ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی: هەر لایەنێک کەمتەرخەمبووە لە ڕادەستکردنی شەنگال دەبێت بە سزای خۆی بگات

بەڵیسە جەبار فەرمان ئەندامی سەرکردایەتی یەكێتی داوا دەکات تاوانباران و ئەو کەسانەی کەمتەرخەمبوون لە رادەستکردنی شەنگال بە داعش بە سزای خۆیان بگەیەنرێن.

بەبۆنەی هاتنەوەی ڕوفاتی ١٠٤ هاوڵاتی کۆمەڵکوژی گوندی کۆچۆی سەر بە شەنگال ئەمرۆ بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامی سەرکردایەتی یەكێتی نیشتیمانی کوردستان، لە پەرەی تایبەتی خۆی لە توێتەر ڕایەگەیاند:" تاوانباران دادگایی بکەن نیشتیمان لە چاوەروانی قوربانیانی شەنگال تەنھا دەست لەسەرسنگ لە چاوەروانی ڕوفاتی شەھیدەکانی کۆجۆدا راوەستان بەس نیە. نابێت کەیسی ئێزیدیەکانیش وەکو ئەنفال و جێنۆسایدی فەیلیەکان و چەندەھا تاوانی تری دژ بە گەلەکەمان ھەروا بێ دادگاییکردنی تاوانباران بگوزەرێت".

"کورد تەنها گەلە  لە دوای شۆرش سیخور و خۆفۆرشان سزا نادات"

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا:" کورد تەنھا گەلە، لە دوای شۆڕشەکانی ھیچ سیخۆڕ و خۆفرۆشێکی لە دادگای گەلدا، دادگایی نەکردوە.  تەنیا گەلە دوای ئەو ھەموو تاوانەی کە بەرامبەری ئەنجام دراون ھیچ تاوانبار و کەمتەرخەمێکی دادگایی نەکردوە".

"با جینۆسایدی ئێزیدیەکان بەھەمان دەردی تاوانەکانی تر نەڕوات"

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەكێتی ئاماژە بەوەش دەکات کە دوای تێپەبوونی ٣٣ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالدا،رزگاربوان ھەر لە چاوەڕوانی دادگاییکردنی مستەشارەکاندان. وتیشی"تکام ئەوەیە جینۆسایدی ئێزیدیەکان بەھەمان دەردی تاوانەکانی تر نەڕوات. دادگای تایبەت بەو تاوانە دروست بکرێت و ھەر لایەنێک کەمتەرخەم بووە لە ڕادەست کردنی شەنگال بە سزای خۆییان بگەیەنرێت."

کۆمەڵکوژی شەنگال لە ٣ ئابی ٢٠١٤دا لەلایەن چەتەکانی داعش ئەنجامدرا و لە دوای ئەوەی هەر یەک لە هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و سوپای عێراق شەنگالیان بەجێ هێشت و ڕادەستی چەتەکانی داعشیان کرد، لەدوای کۆمەڵکوژی قەزای شەنگال، دوای ١٣ ڕۆژ چەتەکان بەهەمان شێوە، هاوڵاتیانی گوندی کۆچۆی سەر بەقەزای شەنگالیان کۆمەڵکوژ کرد.

لە ئیستادا نزیکەی ٧ ساڵ تێپەر دەبێت بەسەر کۆمەڵکوژی گەلی ئێزدیدا بەڵام تا ئیستا هیچ بەپرسێکی سەربازی یاخود ئیداری بە تاوانی ڕادەستکردنی گەلی ئێزدی بە داعش سزا نەدراوە، بەڵکو ئیستا پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی عێراقی، بە هاوکاری تورکیا لە هەوڵدان ئەو کەسانەی کە پێشتر  تۆمەتبارن بە ڕادەستکردنی داعش جارێکی تر  بیانگەڕێننەوە بۆ شەنگال و بیانکەنە بەرپرسی ئیداری وسەربازی شەنگال. 

ف.ق