چەتەکانى دەوڵەتی تورکیا هێرشیان کردە سەر شەهبا

چەتەکانى دەوڵەتى تورکیای داگیرکەر لە ماریە-وە هێرشیان کردە سەر ناوچەى فافین لە شەهبا.

بەپێى سەرچاوە هەرێمییەکان، گروپێک چەتەى سەر بە دەوڵەتى تورکیا بە چەکی هاوەن هێرشیان کردووەتە سەر ناوچى فافین لە کانتۆی شەهبا.

هێرشەکە لە کاتژمێر ٠٠:١٥ شەوی رابردوو ئەنجامدراوە و هاوەکان لە شوێنێکى نزیک لە کامپی بەرخودان-یان داوە، کە هەزاران هاووڵاتیى عەفرینی لەو کامپەدا دەژین.

هێرشی ئەو گروپە چەتەیە لە کاتێکدایە، کە دەوڵەتى تورکیا هاوکات بەردەوامە لە هێرشەکانى بۆ سەر کۆبانێ و گرێ سپی.

رژێمى ئەنقەرە لە ٢٨ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٨ەوە دەستیکردووە بە هێرشکردنە سەر خاکی رۆژئاوا و باکووری سوریا. بەهۆی ئەو هێرشانەوە زیانێکى زۆر بەر هاووڵاتییانى ئەو ناوچانە گەیشتووە لە هێرشەکانى دوێنێی سوپاى تورکیاى داگیرکەردا کچێکى منداڵی تەمەن ١٢ ساڵ بە ناوی سارا رەفعەت شەهید بوو.

ر.م