کۆمەڵکوژییەکی دیکە لە عەفرین ڕوویدا

باڵەفڕە شەڕکەرەکانی ئەرتەشی تورك لە عەفرین كۆمەڵكوژییەكی دیكەیان پێكهێنا و لە ئەنجامدا حەوت ئەندامی یەك خێزان شەهید بوون.

بەرە بەیانی ئەمڕۆ كاتژمێر ٠٣:٣٠، باڵەفڕە جەنگییەكانی سوپای تورك ناوەندی ناوچەی ماباتایان لە كانتۆنی عەفرین بۆردوومان كرد و دوای بۆردوومانەكەش ئەرتەشی تورکیا  تورك بە هاوەن دەستیان كرد بە تۆپبارانی ناوچەكە.

لە ئەنجامی ئەو بۆردوومان و تۆپبارانانەدا حەوت ئەندامی یەك خێزان شەهید بوون و زیانێكی زۆریش بەر ماڵوموڵكی هاوڵاتیان كەوتووە.

لە ئێستادا تەرمی ئەو حەوت هاوڵاتیە لەژێر داروپەردووی ڕووخاودایە و تیمەكانی فریاكەوتنی خێرا سەرقاڵی دەرهێنانی تەرمەكانن.

بەپێی زانیارییەكان، ئەو هاوڵاتیانە پێشتر بەهۆی هێرشی چەتەكانی سەربە دەوڵەتی تورك ئیدلیب-یان جێهێشتوە و ئاوارەی عەفرین بووبوون و لەوێ‌ نیشتەجێی بوون.

ئێوارەی ٢٠ی ئەم مانگە دەوڵەتی تورك بە ئامانجی داگیركردنی عەفرین هێرشی زەمینی و ئاسمانی بۆ سەر عەفرین دەستپێكرد، دەوڵەتی تورك تا ئێستا نەیتوانیوە خاكی عەفرین داگیربكات، هەربۆیە شوێنی هاوڵاتیان بۆردوومان دەكات بۆ ئەوەی ناوچەكانی خۆیان جێبهێڵن.

بەهۆی بەردەوامی هێرشەكانی دەوڵەتی تورك بۆ سەر عەفرین ژمارەی قوربانییەكانی مەدەنی بەردەوام بەرزدەبنەوە، تا ئەمڕۆ و بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان ٤٣ هاوڵاتی شەهیدبوون و زیاتر لە ١٠٠ هاوڵاتیش دیكەش بریندار بوون، كە زۆرینەی ژن و منداڵن.