دەیان خێزانی ئێزدی گەڕانەوە شەنگال

٥٩ خێزانی ئێزدی لە کەمپەکانی باشوری کوردستانەوە، گەڕانەوە شەنگال.

ڕۆڵەکانی جڤاکی ئێزدی لە کەمپەکانی باشوری کوردستان بەردەوامن لە گەڕانەوە بۆ شوێنەکانیان لە قەزای شەنگال، پاش ئەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال پێویستییە سەرەکییەکان و ژێرخانی بەشێک لە گوند و شارەکانی بۆ گەڕانەوەیان ئامادەکردووە.

چەتەکانی داعش لە ٢٠١٤ هێرشێکی فراوانیان کردە سەر قەزای شەنگال، بەهۆیەوە هەزاران ڕۆڵەی ئێزدی ڕووبەڕووی کوشتن و دەستگیرکردن بوونەوە، پاش ڕزگارکردنی شەنگال، بەشێک لە دانیشتووان گەڕانەوە بۆ قەزاکە.

زۆربەی ئاوارەکانی شەنگال لە کەمپەکانی دهۆک و هەولێری ژێردەستی پەدەکە نیشتەجێ بوون، بۆیە پەدەکە لە چەندین پرسدا ئێزدییەکان بەکاردەهێنێت، بەتایبەت لە پرسی هەڵبژاردن.

سەرەڕای ڕێگریی و هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و سیاسەتەکانی پەدەکە، بەڵام ئێزدییەکان سورن لەسەر گەڕانەوە بۆ شەنگال.  

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز: "پاش ئەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە مرۆییەکان پێویستییە ڕۆژانەییەکان و ژێرخانی بەشێک لە گوند و شارەکانی ئامادەکردووە، گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شار و گوندەکانی شەنگال دەستیپێکردووە، هەر لەم چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ ٥٩ خێزانی ئێزدی لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانەوە گەڕانەوە بۆ شەنگال".

خودێدا چوکێ، بەڕێوەبەری شارۆچکەی سنونێ، بانگەواز لە هەموو ئێزدییەکانی نێو کەمپەکان دەکات بگەڕێنەوە بۆ شەنگال، هەروەها داوا دەکات ڕێکخراوە مرۆییەکان هاوکاربن بۆ ئەم مەبەستە.