‌نی سیاسیی عه‌فرین به‌یاننامه‌یه‌كیان بڵاوكرده‌وه
پارتە سیاسییەکانی هه‌رێمی عه‌فرین، داوا لە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی ده‌كه‌ن ئەرکی مرۆڤانە و ئەخلاقی خۆیان لەسەر عەفرین پێک‌بێنن و هەموو جۆرە زەختێک لە دەوڵەتی تورکیا بکەن بۆ ڕاگرتنی هێرشه‌كانی.
پارتە سیاسییەکانی هه‌رێمی عه‌فرین، داوا لە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی ده‌كه‌ن ئەرکی مرۆڤانە و ئەخلاقی خۆیان لەسەر عەفرین پێک‌بێنن و هەموو جۆرە زەختێک لە دەوڵەتی تورکیا بکەن بۆ ڕاگرتنی هێرشه‌كانی.
پارتە سیاسییەکانی عه‌فرین، ده‌رباره‌ی بارودۆخی عەفرین، ڕاگەیه‌ندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە. لەو ڕاگەیهندراوەكهدا هاتووە:
«لەکاتێکدا کە شەڕی سووریا چووه هه‌شته‌مین ساڵی خۆیەوە و لە دوای وێرانی، ئاوارەبوون و كوژرانی ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه، هەموو هەوڵدانێکی چارەسەری سەربازی لەنێوان ئەو لایەنانەی کە شەڕی یەکتری دەکەن، بێ ئەنجام ماوەتەوە. هەتا ئێستاش هه‌ندێک هەوڵدانی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرییەکی بەو جۆرە هەر بەردەوامە. بە تایبەتی لەدوای ئەوەی که هێزە تیرۆریستییەکان و بە تایبەتی داعش لە بەرانبه‌ر خۆڕاگری و قارەمانێتی هێزەکانی سووریای دێموکرات‌دا تێکچوون. ئامانجی ئەوان ئەوەیە که جارێکی دیكه هێزە تاریکەکان زیندوو بكه‌نه‌وه و ڕووبەرێکی دیکه لە خاکی سووریا داگیر بکەنەوە. ده‌یانه‌وێ لە نێوان پێکهاتەکاندا ئاژاوە و ئاڵۆزی دروست بکەن.»
له درێژه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا ڕوونیان كردۆته‌وه، هەرێمی ئێمەی عەفرین جێگه‌یه‌كی ئارامە و بە دەیان هەزار کۆچبەری شوێنەکانی دیکەی سووریا لەبەر شەڕ و ئاژاوە لێرە حەواونەتەوە و ئێستاش ئەو هەرێمه ڕووبه‌ڕووی شەڕ و کاولکاری هاتووە. ئەو هێرشە هۆڤانەیە لە ٢٠ی ژانوویەوە لە لایەن سوپای تورکیاوە دەکرێتە سەر عەفرین کە دووهەمین هێزی ناتۆیە. بە بەشداری ئەو چەتانەی کە بە ناوی ئیسلامەوە هێرش دەکەن، هاوپەیمانی و برایانی موسوڵمانی سووریا، هەروەها حکوومەتی کاتی سووریا و ده‌وڵه‌تی قەتەریش ڕەوایەتی بەو هێرشە دەدەن.
پارته‌سیاسییه‌كانی عه‌فرین ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن، لەو هێرشەدا هەموو جۆرە چەکێکی ئاسمانی و زه‌مینی بەکار هاتووه. بەهۆی ئەو هێرشانەوە به سەدان منداڵ، ژن و پیر شەهید و بریندار بوون. ترس و خۆف لەنێو هاووڵاتیاندا درووست بووە و ده‌یانه‌وێ بە زۆر لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەریان بکەن و ئاوارە بن.
له درێژه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا ڕه‌خنه‌ی تووند له بێ هه‌ڵوێستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی گیراوه و ڕایانگه‌یاندووه: ده‌یانه‌وێت ٣.٥ملیۆن ئاوارەی سووریا بێننە ئێرە و لە جێی دانیشتووانی ڕەسەنی ئێرە بەجێیان بکەن. لەگه‌ڵ ئه‌وه‌ی کە هەموو ئەو شتانە له پێش چاوی کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی ڕوو دەدەن، بەڵام هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ هه‌ڵوێستیان نییە. لێگه‌ڕاون وه‌ڵاتانی بێ دەرەتان، ڕووبەڕووی چارەنووس ببنەوە.
له كۆتایی به‌یاننامه هاوبه‌شه‌كه‌دا ئه‌و لایه‌نانه ڕایانگه‌یاندووه: ئێمە وەکوو پارتە سیاسییەکانی هەرێمی عەفرین، داوا لە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی، هەموو ڕێکخراوە حقوقی و مافی مرۆڤی، هەروەها هێزە نیشتیمانییەکانی سووریا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی دەکەین کە ئەرک و بەرپرسیاره‌تیی یاسایی، ئەخلاقی و مرۆیی خۆیان پێک بێنن و لە هەموو ڕێیەکەوە زەخت و گووشار لەسەر دەوڵەتی تورکیا بکەن کە هێرشە دڕندەکانی خۆی ڕاگرێت.
ئه‌و پارتانه‌ی ئه‌م به‌یاننامه‌یان بڵاوكردۆته‌وه بریتین له:
پارتیی یەکێتیی دێموکراتیی کوردی سووریا(یەکێتی)
پارتیی یەکێتیی دێمۆکراتی - په‌یه‌ده
پارتی دێمۆکراتیی پێشڤەڕۆی کوردی سووریا
پارتی دێمۆکراتی کورد لە سووریا
پارتی دێمۆکراتی کوردی سووریا(الپارتی)
ناوەندی په‌یوه‌ندیی دیبلۆماسیی ته‌ڤده‌م له عه‌فرین
ش. م