شاندێكی بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی كوردستان سەردانی تەڤگەری ئازادی کرد

لە کەرکوک، شاندێكی بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی كوردستان، سەردانی ئەنجومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستانی کرد.

ئەمرۆ لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان شاندێكی بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی كوردستان كە پێكهاتبوو لە بەرپرسانی کەرکوکی ئەو بزوتنەوەیە، سەردانی ئەنجومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستانیان کرد، بەمەبەستی داواکردن لە تەڤگەری ئازادی بۆ بەشداریکردن لە بەرەیەک کە پێکهاتووە لە حزبە کوردستانیە چەپەکان.

شاندەکەی بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، لەلایەن بەڕێزان (شیرین عەبدوڵا هاوسەرۆکی ئەنجومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی و ئەندامانی دەستەی بەرێوابەریەتی)ەوە، پێشوازیان لێکرا.

لەدیدارەکەدا جەخت لەسەردۆستایەتی نێوان هەردوولا کرایەوە و بیروڕا ئاڵوگۆر کرا دەربارەی دۆخی سیاسی و گوزەرانی هاوڵاتیان و دوا پێشهاتەکانی عێراق و مەسەلەی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکانی شارەکە. هەروەها باس لە گرنگی پێکهێنانی بەرەیەک کرا کە پێکهاتبێت لە حزبە چەپەکان، هەروەها جەخت کرایەوە لەبەردەوامیدان بە پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هەردوولا.

لەلای خۆیەوە حسێن جەباری بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەنجومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەلگای کوردستان، سەبارەت بە سەردانی بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) وتی،"ئەمڕۆ شاندێکی بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان سەردانی بارەگای ئەنجومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان کرد بە مەبەستی دروستکردنی بەرەیەک کە پێکهاتووە لە حزبە کوردستانیە چەپەکان وەکو (زەحمەتکێشان، شیوعی و بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان)."

سەبارەت بەناوەرۆکی کۆبوونەوەکە، حسێن جەباری ڕایگەیاند: " لەم کۆبوونەوەیەدا باسمان لە قەیرانەکانی شارەکە کرد و جەختمانکردەوە لەسەر یەکرێزی کورد و چارەسەرکردنی قەیرانەکان، لەشاری کەرکوک چەندین قەیرانی جیاواز هەیە وەکو قەیرانی ئەمنی و خزمەتگوزاری و زۆربوونی کێشە کۆمەڵایەتیەکان و چەندین قەیرانی دیکە و هیوادارین ئەم کۆبوونەوانە بۆ چارەسەکردنی قەیرانەکانی شارەکە بەردەوامی هەبێت تا بتوانین لەگەل ئەم بەرەیە کارێک ئەنجام بدەین بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کەرکوک."

هەروەها سەبارەت بەیەکرێزی حزبە کوردستانیەکانی شاری کەرکوک، حسێن جەباری وتی: " بەردوام لەنێوان حزبە کوردستانیەکانی شارەکە کۆبونەوە ئەنجامدراوە بەڵام بێ ئەنجام بووە. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حزبە کوردستانیەکان یەکریز نین، هۆکارێکی دیکەی بێ ئەنجامی کۆبوونەوەی حزبە کوردستانیەکانی کەرکوک دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی نوێنەری حزبەکان دەگەڕێنەوە سەروی خۆیان لە هەولێر و سلێمانی کە ئەوانیش بۆ بەرژەوەندی خەڵکی کەرکوک کارناکەن."

لەکۆتایدا حسێن جەباری بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەنجومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان وتی: "پێشتر ئێمە وەکو تەڤگەری ئازادی لە شاری کەرکوک پرۆژەی خۆمان هەبوو بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکانی کەرکوک، هۆکاری بەردەوامی قەیرانەکان ئەوەیە کە شاری کەرکوک لەلایەن هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان وجحکومەتی ناوەندی عێراقەوە پشتگوێخراوە، ئامانج لە دروستکردنی ئەم بەرەیەی حزبە کوردستانیە چەپەکانی شاری کەرکوکیش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵکە کە بتوانین نوێنەرایەتی خەڵک بکەین و کێشەکان چارەسەر بکەین."

ف.ق