چه‌ند وێنه‌یه‌ك له‌ به‌ره‌ی شه‌ڕی دێره‌زۆر

هێزه‌كانی سووریای دیموكراتیك (قه‌سه‌ده‌) شه‌ڕێكی سه‌خت ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ته‌كانی داعش له‌ ناوچه‌ی هه‌جین-ی دێره‌زۆر ده‌ربكه‌ن.

قۆناغی دووه‌می هه‌ڵمه‌تی قه‌سه‌ده‌ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی «شه‌ڕی نه‌هێشتنی تێرۆر»دا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ١٠ی ئه‌یلوولی ٢٠١٨ ده‌ستی پێكرد. چه‌ته‌كانی داعش له‌ چه‌ند شوێنێكی سه‌ر سنووری عێراق و سووریا گیریان خواردووه‌.

هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ له‌ لای ڕۆژهه‌ڵاتی چه‌می فورات به‌ڕێوه‌ده‌چێت. له‌و ده‌ڤه‌ره‌ شارۆچكه‌كانی هه‌جین، شافا، سووسه‌ و باغۆز هه‌ن. هه‌جین دواهه‌مین شوێنه‌ كه‌ له‌ ده‌ستی چه‌ته‌كانی داعشدا ماوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ش گرینگی زۆره‌.

ڕه‌شه‌با و تۆز و خۆڵ كه‌ جار جار هه‌ڵده‌كات، كاریگه‌ری له‌ پێشڕه‌ویی شه‌ڕڤانانی قه‌سه‌ده‌ و پشتیوانیی ئاسمانیی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان كردووه‌. چه‌ته‌كانیش سوود له‌م دۆخه‌ وه‌رده‌گرن و هه‌وڵی هێرشكردن ده‌ده‌ن.

چه‌ند وێنه‌یه‌ك كه‌ له‌ لایه‌ن په‌یامنێرانی ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) گیراون، هه‌لومه‌رجی سه‌ختی شه‌ڕ له‌و ده‌ڤه‌ره‌ پیشان ده‌ده‌ن.

خۆڵبارین و ڕه‌شه‌با وه‌ها ده‌كات كه‌ مرۆڤ نه‌توانێت به‌رده‌می خۆی ببینێت. له‌به‌رئه‌مه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری شه‌ڕڤانان له‌نێو تۆز و خۆڵدان و ناچارن ڕووی خۆیان دابپۆشن.

سه‌ره‌ڕای هه‌لومه‌رجی سه‌ختی شه‌ڕ، شه‌ڕڤانێك دانه‌وێڵه‌ ده‌داته‌ كۆتره‌كان.

شه‌ڕڤانانی ژن و پیاو چه‌كی خۆیان پاك ده‌كه‌نه‌وه‌، فیشه‌كی ڕۆكێت جێگیر ده‌كه‌ن و ڕوو له‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕ ده‌كه‌ن.

له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا (هه‌ڵمه‌تی گه‌رده‌لوولی جزیر) یه‌كینه‌ تیمه‌تایبه‌ته‌كانی قه‌سه‌ده‌ هه‌ن كه‌ ڕوویان داپۆشیراوه‌.

s.m