لە هەولێر دەستگیرکراوێک ژیانی لەدەستدا

هێزەکانی پەدەکە زیرەک عەلی محەمەدیان لە هەولێر دەستگیرکرد، دوو کاتژمێر دواتر بە تەلەفۆن بە بنەماڵەیان راگەیاند کە بچن و تەرمی کوڕەکەیان لە پزیشکی دادوەری وەربگرنەوە.

دوێنێ نیوەڕۆ لە هەولێر کەسێک بە ناوی زیرەک عەلی محەمەد تەمەن ٤٠ ساڵ کە لە خواردنگەیەک کاری دەکرد لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە رفێندرا. دوای دوو کاتژمێر بە بنەماڵەکەی وترا کە زیرەک گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەی لە پزیشکی دادوەری هەولێرە.

برای زیرەک بە ناوی زانا سەبارەت بە رووداوەکە رایگەیاند: براکەم کاتێک لە سەر کارەکەی بوو لە لایەن بنکەی ئاسایشی سەیداوەوە دەستگیرکراوە. دواتریش وتوویانە تەرمەکەی لە پزیشکی دادوەریە. لە مردنی براکەمان بە گومانین. ئاسایش لەو رووداوە بەرپرسە".

زانا محەمەد هەروەها ئەوەشی خستەڕوو تا هۆکاری مردنی براکەیان نەزانن تەرمەکەی وەرناگرنەوە. زانا محەمەد وتی، ئەگەر هۆکارەکە روون نەکەنەوە تەرمەکە دەبەن بۆ پزیشکی دادی سلێمانی.

هـ . ب