کەجەکە لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی نامەیەکی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نارد

کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی کەجەکە، لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، نامەیەکی بۆ نوێنەری وڵاتانی رۆژئاوا لە هەولێر و سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمکاری عەرەبی و رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی نارد.

بە ناوی کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی کەجەکە رۆنی سەردەم نامەیەکی بۆ نوێنەرانی ئەمریکا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، کانادا، بەریتانیا، هۆڵەندا، رووسیا و زۆر وڵاتی دیکە لە هەولێر، نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا و ئانتۆنیۆ گۆتیرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمکاری عەرەبی و پارتە سیاسیەکانی هەرێمەکە نارد.

لە نامەکەدا بە شێوەیەکی فراوان باسی  تاوانی جەنگی دژ بە مرۆڤایەتی کراوە کە دەوڵەتی تورک ئەنجامی داوە و رەخنە لە بێهەڵوێستی هێزە پەیوەندیدارەکانی، پەیوەست بەو تاوانانەی دەوڵەتی تورک گیراوە.

کەجەکە داوای کرد کە لە دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و هێرشی داگیرکاری لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بێدەنگ و بێ هەڵوێست نەبن و هۆشداریشیدا کە هێرشەکانی داگیرکاری ناوچەکە نائارام دەکات و ئەگەر ڕێوشوێن نەگیرێتە بەر، ئەوا ئەنجامی مەترسیداری بۆ هەمووان دەبێت.

کەجەکە سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ "بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە" ڕاکێشاوە و داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەتایبەتی کردووە، "بەکارهێنانی ئەو چەکانەی کە رێکخراوەکە قەدەغەی کردووە، بە ئاشکرا دژی پێوانە و پەیمانە نێودەوڵەتیەکانە."

لە نامەکەی کەجەکەدا هاتووە، "لە ڕابردوودا کاتێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک سوریا و عێراق چەکی کیمیاییان بەکارهێنا، بینیمان کە رێکخراوەکەتان، چەندین وڵاتانی جیهان و ڕای گشتی بە خێرایی و بە توندی کاردانەوەیان هەبوو، بەڵام بەداخەوە کاتێک ئەو چەکە قەدەغەکراوانە بە شێوەیەکی بەردەوام لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە سوریا و عێراق و تورکیا بەکار دەهێنرێن، هەمان هەڵوێستمان نەبینی".

لە نامەکەدا وەبیر هێنرایەوە کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩دا لە سەرێکانیێ فۆسفۆر سپی بەکارهێنراوە و بەهۆیەوە چەندین هاوڵاتی مەدەنی بریندار بوون، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان دوای ئەو تاوانە، تورکیای ئیدانە و سزا نەداوە.

کەجەکە ڕایگەیاند، کە ئەم بێدەنگییە، وایکرد دەوڵەتی تورک، لە ٢٣ی نیسانی٢٠٢١ەوە، لەدژی باشوری کوردستان، لەدژی هەپەگە چەکی کیمیایی بەکاربهێنێت. کەجەکە وتی، " ماوەی پێنج مانگە هێرشی داگیرکاریی لە تونێلەکانی بەرخۆدانی گەریلا و دەوروبەری دەیان گوندی نزیک ئەو ناوچانە ئەنجام دەدرێت و بە بەردەوامی لەو هێرشانەدا چەکی کیمیایی بەکاردەهێنرێت.

لە درێژەی نامەکەدا هاتووە" بەداخەوە ناچارین لە ئەنجامی هاوکاری لەگەڵ تورکیا لێدوان لەسەر ئەم بێدەنگییەی دەوڵەتان و نەتەوە یەکگرتووەکان بدەین. بۆیە تا ئێستا چەندین تاوانی دەوڵەتی تورک پشتگوێ خراون و هیچ شتێک لە دژی ئەو وڵاتە نەکراوە. حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە چەندین جار تاوانی جەنگی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیان ئەنجام داوە، وەک بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەک وڵاتێکی ئاسایی دیموکراتی وەک دەستبەرێکی شەرعی سەیر دەکرێت."

لە رێگەی ئەم نامەیەوە کەجەک،  ڕاپۆرتێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) سەبارەت بە تاوانەکانی دەوڵەتی تورک پێشکەش کرد، کە پێشتر ئامادەکرابوو.

کەجەکە وتیشی:"لەبەرئەوەی چەندین تاوانی تورکیا بە شێوەیەکی بەرفراوان بە بەڵگەکراوە، کاتی ئەوە هاتووە ئەم وڵاتد بە ئاشکرا ئیدانە بکرێت و بەرپرسانی دەوڵەتی تورک دادگایی بکرێن".

لە کۆتایی نامەکەی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکەدا هاتووە،" ئێمە دەزانین کە ئێوە وەک نەتەوە یەکگرتووەکان لە نزیکەوە چاودێری بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورک و کاریگەری توندی هێرشی داگیرکاریی سەر هاوڵاتیانی مەدەنی دەکەن. ئێمە باوەڕمان وایە کە ئێوە هەوڵەکانی خۆتان بۆ ڕاگرتنی ئەو تاوانانەی دەوڵەتی تورک زیاتر دەکەن. ئێمە باوەڕمان وایە کە ئێوە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە شەرمەزار دەکەن، کە ئەو هەنگاوانەی ئێوە دەستبەجێ گیانی هاوڵاتیان ڕزگار دەکات، ئەوەش متمانە بە ڕێکخراوەکەتان زیاد دەکات و کاریگەری پەیماننامەکانی نێودەوڵەتی زیاتر دەبێت."

ف.ق